Erbil 35°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 16:25

جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق: به‌غدا هۆکاری سەرەکی برسی کردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە

کوردستان TV
100%


د.بەشیر حەداد: تێپەڕاندنی یاسای قەرز کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی قووڵتر کردەوە.

د.بەشیر حەداد:  حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتووگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات و رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لە نێوان هەردوولادا واژوو بکرێت، بەڵام  ئەوە حکومەتی فیدراڵی بووە کە ویستى جدى نەبووە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن و بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە .

دکتۆر بەشیر حەداد لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە ناردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆارانی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و یەکێک لە هۆکارەکانی قووڵتر کردنەوەی ئەو کێشەیەش تێپەڕکردنی یاسای قەرز بوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بێ گوێدانە داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، تاوەکو ئێستاش حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگەکانی 7،6،5 و 10 ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە کە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان هەولێر بەغدا کراوە، پێویست بوو ئەو شایستە داراییانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی مووچەی ئەو چەند مانگەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات .
حەداد ئاماژەش بەوەدەکات کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە چارەسەر بکات و دەڵێت؛” وەکو هەمیشەش گووتومانە نابێت مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت و حکومەتی فیدراڵ لەو رێگەیەوە سزای خەڵکی کوردستان بدات.”

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیدەگەیێنێت کە هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی دانپێدانراو لە دەستووردا تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ئەو هەرێمە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابەش بکرێت و بیرۆکەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پێچەوانەی دەستووری عێراقە و بەو کارەش نزیکەی 500 ھەزار مووچەخۆری ھەرێم له خانەنشین و خانەوادەی شەھیدان و زیندانیانى سیاسی و تۆڕی کۆمەڵایەتی و چین و تویژى دیگەش بێ مووچە دەمێننەوە. 

جگه له بابەتی مووچه و بودجه، زیاتر لە دوو ساڵە چەندینجار لە رێگەی نووسراو و بەشێوەی زارەکیش داوامان کردووە بەغدا مووچەی پێشمەرگە و  شایسته داراییەکانی ساڵانی 2014-2015-2016 جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە بابەتی سیاسیی و نەوتەوە نییە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش ئەو پارەیە خەرج نەکراوە. ھیوادارین له بەردەوامی گفتوگۆکانیان ھەولێر و بەغدا بگەنە ئەنجامێکی باش و مافى ھەردوولا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پارێزراو بێت.

دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.