ژمارەیەک وڵاتی جیهانی و عهرهبی، ئەو ھێرشە مووشەکییەیان ئیدانە کرد کە شەوی رابردوو بۆ سەر ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا ئەنجامدرا.
دوێنێ یەکشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند کە گرووپێکی دەرچوو لە یاسا، ھەشت مووشەکی لە باشووری بەغداوە ئاراستەی ناوچەی سەوز کردووە.
پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاندبوو کە سەرجەم ئەو مووشەکانەی ئاراستەی ناوچەی سەوزکران لە رێگەی سیستهمی بەرگریی باڵیۆزخانەکەوە پووچەڵکراونەتەوە.
لەمبارەیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، ستیفن ھیکی رایگەیاند، ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە دژبە نێردە دیپلۆماتییەکان ئەنجام دەدرێن، دەبنە ھۆی تۆقاندنی دانیشتوانی بەغدا، ھەروەھا ترساندنی وەبەرھێنەران، جگە لەوەیش ململانێیەکان لە ناوچەکە زیاتر دەکەن.
ستیفن ھیکی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی تا ئەو کاتەی گرووپە چەکدارەکان بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە، بێ ئەوەی بەپێی یاسا سزا بدرێن، ئەوا عێراق نابێت بە وڵاتێکی سەقامگیر.
ھەر لەوبارەیەوە رێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کە لە 57 وڵات پێکھاتووە رایگەیاند کە ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستە دەکات کە شەوی رابردوو کراوەتە سەر ناوچەی سەوز.
رێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی لە راگەیەنراوێکدا، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو رێوشوێنانە دووپاتکردووەتەوە کە حکوومەتی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی گرتوویەتیەبەر.
ھاوکات ههریهك له وەزارەتی دەرەوەی سعودییه و ئیمارات و ئۆردن و قەتەر له بهیاننامهی جیادا رایانگەیاند کە ھێرشەکەی سەر ناوچەی سەوز بەتوندی ئیدانە دەکهین و پاڵپشتی لەو رێوشوێنانە دەکهن کە حکوومەتی عێراق دهگرێتهبهر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سەروەریی و پاراستنی ھاووڵاتیانی بیانی.
هاوكات ئهم هێرشه بەکردەیەکی تیرۆریستی وەسف دهكهن و پاڵپشتیی خۆیان بۆ حكوومهتی عێراق دهربڕی لە رووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەو گرووپانەی کە ئاسایشی گەلی عێراق دەکەنە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.