Erbil 27°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 01:42

لیژنه‌ى شه‌هیدان داوای تاپۆکردنی زەوییەکانی خانەوادەی شەهیدان دەکات

کوردستان TV
100%


به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندن و تاووتوێكردنی كێشه‌و داواكارییه‌كانی خانه‌واده‌و كه‌سوكارى شه‌هیدان، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ژمارەیەك لەئەندامانی و راوێژكارانی لیژنەكە، لەگەڵ عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و شاندێكی یاوه‌رى كۆبووەوە.


 لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ كۆبوونەوەكە به‌ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان ده‌ستیپێكرد، پاشان تاووتوێی هەنگاوەكانی وەزارەتی شەهیدان كرا سەبارەت بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و پاكسازیكردن لەو لیستانەی كە پەیوەستن بەماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی.

ڕاشیده‌گه‌یه‌نن كه‌ ، بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر مینحەی زیندانیانی سیاسی كەچەند مانگێکە  مینحەی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی راگیراوە، بۆ ئەم مەبەستە لەم كابینەیەدا، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە جارێكی تر ئه‌و مینحەیە خەرج بكاتەوە، لیژنەكە داوای روونكردنەوەی له‌وەزیری شەهیدان كرد سەبارەت بەهۆكاری جێبەجێنەبوونی ئەو بڕیارە، لای خۆیەوە وەزیری شەهیدان بەلیژنەكەی راگەیاند: "هەركات پاكسازی لەلیستی ناوی زیندانیانی سیاسی تەواو بێت، دەست بەدابەشكردنی مینەحەكە دەكرێت".

لەتەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی هەمواری ئەو یاسایانە كرا كەتایبەتن بەماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی بەهاوبەشی یاساكان هەموار بكه‌نەوە بەئاڕاستەی خزمەتكردنی زیاترى خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان.
 لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌هەر لەكۆبوونەوەكەدا تیشك خرایەسەر خزمەتگوزارییەكانی كچ و كوڕی شەهیدان لەخوێندن و تەندروستی و چۆنیەتیی چاودێریكردنی بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەكان، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆ لەسەر بابەتی گۆڕِە بەكۆمەڵەكان و بەجینۆسایدناساندنیان كرا، بەجۆرێك هەردوولا هەماهەنگیی تەواوی یەكتری بكەن .

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا لیژنەكە داوای كردووه‌، كەبەهیچ جۆرێك رێگە بەو رێكخراوانە نەدرێت بەناوی كۆمەك و هاوكاری بێڕِێزی بەرامبەر بەخانەوادەی شەهیدان بكەن، هه‌روه‌ها داوای تاپۆكردنی ئەو زەوییانەش كرا كە بەسەر بەشێک لە خانەوادەی شەهیدان دابەش كراون، بەڵام تاوەكو ئێستا كارتن و تاپۆ نه‌كراون.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.