به‌شی دووه‌م و سێیه‌م
حه‌مه‌سوار عه‌زیز
گه‌وره‌ترین ململانێ له شانۆی مۆدێرندا به درێژایی سه‌ده‌م بیسته‌م و دواتریش، ھه‌وڵدانی شانۆ بوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ده‌ب رزگار بكات، ئه‌ده‌ب كه به‌درێژایی بیست و پێنج سه‌ده باڵی به‌سه‌ر شانۆدا كێشابوو، ئیتر كاتی ئه‌وه ھاتبوو كه‌سێك پێی بڵێت بوه‌سته‌و شانۆ ته‌سلیمی خاوه‌نه راسته‌قینه‌كه‌ی بكه‌وه كه كرداری (بینین)ه، ئه‌م كه‌سه‌ش ئه‌نتوان ئارتۆی فه‌ڕه‌نسی بوو, ئارتۆ یه‌كه‌م شانۆكاری ئه‌وڕوپی بوو كه ھه‌ستی به مه‌ترسی وشه كرد‌و له‌ڕێگه‌ی تیۆرێكی تازه‌وه بانگه‌شه‌ی رزگاركردنی شانۆی كورد له ده‌سه‌ڵاتی وشه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی نوسینه به‌ناوبانگه‌كانی كه له سه‌ره‌تای سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو وه‌ك وتار و به‌یاننامه و مانفێست بڵاوكرایه‌وه‌و دواتر له كتێبێكدا كۆكرایه‌وه‌و به تیۆری شانۆی توندوتیژی ناسرا، ئه‌م تیۆره‌ش بوو به بنه‌مایه‌كی پته‌و بۆ سه‌رھه‌ڵدانی شانۆی پۆست مۆدێرن، ئه‌و شانۆییه‌ی كه ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ھزره‌وه له تیڕوانینه به‌ناوبانگه‌كه‌ی نیتشه ده‌رباره‌ی كوشتنی خودا و كۆتایی ھاتنی سه‌نترالیزم سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، ئه‌وه بێگومان له‌ڕووی فۆرمه‌وه له‌و دیدگا بهسهرییهی ئارتۆ بۆ شانۆ و دواتریش برێخت سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
وه‌زیفه‌ی وشه چی بووه له شانۆ و له داھاتوودا چی ده‌بێت، ئه‌وه ئه‌و ئاریشه گه‌وره‌یه كه نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه شانۆكارانی گیڕوده كردووه، شانۆكاران ھه‌میشه له ھه‌وڵی ئه‌وه‌بوون كه وشه له‌و رووبه‌ره ئه‌ده‌بییه ده‌رباز بكه‌ن و رایكێشنه نێو فۆرمێكی بینراو له شانۆدا، ئه‌م نمایشه‌ش ھه‌وڵێكی تره له‌م رێچكه‌یه‌دا.
ھه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی وشه له‌نێو رووبه‌ری شانۆدا ھه‌ولێكی سیزیفانه‌ی شكستخواردووه، چونكه زمان و وشه یه‌كێكن له گرنگترین داھێنانهكانی ئینسان و ھه‌رگیز ناتوانێت ده‌سبه‌رداری بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كاریگه‌رترین فاكته‌ری تێكگه‌یشتن و دیالۆگه، زمان به‌رھه‌مھێنه‌ری مانایه، مرۆڤ ده‌توانێت ماناكان ھهڵبوهشێنیتهوهو به‌دوای مانای جیاواز‌و دژدا بگه‌ڕێت، به‌ڵام وشه‌كان به جێگیری له شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه، شانۆكاریش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی وشه له شانۆ كه‌مبكاته‌وه‌و پانتایی گه‌وره ببه‌خشێته‌وه به كرده‌ی بینین، پێویسته شانۆ له به‌لاغه‌تی وشه‌وه ده‌رباز بكات بۆ به‌لاغه‌تی فۆرم و بینین، ئه‌و به‌لاغه‌ته‌ی كه وشه‌و جه سته و ده‌نگ و ره‌گه‌زه بینراوه‌كان به‌یه‌كه‌وه بونیادی ده‌نێن.
(شینه_له شیندام) رسته‌یه‌كه له سێ وشه پێكھاتووهو یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ل وه‌رگر به‌ركه‌وتنێكی ئه‌ده‌بی خوێنراو و بیستراوه، به‌ڵام دواتر له ڕێگه‌ی نه‌سته‌وه ئه‌م پانتاییه بیستراوه جێده‌ھێلێت و بینه‌ر راده‌كێشێته نێو رووبه‌رێكی بینراوی فراوان كه به‌ركه‌وتنی ئه‌م سێ ووشه‌یه له زه‌ینمان دروستیده‌كات، خودی ئه‌م وشانه و پێكه‌وه لكاندنیان به‌م شێوه‌یه وشه‌كان داده‌ماڵێت له جیھانی تاكمانایی و مانای كۆنكریتی، بینه‌ر ناچار ده‌كات به‌دوای مانا نائاماده‌كان بگه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش وه‌زیفه‌یه‌كی گرنگی شانۆی مۆدێرنه كه مانای كۆنكریتی له وشه بسه‌نێته‌وه‌و ناچاری بكات زیاد له مانایه‌كی جیاواز بۆ خۆی پاوان بكات، راڤیار نه‌وزادیش له‌م نمایشه ھه‌ر زوو له ڕێگه‌ی خودی ناونیشانه‌وه ئه‌و ئامانجه ده‌پێكێت و وشه ناچار ده‌كات له مانا كۆنكریتییه‌كانی یاخی بێت و پشتیان تێبكات، ئه‌مه‌ش تێكشكاندنی به‌لاغه‌تی ھه‌سته له به‌رامبه‌ر به‌لاغه‌تی نه‌ست، تێكشكاندنی ده‌سه‌ڵاتی بیستنه له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بینین، به‌و مانایه‌ی شانۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ده‌ب له نێو نمایش كه‌مبكاته‌وه، پێویستی به‌وه نییه وشه كانسڵ بكات، به‌ڵكو پێویستی به‌وه‌یه وشه له فۆرمێكی به‌سه‌ری (دیده‌یی) بینراودا ته‌وزیف بكاته‌وه‌و ده‌سه‌لاتی تاكمانایی تیادا تێكبشكێنێت، راڤیاریش له ده‌سپێكی نمایش، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری بینینی نمایشهكهشی بده‌ین، ناچارمان ده‌كات له روانگه‌یه‌كی تر له‌و سێ وشه‌یه بڕوانین كه ئه‌دره‌سی نمایش دروست ده‌كه‌ن، ره‌نگه ھهندێكیشمان بۆ ده‌سكه‌وتنی وه‌ڵامی باشتر و گه‌ڕان به‌دوای مانای نائاماده، ناچار بین سه‌ردانی نمایش بكه‌ین و جارێكی تر له‌نێو ئه‌و فۆرمه‌ی كه نمایش پێی بارگاوی كراوه، به‌دوای مانا نائامادهكانی ئه‌م سێ وشه‌یه بگه‌ڕێین.
كه‌واته ده‌سپێكی نمایشی شانۆیی له ساتی ده‌سپێكی حه‌قیقی نمایش و كوژانه‌وه‌ی روناكییه‌كان دهسپێناكات، به‌ڵكو له یه‌كه‌م ئیعلانكردنی نمایش و بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوی نمایش و شێوه‌و فۆرمی پۆستهرو رێكلامه‌كانی نمایش ده‌سپێده‌كات، چونكه ناونیشان و ئه‌دره‌س و ئه‌و جیھانه‌ی كه له‌رێگه‌ی ڕه‌نگ و ستایل و سێبه‌رو روناكی و ڕیزبه‌ندی و فۆرمی وشه‌كان ده‌خولقێت، نمایشێكی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆیه و ده‌روازه‌یه‌كی ھزری و نه‌ستییه بۆ به‌ركه‌وتنی بینه‌رو نمایش، راڤیاریش له‌م سێ وشه ساده‌یه له ڕواڵهتتدا، یه‌كه‌م گره‌وی خۆی ده‌باته‌وه, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ناچارمان بكات بیربكه‌ینه‌وه‌و خه‌یاڵ بكه‌ین و سنووری ته‌قلیدی وشه تێكبشكێنین و به‌دوای مه‌حاڵ و نائاماده بگه‌ڕێین.
به‌شی سێیه‌م
نوسه‌ر له پڕۆسه‌ی نمایشدا
له‌به‌شی پێشوو باسم له به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی رووبه‌ری وشه كرد له‌نێو رووبه‌ری نمایشدا، ده‌بێ له‌م به‌شه چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین ده‌سه‌ڵاتی نوسه‌ریش له‌پرۆسه‌ی دروستكردنی نمایشدا، رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی به‌ھێزی ده‌رھێنه‌ر و ئه‌كته‌رو سینۆگرافه‌ر بێته‌وه‌و نوسه‌ر وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌ده‌ب له‌و پڕوسه‌یه بكه‌وێته به‌ر ڕه‌شه‌بای ڕاماڵین بچوكبوونه‌وه.
له‌م نمایشه ھه‌رچه‌نده ڕاڤیار نه‌وزاد وه‌ك نوسه‌ری نمایش، واته داھێنه‌ری تێكستی بیستراو ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌بڕوای من ڕاڤیار له‌م نمایشه وه‌ك نوسه‌ریش نماینده‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌ده‌ب ناكات له‌وپڕۆسه‌یه، له‌به‌ر دوو ھۆكار، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه راڤیار تێكستی شانۆیی وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی نانوسێتهوهو ئه‌و ھه‌میشه وه‌ك ده‌رھێنه‌رێك له وشه‌و ڕسته ده‌ڕوانێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل ده‌كات، ھه‌ر وشه‌یه‌كیش كه نوسه‌ر ده‌ینوسێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه كه له پڕۆسه‌ی جه‌سته‌ی بینراوی نمایشدا وه‌زیفه‌یه‌كی ھه‌بێت وھاوكار بێت له دروستكردنی ئه‌و فۆڕمه بینراوه‌ی كهنمایشی له‌سه‌ر دروستده‌كرێت، كه‌واته وشه‌و ڕستهبۆ ئه‌وه نوسراونه‌ته‌وه تا ببن به‌كه‌ره‌سته‌یه‌كی بینراوله نێو نمایش و وه‌زیفه‌ی بینین ته‌واوبكه‌ن.
دووه‌م ھۆكار ئه‌وه‌یه كهتێكستی شانۆیی وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی پێویستی بهمهعریفهیهكی گه‌وره ھه‌یه له بواره جیاوازه‌كانی زمان وئیدیۆم و ڕسته‌سازی و چیڕۆكسازی و بونیادی كارهكتهرو ڕیتم، ئه‌مه جگه له پاشخانێكی گه‌وره له‌بواری ھزرو كۆمه‌ڵناسی و ئابووری و فه‌رھه‌نگ و مێژوو و چه‌ندین لایه‌نی تر، بۆیه ئه‌گه‌ر راڤیار وه‌ك نوسه‌ر به‌شێك له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی تیا بێت به‌تایبه‌ت له بواری ھزرو فه‌لسه‌فه‌دا، ئه‌وه بێگومان له بواره‌كانی تر كێشه‌ی زۆری ھه‌یه‌و ناتوانرێت وه‌ك نوسه‌رێكی شانۆیی كارامه، تێكستێكی ئه‌ده‌بی دابھێنێت، ئه‌مه‌ش له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و نمایشانه‌ی كه‌تا ئێستا پێشكه‌شیكردوون، به‌تایبه‌ت ئه‌م نمایشه‌ی دوایی كه وه‌ك تێكستی شانۆیی كۆمه‌ڵێك لاوازی و قه‌ره‌باڵغی پێوه دیاره كه زیانی به‌بونیادی ئه‌ده‌بی تێكسته‌كه گه‌یاندووه، ماوه‌یه‌كه ئه‌م ئه‌زموونه‌ش له‌كوردستان بره‌وێكی زۆری ھه‌یه كه دهرھێنهرهكان خۆیان تێكست بۆ نمایشه‌كانیان ده‌نووسن، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان له‌و ئه‌ركه سه‌ركه‌وتوو نین و بینه‌ر زۆر به‌ئاسانی كه‌لێنی گه‌وره له‌نێو تێكسته گوتراوهكه ده‌بینێت.
ڕاڤیار وه‌ك نوسه‌ر تێكسته شانۆییه‌كه‌ی له‌سه‌ر چه‌مكێكی فه‌یله‌سوفی ئه‌لمانی نیتشه بونیاد ده‌نێت كه‌ده‌ڵێت "خودا مردووه، ئێمهخودامان كوشت"، بۆیه ھه‌ر له سهرهتاوهنمایشهكهی ئه‌و له‌سه‌ر زه‌وی به‌ڕێوه ناچێت، له‌یه‌كه‌م دیالۆگی ئه‌كته‌ره پێشوازیكهرهكه پێمان ده‌ڵێت ئێمه ئێستا سه‌رده‌كه‌وین بۆ سه‌ره‌وه، بۆ شوێنێك كه له سه‌روو نه‌خشه‌ی زه‌وییه، ئه‌و شوێنه‌ی كهتیاییدا كیتابی چاره‌نووسی تیادا ده‌نووسرێته‌وه، راڤیار له‌م نمایشه‌دا كوشتنی خودا ده‌كاته كوشتنێكی مه‌عنه‌وی و به‌مه‌رگی ئه‌خلاقی ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌و كاته‌ی ئێمه ئه‌خلاقمان كوشت، ئیتر كه‌ون سه‌نترالیزمی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و ھه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ونه به‌ر ھه‌ڕه‌شه‌ی نه‌خۆشی وپیربوون و جه‌ھاله‌ت،لێره‌دا جارێكی تر ململانێی نێوان خودا‌و شه‌یتان زیندوو ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و شه‌یتانه‌ی كه لێره‌دا وه‌ك (ئۆبامنش _سوپه‌رمان) خۆی نمایشده‌كات، وه‌كو ھه‌موو جارێكیش شه‌یتان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كه شوێنكهوانی خودا فریوو بدات، خودا‌ش وهكوھهموو جارێك سزای خۆی به‌سه‌ر مرۆڤه‌كان ده‌سه‌پێنیت و له‌عه‌قل ومه‌عریفه‌و نه‌مری دایاندهماڵێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌خلاقیان له‌ناو بردووه، ئیتر شایه‌نی ئه‌وه‌ن.
ئه‌م تێكسته پڕه له رووداوی دوور‌و درێژ و چیڕۆكی بێ سه‌ره‌تاو بێ كۆتایی، نوسه‌ر تێكسته‌كه‌ی تهژیكردووه به كۆمه‌ڵێك بابه‌تی زۆر گرنگ و زۆر ئاڵۆز كه بینه‌ر فریای ھه‌رسكردن وتێفكرینیان ناكه‌وێت، تێكسته‌كه زۆر جار له‌دراما ده‌ترازێ و ده‌بێته قسه‌ی ساده‌و درێژداڕی زۆری پێوه دیاره، به‌تایبه‌تیش كه ھه‌وڵدانێكی چڕ ھه‌یه كه چه‌ندین پرسی گه‌وره‌و ھزری فه‌لسه‌فی به زۆر بخرێته نێو تێكسته‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و تێكسته وه‌زیفه‌ی ئه‌وه بێت كه‌باسی ھه‌موو شتێك بكات، باسی دروستبوونی كه‌ون، دروستبوونی ئینسان، شه‌ڕی براكوژی، دروستكردنی بورجێك بۆ ئه‌وه‌ی به‌مه‌قامی خودا بكه‌ین وكێبڕكێی بكه‌ین، ململانێی مرۆڤ وسروشت، مرۆڤ و ته‌كنه‌لۆجیا، مرۆڤ وبوون، خۆشه‌ویستی وخیانه‌ت، سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیزم، دۆزه‌خ و به‌ھه‌شت، خودا‌و شه‌یتان، حه‌قیقه‌ت و درۆ، ژیان ومردن، ئه‌ده‌ب و ماددییه‌ت، شیعر و په‌خشان، ھزرو دواكه‌تن، ئه‌م ھه‌موو پرسه گرنگه‌كه چڕ ده‌كرێته‌وه لهتێكستێكی شانۆیی، بینه‌ر تووشی سه‌رسوڕان ده‌كات و ھهستدهكات رووداوه‌كان بهجێیدێلن، نمایشی شانۆ ده‌بێته ئه‌سپێكی تیژڕه‌و وبینهرییش پیادهیهكی پێخواست، كه‌ناتوانێت پێی بگاته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كهنمایشهكه له رووبه‌ری دراماوه رادهكێشیته نێو رووبه‌رێكی ھزری ومه‌عریفی كه‌له‌سه‌ر گیڕانهوهو سه‌رد به‌بینه‌ر ده‌گه‌یه‌نرێت،نوسه‌ر پێویستی به‌وه بوو زیاتر بابه‌ته‌كه چڕبكاته‌وه و نمایشه‌كه له‌و به‌ربڵاوییه ھزری وبابهتییه بپارێزێت، نمایشێك بۆ ئه‌وه نییه كه ھه‌موو شتێك به بینه‌ر بڵێت، ده‌كرێت نمایش ھه‌ندێ بابه‌تی دیاریكراو بورووژێنێت و بینه‌ر خۆی بابه‌ته‌كانی تر دابھێنێت و به‌یه‌كه‌وه‌یان ببه‌ستێته‌وه، ئه‌م به‌ربڵاوییه له‌بابه‌ت و زاڵبوونی زمانی حیكایه‌ت به‌سه‌ر درامادا، ھه‌رچه‌نده وه‌ك ده‌رھێنه‌ر چاره‌ی گونجاوی بۆ كراوه، به‌ڵام ئه‌وه به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كه‌موكوڕیانه له‌تێكستی گوتراوناسڕێتهوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زمانی تێكسته‌كه‌ش به‌ر به‌رزی ونزمی كهوتووهوله ھه‌ندێ شوێن زمان وه‌زیفه‌یه‌كی زۆر باڵای ھه‌یه‌و ده‌توانێت وشه له رووبه‌ری مانای پێشوه‌خت و تاكمانایی دابماڵێت، به‌ڵام له ھه‌ندێ شوێنی تر، زمان به‌شێوه‌یه‌ك ساده ده‌بێته‌وه كه توانای دروستكردنی فۆرمی باڵای نییه‌و زمانێكه خاڵی له‌جوانی و بیناسازی درامی، ھۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش تهژیكردنی تێكسته به‌و ھه‌موو كاره‌كته‌ره ھزری و مه‌عریفی و ھونه‌رییانه‌ی كه له نێو تێكسته‌كه ده‌رده‌كه‌ون.
خاڵێكی تر كه ورووژاندنی به‌مشێوه‌یه له‌جێگه‌ی خۆی نه‌بوو، مه‌سه‌له‌ی خیانه‌تی ژنه، له‌كاتێكا كه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رۆژانه ژن به به‌ھانه‌ی شه‌ڕه‌ف ده‌كوژرێت، نه‌ده‌بوو ئه‌م نمایشه پێداگری له‌سه‌ر خیانه‌تی جه‌سته‌یی ژن بكات و بیكاته فاكته‌ری ئه‌وه‌ی كهھهموو سزاكان به‌سه‌ر مرۆڤ دابه‌زێت، له ئێستا چه‌مكی خیانه‌ت زۆر له‌و چه‌مكه قوڵتره كه شانۆكارانی ئێمه ته‌نھا به‌جه‌سته‌ی ژنی ببه‌ستنه‌وه، ئه‌و خیانه‌تانه‌ی كه له ڕابردوو و ئێستا و داھاتووی ئێمه رووده‌ده‌ن و روویانداوه، زۆر له‌وه به‌رچاوترن له‌خیانه‌تی جه‌سته‌یی ژن كه ھه‌میشه پیاو و كۆمه‌ڵگای پیاوسالاری تیادا شه‌ریكی گه‌وره‌و فاكته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و پرسه‌یه. (ماویه‌تی)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.