Erbil 24°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 05:15

چەند ڕێنماییەکی گرنگ بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی لەم وەرزی سەرمایەدا

کوردستان TV
100%


1. هەرکات هەستت بە بێهێزی و ماندووبوون کرد یەکسەر سەردانی  دەرمانخانەکان مەکە بۆ وەرگرتنی دەرمان ،چونکە زیان بە ئەندامەکانی تری جەستەت دەگەیەنێت، پێویستە بە ڕاوێژکردن بێت لەگەڵ پزیشکەکەتان .
2. لە هەفتەی یەکەمدا دوور بکەونەوە لە وەرگرتنی دەرزی و دەرمانی ( دیگزامیسازۆن ) چونکە ناهێڵێت خانە و ئەنزیمەکانی  بەرگری بجەنگن دژی ڤایرۆس و دەبێتە هۆی گەشەی ڤایرۆس و بەمەش "ڤایڕەڵ لۆد" زیاد دەکات و نەخۆشیەکە چەند ڕۆژێک دوادەکەوێت و سوڕی ڤایرۆسەکە درەنگتر تەواو دەبێت !!!
3. وەرگرتنی دەرمانی ئەنتیبایۆتیک لە هەفتەی یەکەمدا و بەبێ هەبوونی هیچ هەوکردنێک دەبێتە هۆی دواخستنی سیستەمی بەرگری چونکە ئەمە دژە بەکتریایە ، لەکاتێکدا کۆڕۆنا ڤایرۆسە و لەئەگەری بوونی هەر بەکتریایەک لە داهاتوودا نەخۆشەکە سوود لە دەرزی ئەنتیبایۆتیک نابینێت ئەگەر پێشتر وەری گرتبێ !
4. هەرکات ئۆکسجین لە 90 کەمتر بوو پێویستە ئۆکسجین بۆ نەخۆشەکە دابین بکرێت بەبێ دوودڵی بۆیە دوای مەخەن بۆ 24 کاتژمێر.
5. ئەو ئامێرە ئەلیکتڕۆنیانەی سەر پەنجه بۆ پێوانی ڕێژەی ئۆکسجین ( Oxymeter ) زۆر جێگای پشت پێبەستن نین بۆیە پێویستە لەسەر کەسێکی ئاساییی تاقی بکرێتەوە ئینجا بخرێتە سەر پەنجەی نەخۆش بۆئاوەی تووشی دڵەڕاوکێ نەبن.
6. ئەوانەی توانای خواردن و خواردنەوەیان هەیە نابێت ژیناو ( مغذی ) وەربگرن.
7. کاتێک تووشبوو گەیشتە ڕۆژی نۆیەم و دەیەم هەست بە هیلاکییەکی زۆر دەکات ، با پشوو بدات نابێت زۆر بجوڵێت ، تەنها ناوە ناوە خۆی بخاتە سەر سنگ  .
8. نەخۆش کە توانی هەفتەی یەکەم هەموو کاتژمێرێک تەنها 1 خولەک بجوڵێت یان سوجدە ببات پێویستی بە دەرزی خوێن شلکردنەوە نییە تەنها ئەوانەی کێشەی دڵ و بۆڕی خوێنیان هەیە و بەتەمەنن.
9. ئەم وەرزە زۆر ساردە ؛ بەڵام نەخۆش بەم ڤایرۆسە هەست بە گەرما دەکات یان دەروونی شڵەژاوە و حەز دەکات دەرگا و پەنجەرە کراوە بن بۆیە نابێت بەهیچ جۆرێک ژوورەوە سارد بێت چونکە دەبێتە هۆی کرژبوونی ماسولکەکانی بۆڕیچکەی هەواو و دواتر تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسە و زۆربوونی کۆبوونەوەی بەڵغەم کە ئەمانەش ڕێژەی ئۆکسجینی جەستە زۆر دادەبەزێنن !
10. ئەوانەی لەسەر ئۆکسجینن و ناتوانن بجوڵێن پێویستە هەموو کاتژمێرێک 5 خولەک بخرێنە سەر  ( لای ڕاست ، چەپ و سەر پشت ) ئینجا 15 خولەک بخرێنە سەر سنگ ، دواتر بخرێنەوە سەر ئەو لایەی کە خۆی پێی خۆشە ، بەڵام نابێت هەرگیز بەپێ ببرێن بۆ توالێت چونکە ئۆکسجینیان دێتە خوار 50 و 60 .
11. ئەم وەرزە زۆر ساردە و نابێت کەسی تووشبوو وەکو هاوین مامەڵە بکات و خۆی بشوات، دەبێت تاوەکو تێپەڕینی سەرجەم نیشانەکان لەماوەی 2 بۆ 3 هەفتەدا ئارام بگرێت و دووربکەوێتەوە لە خۆشۆردن بۆ ئەوەی تووشی کرژبوونی ماسولکەکانی ڕێڕەوی هەناسە نەبێت .
12. قەرەباڵغی لەسەر نەخۆشەکانتان درووست مەکەن ، تەنها 1 کەستانی لەلا بێت ، ئەویش ئەبێت ماسکی پێوە بێت.
13. ئەگەر ئازارێک یان ساردبوونێک یان شینبوونەوەیەک لە یەکێک لە پەلەکانی نەخۆشەکەتان هەست پێکرد خێرا پسپۆڕی تایبەتمەند ئاگادار بکەنەوە ، هەرگیز مەیخەنە ڕۆژێکی تر ، چونکە گیرانی بۆڕی خوێنی پەلەکان بەم ڤایرۆسە سێ هێندەی کەسێکی ئاساییە .
14. کاتێک ڕۆژی نۆیەمتان تێپەڕاند  و ئۆکسجینتان هێشتا 90 کەمتر نییە ، بەڵام بێهێزن و خەوتان تێکچووە و خواردنتان کەمبۆتەوە ؛ مەچن چەندین دکتۆر و خەستەخانە بگەڕێن و داوای " سیتی سکان " بکەن .
15. کۆکەکانتان لە دوای ڕۆژی دەیەم زۆر زیاد دەبێت پێویست بە چارەسەر ناکات ، بەڵکو بکۆکن باشترە بەڵام دەمتان دامەخەن کاتێک دەکۆکن بۆئەوەی نەبێتە هۆی دڕانی پەردە تەنکەکانی سییەکان.
16. وورەبەرزی باشترین و نایابترین چەکە دژی کۆڕۆنا ڤایرەس , بۆیە هەرگیز نەترسن چونکە خەڵکێکی زۆر لە تۆ بەتەمەنتر و نەخۆشتر و هیلاکتر لە ماڵەوە تێیانپەڕاندووە.
هیوادارم خۆتان بپارێزن و پابەند بن تاوەکو تێپەڕینی ئەم شەپۆلە تازەیە ... 
د. رەوەند عبدولرەحمان عیسا
پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ، دڵ و بۆڕییەکانی خوێن

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.