Erbil 23°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 20:18

دەستخۆشی بۆ منداڵ چۆنە؟ جۆرەکانی چین؟

كاتێك مناڵ كارێكی بچووك ئەنجام دەدات، واینیشان بدە كارێكی گرنگی ئەنجامداوە
کوردستان TV
100%

دەستخۆشی حاڵەتێكی ناوخۆییە لە كانگاو ناخی مرۆڤ دەردەچێ، بەرەو هەڵس و كەوت و ڕەفتارێكی دیاریكراو ئاڕاستەی دەكات كە تێكڕای هەست و بیرو هۆش و یادی بۆ فێربوون و وەرگرتنی شتی تازەو نوێ واڵا بكات.

دەستخۆشی چەكێكی كاریگەرە بۆ مەقاوەمەی نەخۆشیە دەروونیەكانی منداڵ كە بۆ هەر كارێك هەست بەبوون و كەسایەتی خۆی بكات و خۆی بناسێ، ئەوەش پەیوەندی بە رادەو ئاستی رۆشنبیری دایك و باوكەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن و لە چ كات و لە كوێ سزاو پاداشت بەكار دێنن!      

لە كارگەی دونیای دەستخۆشی دا بەرهەمی متمانە دروست دەكرێت و بەهای بڕوا بەخۆ بوون هاوسەنگی دڵ و دەروون ڕادەگرێ و حەزو ویست و ئارەزووەكانی بۆ چاكەكاری و كاركردن زیاد دەكات، چونكە متمانە بەخۆ بوون زریانێكە شەپۆڵی تووڕەیی و دڕدۆنگ و ڕاڕایی لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێ و دواجار هیممەت بەرزی بینا دەكات.

كاتێك لە سەركردەی فەڕەنسی (ناپلیۆن بۆناپارت) دەپرسن: چۆن توانیت متمانە لە دەروونی سەدەها سەربازەی ژێر دەستت بڕوێنی و سەركەوتنی یەك لەدوا یەك بەدەست بێنی؟

لەوەڵامدا پێیان دەڵێت: ئەوەی بۆ كارێك پێی بوتمایە: ناتوانم، پێیمدەوت: هەوڵدە، ئەوەی بۆ كارێك پێی بوتمایە: نازانم، پێیمدەوت: فێربە. ئەوەی بۆ كارێك پێی بوتمایە: مەحاڵە، پێیمدەوت: تاقی بكەوە.

شەوێكیان لەخەوێكی خۆش و ئارام، پڕتاو ئاگاداری دەكەنەوە، پێی دەڵێن: بەپێی زانیاریەكان دوژمن بەتەمای پەلاماردان و هێرشكردنە ! ئەویش خۆی شێلوو ناكات، لێیان دەپرسێ: ژمارەیان چەندە؟ وتیان: نزیكەی 150هەزار چەكدار دەبن. وتی: ئەی ژمارەی سەربازانی ئێمە چەندە ؟ وتیان:هەر 100 هەزار سەربازێك دەبێ. ئەویش بەوپەڕی متمانە بەخۆوە پێی وتن: 100هەزار سەربازمان هەیەو منیش بەقەد بارەتەقای 100هەزار سەربازم، كەواتە ئێمە 50هەزار سەرباز لەوان زیاترین و سەركەوتنیش هەر بۆ ئێمەیە.

دەستخۆشی تەنها دەربڕینێكی زارەكی نیە بۆ گوزارشتكردن لە كارو كردەوەیەكی ئەوتۆ، جۆرەكانی دەستخۆشی هەمە ڕەنگن، ئەوەش: لایەنەكانی (هەڵسوكەوت – ماددە - زارەكی) دەگرێتەوەو بەكارهێنانی هەریەك لەمانە لە كات و شوێنی خۆی، كاریگەری ئەرێنی دەكاتە دروست دەكات.

لایەنی رەفتارو هەڵسوكەوت: وەك زەردەخەنە، پێكەنین، سەرلەقاندن.

هەر یەك لەمانە بە پێی پێویستی و لەكاتی خۆی دا رەنگدانەوەی باشی دەبێت بۆ كەسی بەرامبەرو شوێنەوارێك لەدوای خۆی بەجێ دێڵێت، نموونەكان بۆ ئەم شێوازە زۆرو زەوەندەن.

ڕۆژێكیان لە زەنگی هاتنە دەرو پشوودان، قوتابیەكی پۆلی دووەمی سەرەتایی خۆی گەیاندە لام كە ئەو رۆژە لە گۆڕەپانی گەورەی قوتابخانە چاودێر بووم، قوتابیەكە هات لە بەرامبەرم وەستا، بەدەم زەردەخەنەیەكی گەشەوە وتی: مامۆستا گیان من تۆم زۆر خۆش دەوێ چونكە دەزانم تۆش منت خۆش دەوێ! بەم قسانە چاوئەبڵەق بووم، بە پەرۆشەوە پێموت: بەچی دەزانی تۆم خۆش دەوێ؟ ئەویش نەختێ سەری هەڵكڕاندو وتی: بەوە دەزانم خۆشت دەوێم چونكە هەرچی جارێ بێیە پۆلەكەمان، كاتێ سەیری من دەكەی، پێ دەكەنی.

چاوەكانم نوقاند، سەرم بۆی لەقاندو ستایشی قسەكەیم كرد: راست دەكەی من تۆم خۆش دەوێ.

لەتەك پێكەنین، سەرلەقاندنیش ئاماژەیەكە بەزمانی جەستە پەیامی خۆی دەگەیەنێ و جێی خۆی دەگرێت.

 ساڵانێكی زوو دە پانزە مریشكمان بۆ هێلكە راگرتبوو، رێك بەرانبەر ماڵمان كۆلیتمان بۆ دروست كردبوون، دراوسێیەكمان هەبوو هەرچی جارێ كە سەوزەی لە خڵت و خاڵ و تەڕەی زەردهەڵگەڕاو پاك دەكردەوە، لەجیاتی ئەوەی پاشماوەی سەوزەكە بخاتە زبڵخانەوە، بە منداڵە چوار ساڵیەكەی دەناردە ماڵمان، وەلێ خێزانەكەم بەدەم زەردەخەنەیەكی گەشەوە سەری بۆ دەلەقاند وەك هێمایەك و بانگی لای خۆی دەكرد: وەرە بابە.

كاتێ ئەو منداڵە كە نزیك دەبۆوە، دانە چوكلێتێ یا پارچە كێكێكی پێ دەدا، ئەوەش وەك دەستخۆشی وابوو. دایكی منداڵەكە دەیگێڕایەوە دەیوت: هەرچی جارێ دەمەوێ ئەو پاشماوانە فڕێ بدەم، ئەو منداڵەم دەڵێ: نابێ فڕێی بدەی، من بۆ دادە گەلاوێژی دەبەم. بەمەیش ئەو فەرموودەی پێغەمبەرم بیركەوتەوە كە دەفەرموێ: (زەردەخەنە بە رووی براكەت، چاكەیە).

هەمان ئەو شتە بۆ قوتابخانە راستە كاتێك مامۆستای پۆلی یەكەم و پۆلەكانی تر لە بەشداری قوتابی و زیرەك و زانینی پرسیارەكان شەكرۆكە یا نوقڵ یا هەر شتێكی دیكەی پێ دەدات.

لایەنی ماددی: وەك پارە، پێدانی سوپاسنامە.

كاتێك مناڵ كارێكی بچووك ئەنجام دەدات، واینیشان بدە كارێكی گرنگی ئەنجامداوەو ئاهەنگێكی بۆ ساز بكەو دیارییەكی بچووكی بۆ بكڕە.

ڕەفتاری منداڵ بەدەستخۆشی پێش دەكەوێ، ئەگەر قوتابیەك لە تاقیكردنەوەی رۆژانە 7ی هێناو دواتر نمرەكەی بۆ نۆو دە بەرز كردەوە، دەستخۆشی لێ بكە.

نابێ منداڵ وا گۆش بكرێ كاتێ بۆ شتكڕین دەینێریتە بازاڕ یان بۆ هێنانی گڵاسێ ئاو پێی دەڵێی: بڕۆ ئاوم بۆ بێنە پارەت دەدەمێ. لەكاتێكدا دەبێ ڕابهێنرێ خزمەتی دەوروبەرەكەی بكات وەك چۆن خزمەت دەكرێ. كەواتە دەبێ هۆكاری دەستخۆشی دیار بێت تا منداڵ هۆكاری پاداشتەكەی بزانێت چیە.

لایەكی زارەكی: وەك زۆرباشە، ئافەرین.

بۆ ئەنجامدانی هەر كارێكی جوان دەستخۆشی متمانە دروست دەكات، كورد وتەنێ: دەمە لە چیت كەمە! ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێ: ستایشكردن بە دەربڕینی زاراوەی ( زۆرباشە، ئافەرین، دەست خۆش) جێی خۆی دەگرێ.

لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن بنەمایەك هەیە ئەگەر یەكێك پرسیاری كرد، نابێ مامۆستا رووی گرژ بكات و هەڵچێ، یان پشتگوێ و فەرامۆشی بكات و وەڵامی نەداتەوە، گەورەیی هاندان لەوەدا سەرچاوە دەگرێ پێی بڵێ: (ئافەرین، دەستخۆش پرسیارێكی جوانت كرد). بەمەیش ئەوانی تر بەم دەستەواژە هەمان شت دووبارە دەكەنەوە.

دەستخۆشی بۆ مرۆڤ، شكست بەبێ ئومێدی دێنێت كە دوای دەیەها شكست، جارێكی تر هەڵسێتەوە.

 (تەیمور لەنگ) ی سەركردەی دیاری مەغۆلەكان، پاش چەندین شكست و دۆڕانی یەك لە دوا یەكی لەشكرەكەی و لەولاوە ماندووبوون و ئەو ترسەی بەسەریاندا زاڵ ببوو، ڕۆژێكیان بە پەرۆشەوە لەسەر گاشەبەردێك دانیشتبوو بیری لەو شكستەی خۆیان دەكردەوە، مێروولەیەك سەرنجی ڕاكێشا تا لێی ورد ببێتەوە كاتێك بینی ئەوە خواردنێكی هەڵگرتووە و دەیەوێ بەسەر ئەو تاشەبەردە هەڵگەڕێ كە ئەم لەسەری دانیشتبوو، مێروولەكە لەنیوەی ڕێگە دەكەوتە خوارەوە و دووبارە هەڵدەستایەوە و دووبارە خواردنەكەی هەڵدەگرت و بە تاشە بەردەكە هەڵدەگەڕا و دیسان بەردەبۆوە، چەندین جار ئەو شتەی دووبارە كردەوە و كۆڵی نەدا تا دواجار توانی خواردنەكە سەر بخات.

لێرەدا تەیمور لەنگ پەندێكی گەورەی لە دیمەنی ئەو مێروولەیە وەرگرت و هیوایەكی تازەی هاتەوە بەر، هەر ئەو كاتە سەربازەكانی كۆكردەوە، لە وتارێكدا بەسەرهاتی ئەو مێروولەی بۆ گێڕانەوە، بەمەیش جارێكی تر ورەی گەڕاندەوە بۆ سەربازەكانی و توانیان دوای ئەو شكستانە، سەركەوتن بەدەست بهێننەوە.

ئێمە زۆر جار نموونە كە بە رووداوەكانی نێو قوتابخانە دەهێنینەوە، هەمان شت بۆ فەزای ماڵەوە راستە.

لە ژیانی پەروەردەییم دا هەمیشە ئامۆژگاری ئێمە بۆ مامۆستایان ئەوە بوو: ئەگەر قوتابیەك قەڵەمێ، رەشكەرەوە، یا پارەی دۆزیەوە هاتە لاتان، پشتگوێی مەخەن، پێی مەڵێن دەی دانیشە، دەی بڕۆوە جێی خۆت ئێستا كاتی ئەوە نیە. ئەم وەڵامە وای لێ دەكات بەدوای خاوەنەكەی نەگەڕێ و هەندێ جار پەنا بباتە بەر درۆ و ئەو شتە بۆ خۆی ببات. هەروەها پێی مەڵێ: وەرە لەسەر ئەو مێزەی دانێ، یان پێی مەڵێ: دەی بڕۆ بزانە هی كێیە؟ بەڵكو ئەوەی پێویستە ناوی قوتابی و پۆلەكەی بنووسی تا لە دەرفەتێكدا هەر بەبەر چاوی تەواوی قوتابیان بانگی بكە، وێڕای دستخۆشی و ستایش، بۆ ئەوەی زیاتر ببێتە هاندەر بۆ ئەوانی تر، ئەوە دیاریەكی ئاسایی پێشكەش بكە، گرنگ نیە دیاریەكە گرانبەها بێت و پێش ئەوەی بچێتەوە جێی خۆی، داوا لەسەرجەم قوتابیان بكە چەپڵەی بۆ لێ بدەن و تۆش بەشداری چەپڵە لێدانەكە بكە.

جیهانی پەروەردە هەر ئەوە نیە سەیری لوتكەو ترۆپكی چیایەكی سەركەش بكەیت و تەواو، بەڵكو دەبێ بەو چیایە هەڵشاخێی تا بگەیتە لوتكە.

جیهانی پەروەردە تونێلێكە هەر ئەوە نییە لە دوورەوە ڕووناكی ئەمسەر ببینی و تەواو، بەڵكو دەبێ بەناویدا گوزەر بكەیت و دواجار بەو ڕووناكیە بگەیت.

بەرهەمی دەستخۆشی، خۆشی بۆ مرۆڤ دێنێ، هیوای داهاتوویەكی گەشی پێ دەبەخشێ كە هەمیشە بە گەشبینیەوە بڕوانێتە ژیان.

 
  شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

 

كوردستان TV

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.