بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرسی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر به دۆلاری ئەمریكی و كاریگەرییەكانی له‌سه‌ر گرانبوونی بازاڕ‌و گفتوگۆكردن لەسەر رێژەی باج، ، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری له‌په‌ڕله‌مانی كوردستان كۆبووەوە.
له‌ڕاگه‌یاندراوێكدا ، لێژنه‌كه بڵاوی كرده‌وه ، كه سەرەتا كارنامەی كۆبوونەوەكه خوێندرایەوە كە تایبەت بوو بەتاووتوێكردنی پرسی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر به دۆلاری ئەمریكی و كاریگەرییەكانی له‌سه‌ر گرانبوونی بازاڕ‌و گفتوگۆكردن لەسەر رێژەی باج.
لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری له‌په‌ڕله‌مانی كوردستان ڕاشیدهگهیهنن ، سەبارهت به‌پرسی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر به‌دۆلاری ئەمریكی گفتوگۆی ورد كرا‌و لیژنەكه پێیان وابوو كه له‌و بڕیاره‌ى بانكی ناوه‌ندی عێراقدا رەچاوی چینی هەژاران نەكراوەو به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه زیانیان بەردەكەوێت.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن ، كه لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا لیژنەكه پێشنیازی ئه‌وه دەكات لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی داهاتی حكومەت خۆی دەگونجێنێت بۆ پێدانی مووچەی مانگانەو گرانبوونی بازاڕ دەبێ بیر لەپێداچوونەوە بەسیستەمی وەرگرتنی باج بكرێت، بەشێوەیەك له رێگەی كەمكردنەوەی باج و هاوسەنگی بازاڕ رابگیرێت تاوەكو چینی هەژارانیش توانای بازاڕكردنیان هەبێت.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكهشدا چەند پێشنیازێك گفتوگۆی لەسەر كرا، له‌وانه كەمكردنەوەی باج لەسەر خۆراك و كەلوپەلی رۆژانەی هاووڵاتییان و چاودێریكردنی وردی بازاڕ لەلایەن وەزارەتی بازرگانی بۆئەوەی رێگە لەبەرزبوونەوەی نرخ بگرن، رێگه‌نه‌دان به‌به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی سووتەمەنی و هەریەك لەوەزارەتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بازرگانی و پیشەسازی بایەخ بەبەرهەمی ناوخۆیی بده‌ن.
دارشتنهوهى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.