Erbil 29°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 10:22

وەزیری شارەوانی واژووکردنی دوو گرێبەستی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%


لە شاری هەولێر، دوو گرێبەستی دیكەی باشكردنی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بە پاڵپشتیی قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایكا واژوو كران. بەگوێرەی پرۆژەكە، چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاویان نۆژەن دەكرێنەوە و كەرەستەی یەدەگیش بۆ ئاوی ئیفراز3ی هەولێر دابین دەكرێت، لە مەراسیمی واژووكردنی گرێبەستەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای خستنەڕووی وردەكاری گرێبەستەكانی هەولێر، هاوكات راشیگەیاند لەم نزیكانە گرێبەستی لەوەی هەولێر فراوانتریش لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە بە زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار واژوو دەكرێن.   

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/11/2020 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و هەروەها نوێنەری كونسوڵخانەی وڵاتی ژاپۆن mr Takuya Ono، جێگری پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئاژانسی جایكا و نوێنەری (UNDP) و راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە دیوانی وەزارەت، نوێنەری كۆمپانیاكانی جێبەجێكار و ژمارەیەكی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن، لە چوارچێوەی قەرزی ژاپۆنی و بە پاڵپشتی راستەوخۆی (ئاژانسی جایكا) قۆناغێكی نوێ لە (گرێبەستی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان) واژوو كرا.

لە سەرەتای مەراسیمەكە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وتارەكەیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی قەرزی ژاپۆنی و بە پاڵپشتی راستەوخۆی (ئاژانسی جایكا) لەپێناو باشكردنی پرۆسەی دابەشكردن و دابینكردنی ئاو، قۆناغێكی نوێ لە (گرێبەستی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان) واژوو دەكات. واژووكردنی ئەم دوو گرێبەستە گرنگەی ئەمڕۆ، قۆناغێكی ترە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیەی  كە پێشتر واژوومان كردووە بۆ باشترکردنی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان و تا ئێستا چەند شارێكی هەرێمی كوردستان تێیدا سوودمەندبوون.

سەبارەت بە دیدگای حكوومەت بۆ باشكردنی ئاوی خواردنەوە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: دیدگای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی حكوومەت، دیدگایەكی تایبەت و پڕبایەخە بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەری ئاو و دابینكردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بە یەكسانی، بە شێوەیەك رەچاوی لایەنی تەندروستی و بەرزی كوالێتی تێدا بكرێت.

سەبارەت بە واژووكردنی گرێبەستەكانی تایبەت بە شاری هەولێر وردەكاری خستەڕوو و رایگەیاند بەگوژمەی زیاتر لە 3 سێ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێن، بۆ نوێكردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی گەڕەكەكانی (تەیراوە، منارە، سەیداوە، سێتاقان)، كە چەند گەڕەكێكی كۆن و هەژارنشینی شاری هەولێرن و تۆڕەكانی ئاویان پێویستیی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی بازنەی ناوەوەی شەقامی 30 مەتری، هەروەها دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز3ی هەولێر.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی لە بەشێكی تری وتارەكەیدا راشیگەیاند: بەم نزیكانە بە پاڵپشتی (ئاژانسی جایكا) بە گوژمەی (6 ملیۆن و حەفت سەد هەزار دۆلار) قۆناغێكی تری پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، كە زۆر لەو پرۆژەیەی هەولێر فراوانترە.  وەك پرۆژەی راكێشانی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو لە تاسجڵوجەوە بۆ سلێمانی، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی چەند گەڕەكێكی ناو شاری هەڵەبجە، هەروەها پڕۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ ئاوەشۆڕكردنی پاشماوەی وێستگەی ئاوی هەڵەبجە، لەگەڵ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ وێستگەی ئاوی هەڵەبجە. 

هەروەها سەبارەت بە پلانی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوار لە پەیوەست بە ئاو، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: لە پلانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدایە بە گشتی بایەخی زیاتر بەو سێکتەری ئاو بدات، وەك جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێ و نۆژەنكردنەوە و رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو و راگرتنی زێدەڕۆیی لەسەر بەکارهێنانی ئاو و تۆڕەکانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی پاککردنەوە، ئەمانە و چەندین پلانی دیكەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو لە بەرنامەی حكوومەتدان، چونكە ئاو سامانێكی نیشتمانیی بە نرخە، سامانێکە تایبەت نییە بە نەوەی ئەمڕۆ، بەڵکوو وەکو سەرەکی ترین ڕەگەزەکانی گەشەپێدانی بەردەوام دەبێت لەئێستاوە خەمی نەوەکانی داهاتوومان هەبێت و لە هەوڵی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی دابین و بەپێی پێویستیشمان ئاوی سەر زەوی بەکار ببەین و پلانی پاراستنیمان هەبێت.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سوپاسی حكوومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایكای كرد و رایگەیاند: بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سوپاستان دەكەین لە رابردوودا هاوكاری دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوونە، ئێستاش بەردەوامن لە هاوكارییەكانتان، ئێمە وەك حكوومەت و خەڵكی كوردستانیش پێزانینمان بۆ هاوكاری و دڵسۆزیتان هەیە كە لە بواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پەرەپێدانی توانای مرۆیی و كردنەوەی خولی راهێنان بۆ كارمەندانی حكوومەت لەگەڵ ئێمەدا هەماهەنگ و هاوكار بوونە. گوتیشی: گرنگە خەڵكی كوردستانیش بزانن ئاژانسی جایكا و حکوومەتی ژاپۆن، پاڵپشتێكی باشی حكوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان بوونە، بە تایبەتی لە رێگەی ئاژانسی جایكاوە تواندراوە چەندین پرۆژەی گرنگ بۆ باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە دهۆک، لە سلێمانی، لە هەولێر و هەڵەبجە ئەنجام بدرێن.


هەر لە مەراسیمەكەدا بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و جێگری پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئاژانسی جایكا وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە وردەكانی گرێبەستەكەكان كرد كە گرنگییەكی زۆریان بۆ شاری هەولێر هەیە، هاوكات نوێنەری ئاژانسی جایكا جەختی كردەوە كە پڕۆژە و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی جایكا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بەمزووانەش پرۆژەی دیكەیان دەبێت.

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.