Erbil 35°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 16:33

وەزیری شارەوانی: بەم نزیکانە قۆناغی یەکەمی شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەکرێتەوە

پەیامی سەرۆكی حكوومەت، درێژەپێدانی پڕۆژەكانی خزمەتكردنە بە هاووڵاتییان
کوردستان TV
100%


ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی هەردوو پڕۆژەی ستراتیجیی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا و شەقامی 120 مەتریی كرد و لە نزیكەوە لەگەڵ ئەندازیار و ستافەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیای جێبەجێكار گفتوگۆی كرد.

ساسان عەونی: ئەم دوو شەقامە، دوو پڕۆژەی ستراتیجیی گەورەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن كە وێڕای قەیرانی دارایی و دۆخی نەخوازراوی پەتای كۆرۆنا، پڕۆژەكان بەردەوامن لە كاركردن و پێش وادەی دیاریكراوی هەر قۆناغێك تەواو بوون.

لە سەردانەكەدا، هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر یاوەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بوون و لەلایەن خالید خۆشناو سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای هێمن گرووپ و ئەندازیار و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكەوە لە فەرمانگەی ئەندازیارانی نیشتەجێ  پێشوازیی كران و لەسەر دوا قۆناغەكانی كارەكانیان گفتوگۆیان كرد.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک و ئەندازیارانی فەرمانگەی ئەندازیارانی نیشتەجێ دەربڕی کە سەرپەرشتیی ئەم دوو پڕۆژە ستراتیجییە گەورەیەیان کردووە و وێڕای دۆخی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی نەیانهێشتووە کارەکان ڕابوەستێت.

ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمی 2019، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوایین قۆناغی شەقامی بازنەیی 120 مەتریی هەولێر كرایەوە كە درێژییەكەی نزیكەی 38 كیلۆمەتر دەبێت و 24 ئۆڤەر پاس و ئەندەرپاسی تێدایە و كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر كەمكردنەوەی جەنجاڵی لە شاری هەولێر هەیە، بەڵام هەندێك لە شەقامە لاوەكی و خزمەتگوزاری و سەوزایی شەقامەكە بەهۆی دۆخی كۆرۆنا و قەیرانەكانەوە هێشتا تەواو نەبوون. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن كە پێویستە بە زووترین كات لە هەموو ئاڕاستەكانی ئەو شەقامەدا، تەواوی كارەكانی تەواو بكرێن.

سەبارەت بە دوایین كارەكانی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕای گەیاند، ئەم قۆناغە 90%ـی كارەكانی تەواو بووە و پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت و بەڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە كە قازانجەكەی تەنیا بۆ خەڵكی هەولێر نییە، بەڵكوو بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە. ئەم قۆناغە بەیەکەوە بەستنەوەی ڕێگەی زاخۆ و دهۆکە بە سۆران و حاجی ئۆمەران، قۆناغی داهاتووش ڕێگەی سلێمانی بەمانەوە دەبەستێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا: ئامانجی ئێمە لەم سەردانەدا، بریتییە لە گەیاندنی پەیامی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە هەر بارودۆخێكدا بین، كاروباری پڕۆژەكانی ژێرخان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان ناوەستێت، ئەمەش دیدگای تایبەتی ڕێزدار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەر پڕۆژەیەكی ژێرخان لە خزمەتی هاووڵاتیان بێت، دەبێت بەردەوام بن و درێژەیان پێ بدرێت.
شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لە هەولێر، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێت كە درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە.
شەقامەكە بە شێوەیەكی بازنەیی خێرا كە هیچ وەستانێكی تێدا نییە باوەش بە هەولێردا دەكات و بە دەیان شەقامیش لەگەڵ ڕێگەی سەرەكیی دەروازەكانی شاری هەولێر بەستراوەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو تۆڕە ڕێگەوبانە جاڵجاڵۆكەییەیە كە بووەتە بەشێك لە ناسنامەی نەخشەی شارەكە.
كۆی پڕۆژەكە بەسەر 5 قۆناغ دابەش بووە. قۆناغی یەكەم كە زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، بە دوو بەش تەواو دەبێت، بەشی یەكەم، لە ڕێی شەقڵاوە بۆ ڕێی بەحركە لە 8ی ئەیلوولی 2019 دەستی پێ كردووە كە درێژییەكەی 9.5 كیلۆمەترە و ئەمڕۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وادەی تەواوبوونی ڕاگەیاند.

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.