Erbil 25°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 00:30

مەسرور بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان: با بەیەکەوە لەژێر سایه‌ی ئاڵای کوردستان بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین

کوردستان TV
100%


بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاڵا بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/12/17 بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. 
لە ڕێوڕەسمەکەدا ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و تێێدا ئاماژەی بەوەدا “کە لە سەر هەموومان ئەرک و پێویستە ئەم ئاڵایە بەرز ڕابگرین و نەهێڵین بە هیچ شێوەیەک شکۆی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بشک”.
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەیانیتان باش 
رۆژی ئاڵا لە ئێوەی بەڕێز، پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت. ئەم ئاڵایە، هێما و سیمبوولی خەبات و قوربانیدان و پێناسەی نیشتمانیی گەلەکەمانە. ئەم ئاڵایە بووەتە دوابەرگی جەستەی هەزاران شەهید.
ئەم ئاڵایە لەکاتێکدا لەلایەن پێشەوا قازی ڕادەستی سەرۆکی نەمرمان مستەفا بارزانی کرا، دواتر لەسەر لووتکەی شاخەکانی کوردستان هەڵکرا و بەرز ڕاگیرا. لەژێر رابەرایەتی و سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی هەر ئەو ئاڵایە، لە کۆشک و تەلار و پایتەختی وڵاتانی دنیا هەڵکرا و رێزی لێگیرا.
ئەم ئاڵایە، هێمای نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموومانە، هێمای پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی هەموو خەڵکی کوردستانە، ئەم ئاڵایە بووەتە هێمایەک بۆ پێناسەکردنی پێکەوەژیانی گەلان لە کوردستان و هێمایەک بۆ هەموو ئەو ئازادیخوازانەی پەنایان هیناوەتە بەر کوردستان، چونکە کوردستان بە خاکی پێکەوەژیان و و ئاشتی و ئازادی ناسراوە.
لەسەر هەموومان ئەرک و پێویستە ئەم ئاڵایە بەرز رابگرین و نەهێڵین بە هیچ شێوەیەک شکۆی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بشکێ. داوام لە نەوەی داهاتوو و گەنجانی ئێمە ئەوەیە: بزانن لەپێناو ئەو ئاڵایە و شکۆی نەتەوەییمان، چ قوربانییەک دراوە. شکۆی نەتەوەییمان شتێکە نە بە پارە دەکڕدرێت و نە دەفرۆشرێت، شکۆیەکە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە دی.
من لێرەوە دەستخۆشی لە هەموو پێشمەرگە قارەمان دەکەم و دەستی دایکی هەموو ئەو شەهیدانە ماچ دەکەم، کە لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە خەباتێکی بێوچانیان کردووە و قوربانیی زۆرتان داوە. شانازی بە بوونی خۆمان دەکەین کە لەژێر سایەی ئەم ئاڵایە بتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمانمان.
داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و لە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە کوردستان دەکەم، لە ژێر سایەی ئەم ئاڵایەدا، بەیەکەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین و خەبات بکەین بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بۆ هەموو ئەو گەل و نەتەوانەی لە کوردستاندا دەژین.
سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەم و دەستخۆشیتان لێدەکەم، هەر سەرکەوتوو و سەلامت بن و ئاڵای کوردستانیش هەر بەرز و شەکاوە بێت.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.