Erbil 18°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 06:29

محەمەد حەلبوسی: پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هه‌رێم و بەغدا دەکات

کوردستان TV
#7
100%

شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد.

لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوارەی ئەمڕۆ (16 كانونی یەكەمی 2020) شاندی باڵای حکومەتی هەرێم، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەردوو جێگرەکەی، و سە‌رۆكی لیژنە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان، لە هۆڵی دەستوریی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەكیان ئە‌نجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات، لە بەرامبەریشدا داوای كرد ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌ران ھاوكار بێت بۆ جێبە‌جێ كردنی یاساكە‌ و دابینكردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان.

لە دوای وتەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دانووستانەکانی هەرێم و بە‌غدا پێشكەش كرد و لەمبارەیەوە گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، ئەو چارەسەرەش خۆی لە پابەندبوونی هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.