Erbil 7°C شەممە 08 شوبات 14:19

وەزارەتی شارەوانی هانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەدات لە هه‌رێمی کوردستان کار بکەن

کوردستان TV
100%


 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس، سیمینارەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی (جایکا) سەبارەت بە ناساندنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ دروستکردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان و رەوشی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بەڕێوە چوو كە نزیكەی سەد کەس لە کۆمپانیاکانی ژاپۆنی بەشدارییان تێدا کرد، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش گوتارێكی پێشكەش كرد، هەروەها لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە سکرینێک بە مەبەستی پێناسەی هه‌رێمی کوردستان لە رووی جیۆگرافی، سیاسی، ئابووری، ئه‌منی، ئیداری و دوایین زانیاری لەسەر رەوشی كۆرۆنا، پێشكەش كرا.

لایەنی ئاژانسی (جایکا) پێك هاتبوون لە، تۆیۆما بەڕێوەبەری ئۆفیسی عێراقی ئاژانسی جایکا، یۆشیکاوا بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای ئاژانسی جایکا، و نوێنەرانی چەند وەزارەتێکی ژاپۆنی پەیوەندیدار و نوێنەرانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان. هەروەها هەر یەك لە ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئەندازیار ئیسماعیل ئیبراهیم ئەحمەد بەڕێوەبەری تیمی بەڕێوەبردنی پرۆژەكانی قەرزی ژاپۆنی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە پێشكەشكردنی گوتار بەشداربوون و بە وردی باسیان لە دۆخی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان كرد.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای بەڕێوەچوونی سیمینارەكەدا لە گوتارێكدا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی سیمینارەكە راگەیاند و گوتی: هەرێمی كوردستان شوێنێكی جوگرافیایی گرنگە و لە رووی ئاساییشەوە، سەقامگیرییەكی تەواوی هەیە، ئەمەش كاریگەریی كردووەتە سەر ئەوەی كۆمپانیا بیانییەكان و خۆماڵییەكان ئێرە هەڵبژێرن، بۆیە جموجۆڵێكی زۆری بازرگانی و رەخساندنی هەلی كاركردنی تێدایە بۆ كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەكان. ئاماژەی بە سیاسەتی حكوومەت كرد بۆ هاندانی كۆمپانیا بیانییەكان بە مەبەستی رەخساندنی هەلی كاركردن و رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت، هانی کەرتی تایبەت دەدات بە رەخساندنی هەلی کارکردن بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری وڵاتەكەمان. جەختیشی كردەوە حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی باش بۆ کارکردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی کوردستان.

هەر لەو سیمینارەدا، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا بە وردی رەوشی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو، هەروەها ئەو پلانانەی چاوەڕێ دەكەن لە داهاتوودا بە هاوكاریی كۆمپانیا ژاپۆنییەكان جێبەجێی بكەن، تاوتوێ كرد.

دواتر ئیسماعیل ئیبراهیم ئەحمەد بەڕێوەبەری تیمی بەڕێوەبردنی پرۆژەكانی قەرزی ژاپۆنی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، لە چەند سلایدێكدا بە شێوەیەكی گشتی پێناسەیەكی هەرێمی كوردستانی و هەولێر بە تایبەتی لە ڕووی جیۆگرافی، مێژوویی، ئابووری و تەناهییەوە پیشان دا و تێیدا جەختی لە سەقامگیریی لایەنی ئه‌منیی و لەباریی دۆخی كاركردن كردەوە و دوایین ئاماری كۆرۆناشی خستە ڕوو كە چۆن حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە رووبەڕووبوونەوەی دۆخەكەدا سەركەوتوو بێت.

پاشان كۆمپانیا ژاپۆنییەكان پرسیارەكانی خۆیان خستە ڕوو كە لەلایەن ئەندازیار ئیسماعیل ئیبراهیم وەڵام درانەوە و كۆتایی بە سیمینارەكە هات.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.