Erbil 22°C دووشەممە 30 ئەیلوول 20:21

مەکتەبی سیاسی پارتی له‌ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان په‌یامێکی بڵاوکرده‌وه‌‌

کوردستان TV
#7
100%

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 68 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان په‌یامیكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه رایگه‌یاند: پێویستە بە هەموو لایەك و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەوە بەرپرسانە و دڵسۆزانە ئەرك و كارەكانی سەرشانمان بەجێبگەیەنین‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەڕێز د.ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان..

بەڕێزان هەڤاڵانی مەكتەبی سكرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵا..

ئەمڕۆ (68) ساڵ بەسەر  دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان تێدەپەڕێت، بە شانازیەوە لەو رۆژەدا كاروانی خەبات و گیانفیدایی ئەو رێكخراوە پیشەییە دەخەینەوە بەردیدە و زەین کە سەرتاپای كاروانی چالاكیەكانی پڕ بەخشش و دەسكەوت بووە.

یەكێتی ئافرەتانی كوردستان پێش (68)ساڵ بەبڕیارو رێنوێنی بارزانی نەمر دامەزرا، وەكو دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕش و بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و توێژی ئافرەتان، هەنگاو بەهەنگاو ماف و داخوازیەكانی ئافرەتانی كوردستانی بەرجەستە دەكرد.

توێژی ئافرەتان پانتاییەكی بەرفراوانیان لە كۆمەڵگەدا گرتووە، بۆیە خاوەن كۆمەڵێک ئەرك و كاری ئەوتۆن سەنگ و كاریگەریان هەیە بەسەر پەروەردە و پێشكەوتن و بونیاتنانی ئایندەی نەوەكانمان، هەروەها بە درێژایی خەباتی نەپساوەیاندا قوربانی زۆریان داوە، بۆیە رۆڵی بەرپرسانەی یەكێتیەكەتان زۆر گرنگ و بایەخدارە، بەتایبەتی لە رووی تێكۆشانی پیشەیی و كۆمەڵایەتیەوە.

لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆشماندا، پێویستە بە هەموو لایەك و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەوە بەرپرسانە و دڵسۆزانە ئەرك و كارەكانی سەرشانمان بەجێبگەیەنین بۆ پتەوكردنی پێگەکانی ئەو قەوارەیە و سەقامگیریی و فەراهەمكردن و باشتركردنی ئاستی بژێوی و  خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان.

بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و گشت کادیر و ئەندامانی یەکێتیەکەتان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان دەكەین و، هیوادارین هەمیشە هەر سەركەوتوو بن لە هەوڵ و  كۆشش و كاروچالاكیەكانتان بۆ دابینكردنی ئازادی و یەكسانی و گەیشتن بە گشت مافەكانتان.

جارێكی دیكەش پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ ئێوە و یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین دەستكەوتی زیاتر لە كاروباری رێكخراوەییتان بۆ توێژی ئافرەتان بەدەست بێنن و ھەمیشە پێشەنگی  چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتی ئافرەتان و بەدیهێنانی سەرجەم مافە رەواكانیانبن.

هەر سەركەوتوو بن.. هەردەم لە پێشكەوتن دابن
 
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11/12/2020

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.