Erbil 27°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 20:43

نێچیرڤان بارزانی: سەرۆکایەتی هەرێم هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکومەت دەکات بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان

کوردستان TV
100%

به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی نه‌هێشتنی توندو تیژی دژی ئافره‌تان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

پەیامی سەرۆکی هەێمی کوردستان بۆ ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندتیژی دژی ئافره‌تان

لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ژناندا، جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیى پشتگیرى له‌ مافه‌كانیان و هه‌وڵ و کاری بەردەوام بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژیی دژى ژنان دەکەینەوە. كوردستانیش وه‌ك هه‌موو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قۆناغێکی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕێنێت. ئافرەتان لە ماڵ و نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکان، ئەرکێكى قورسیان کەوتە ئەستۆ.

ژنان لە بەرەی پێشەوەی خەبات بوون بۆ پەروەرده‌ی منداڵ و پاراستنی هاووڵاتیان و ڕێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆش. دەستخۆشی لە پەرستار و پزیشک و کرێکار و کارمەندانی تەواوی دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکانی کوردستان و سوپاسى ئه‌رك و ماندووبوونیان ده‌كه‌م.

قەیرانی ئابووری و دارایی كه‌ لێكه‌وته‌ى په‌تاى كۆڤید_19ن، لەگەڵ گرژییه‌ سیاسییه‌كان، دەستکەوتەکانی ژنان ده‌خه‌نه‌ مەترسییەوە، به‌ڵام ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەگەڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كانى حکوومەتی هەرێمى كوردستان کار ده‌که‌ین بۆ پاراستی دەستکەوتەکانیان و نه‌هێشتنى توندوتیژی و مسۆگه‌رکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی. له‌ هه‌ر شوێن و ئاستێكدا بێت، به‌ره‌نگارى گێچەڵ و دەستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تان ده‌بینه‌وه‌.

توندوتیژی، پرسی مافی مرۆڤ و هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە پیاوان ڕۆڵی كاراتر ببینن، بەشێکی گەورەی چارەسەر بن و ڕۆڵیان له‌ نەهێشتنی توندوتیژیدا هه‌بێت. كاتى کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ پیاوان بووە مایەی هۆشیاری و بەخۆداچوونەوە کە ناوماڵ تەنها شوێنی حەسانەوە نییه‌، بەڵکوو شوێنی کار و هاوکاری و بەجێهێنانی ئەرکەکانیشمانە بەرامبەر دایک و خوشک و هاوژین و پەروەردەی منداڵەکانمان.

ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەت دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە بۆ ئه‌م پرسه‌ بە گوڕ و تینێکی زیاتره‌وه‌ پشتگیریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بكه‌ن. ئافره‌تان دڵنیا دەکەینەوە کە هاوکاری و هەماهەنگیمان بۆ گه‌یشتن به‌ ئاکامی باشتر بەردەوام دەبێت.

هیوادارم چالاکی و کارەکان تەنها لەم شازدە ڕۆژه‌دا قەتیس نەمێنن، بەڵکوو هەمووان پێکەوە بە ژن و پیاوەوە ڕۆژانە کار بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بۆ ئاشتی و یەکسانی و دادوەری، بكه‌ین.

هیوای سەرکەوتن و تەندروستی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٥/ ١١/ ٢٠٢٠

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.