سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی له نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كى باشى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى عێراقدایه، هه‌روه‌ها پشتگیریى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانى بۆ گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا ده‌ربڕى و هیواى خواست كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و پێ‌زانین بۆ ڕۆڵى گرنگى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، هیواى خواست له هاندانى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ سه‌ركه‌وتنى گفتوگۆكان به‌رده‌وام بێت و له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیاندا هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بێت.
به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه چاره‌سه‌ركردنى یه‌كجاره‌كى و گشتگیرى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كلیلى سه‌قامگیریى عێراق و پێكه‌وه‌ژیانه و به ڕه‌چاوكردنى دۆخى سه‌ختى وڵات و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌مى، ده‌بێ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه عێراقییه‌كان به گیانێكى به‌رپرسانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر و ڕێككه‌وتنه‌كانیش جێبه‌جێ بكرێن.
دۆخى سیاسى، ئه‌منى، ته‌ندروستى و ئابووریى عێراق، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى وڵات، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى مایه‌ى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.