Erbil 20°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 02:34

بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە کرایەوە گرفتی کەمئاویی سەدان هەزار هاووڵاتی چارەسەر کرا

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ پێنجشەممە (10ی کانوونی یەکەمی 2020) بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، کلێمنس سەمنتەر کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا، ئۆلیڤەر دیکۆتیگنەس کونسوڵی گشتیی کۆماری فەرەنسا، بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی، پرۆژەی ئاوی فایدە لە پارێزگەی دهۆک کرایەوە  کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی دابین کراوە. 
ساسان عەونی: پرۆژەی ئاوی فایدە بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار تەواو بووە، بەشێکی دیکەیە لە گرینگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سێکتەری ئاو کە لە پێشەوەی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و مانگانە بۆ ئەم سێکتەرە بڕی زیاتر لە ( ١٢ ملیار) دینار خەرج دەکات. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێش کردنەوەی پڕۆژەکە لە گوتارێکدا ڕای گەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆکی دەلال كۆبووینەوە بۆ دەستپێکی كردنەوە و کارکردنی (پڕۆژەی ئاوی فایدەی ستراتیژی)  کە لەلایەن ڕێکخراوی GIZ  ئەڵمانی جێبەجێکراوە. پڕۆژەکە بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار و لە ماوەی ١٠٣٤ ڕۆژدا تەواوکراوە و ئەو كەسانەی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژیەدا سوودمەند دەبن، زیاتر لە (٢٠٠ هەزار) كەس دەبن و بەسەر هەشت شارەدێ و كۆمەڵگە و كەمپی ئاوارە و شوێنەکانی تری نیشتەجێبوون دابەشبوونە، هەر لە فایدە و كۆمەڵگەی شاریا و سەربازگەی ئازادی، تا دەگاتە هەردوو كامپی ١و٢ی ئاوارەكانی سووریا و كامپی كەورتۆ. 
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ڕاشیگەیاند: سێکتەری ئاو لە ڕیزبەندی پێشەوەی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و مانگانە بۆ ئەم سێکتەرە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە ( ١٢ ملیار) دینار خەرج دەکات. 
سەبارەت بە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە، گوتیشی: دیدگای جەنابی سەرۆکی حکوومەت، بەڕێز مەسرور بارزانی، دیدگایەكی ڕوون و ستراتیژییە بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی ژێرخان و پڕۆژەی گەورەی ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بە یەكسانی بۆ هەموو هاووڵاتیان. هەر لەم چوارچێوەیەدا لە پلانماندایە زیاتر بایەخ بە پرسی ئاو بدەین و لەو شوێنانەی پێویستن نۆژەنكردنەوە بکەین و رێگری لە بە فیڕۆدان بکەین و زێدەڕۆیی لەسەر سامانی ئاو وەکو سامانێکی گرنگی نیشتمانیی ڕابگرین. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی رێكخراوی GIZى ئەڵمانی و هەردوو حکوومەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسای کرد بۆ دابینکردنی بوودجەی ئەو پرۆژەیەی ئاوی خواردنەوە و پێشتریش لە بواری سێكتەری ژینگەپارێزی و بایەخدان بە زیادكردنی رێژەی سەوزایی و چەند كارێكی تر هاوكاری دامودەزگەكانی شارەوانی بوونە. هەروەها سوپاسی فەڕەنسییەکانی کرد و گوتی: سوپاسی دۆستە فەرەنسییەکانیشمان دەکەین کە بۆ ماوەی ساڵێک ئەرکی کارەکانی چاککردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خاوێنکردنەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە لە ئەستۆ دەگرن. گوتیشی: ئەڵمانیا و فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بوونە. 
-پڕۆژەی ئاوی فایدەی ستراتیژی لە سنووری پارێزگەی دهۆک بە گوژمەی 33 ملیۆن دۆلار تەواو کراوە، گرفتی کەمئاویی سەدان هەزار هاووڵاتی لە سنووری زیاتر لە هەشت کۆمەڵگە و شارەدێ و کامپی ئاوارەکانی پارێزگەی دهۆک چارەسەر دەکات.

 

داناني هةوالَ - شوان عةزيز
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.