Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 05:06

خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ رۆمانی (له‌قینه‌ی به‌رده‌کان)

  رۆمانی(له‌قینه‌ی به‌رده‌كان) له‌  نووسینی سه‌لام عومه‌ر
کوردستان TV
100%

 مه‌غدید حاجی 

  پێشه‌كی:

   سه‌لام عومه‌ر ،ماوه‌ی زیاتر له‌ ۳۰ ساڵه‌ وه‌كو شاعیرو رۆژنامه‌نووس ، ئه‌سپی خۆی له‌ مه‌یدانی رۆشنبیری كوردی تاوداوه‌. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا وه‌كو زۆر له‌ شاعیرانی دیكه‌،ده‌ستی به‌ چیڕۆك و ڕۆمان نووسین كردووه‌،دیاره‌ خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و زه‌خیره‌یه‌كی هزری پێشكه‌وتنخوازانه‌یه‌، جا مرۆڤێكی وا جوان و هه‌ست ناسك و داهێنه‌ر،هه‌میشه‌ تێكه‌ڵ له‌گه‌ل دنیای سیاسه‌ت و بواری نووسین و رۆشنبیریدا، له‌م بارودۆخه‌ی كوردستاندا، بۆی هه‌یه‌ ئه‌و بیرۆكه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ هزریدا چه‌كه‌ره‌ ده‌كه‌ن، پێده‌گه‌ن،ئه‌گه‌ر نه‌كرێ به‌ هۆنراوه‌ ده‌ریان ببڕێت،پێویستیان به‌ مه‌ودای فراوان و چاره‌سه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌،خاوه‌ن ململانێن،كه‌سایه‌تییه‌كانی جۆراو جۆرن و هزرو بیری داگیر ده‌كه‌ن،دواجار بگونجێن وه‌كو كه‌ره‌سته‌ بۆ داهێنانی چیڕۆك یان رۆمان،بێگومان هاوڕێ سه‌لامیش ده‌ستبه‌رداریان نابێت و به‌ شێوازو زمانه‌ ئه‌ده‌بییه‌جوانه‌كه‌ی،به‌ توانای روح خستنه‌ به‌ر كه‌سایه‌تییه‌كان و توانه‌وه‌و تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ل زه‌خیره‌ی به‌سه‌رهات و چیڕۆكه‌كانی رابردووی ژیانی، توانیویه‌تی ژماره‌یه‌ك چیڕۆك و رۆمان پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ری كورد بكات و چاوه‌ڕوانی زێتریشی لێده‌كرێت.. هیواداریشم تا رۆمانێك ده‌نووسێت ده‌ رۆمانی جیهانی بخوێنێته‌وه‌، تاكو له‌ دواڕۆژدا به‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌م و رۆمان نووسه‌كانی ترمان، رۆمانی كوردی تازه‌ سه‌رهه‌ڵداویش، له‌ ئاستی داهێنانه‌ جیهانییه‌كان نزیك بێته‌وه‌.

 خوێندنه‌وه‌یه‌كی ساده‌م  بۆ رۆمانێكی جوان:

  من كه‌ لێره‌داچه‌ند دێرێك له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌ی هاوڕێ سه‌لام ده‌نووسم، نه‌ ره‌خنه‌گری رۆمانم،نه‌ ئه‌وه‌نده‌ش شاره‌زای جیهانی فراوانی ئه‌م به‌شه‌ی ئه‌ده‌بیاته‌م، به‌ڵام یه‌كێكم له‌ شه‌یدایانی خوێندنه‌وه‌ی رۆمان و هه‌ندێ جار ئاره‌زوو ده‌كه‌م دوای خوێندنه‌وه‌ی كتێبێك به‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌م، له‌وانه‌شه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بم..

 (به‌رد) له‌م رۆمانه‌دا نه‌ك هه‌ر له‌ جێی خۆی سه‌نگینه‌،نه‌ك ته‌نیا  شاخه‌ سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستانی لێپێكهاتووه‌، ئه‌و شاخانه‌ی به‌ سه‌نگه‌ره‌كانیان نه‌ته‌وه‌یه‌كیان پاراستوه‌،" ئه‌و شاخ و به‌ردانه‌ی هه‌ڵۆكانی له‌ نێو بێشه‌لانه‌كانیدا قایمكردووه‌و پێیان ده‌ڵێت ؛تا من هه‌بم ئێوه‌ ده‌مێنن و تا ئێوه‌ش بمێنن من په‌ناگه‌تانم". به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا به‌رد ده‌بێته‌ هۆی مه‌رگه‌ساته‌كانی ئه‌م رۆمانه‌!! (نازدار) به‌ به‌رد جوانه‌مه‌رگ ده‌بێت،رزگاری خۆشه‌ویستی دیسان له‌ ئه‌نجامی له‌قینی به‌رده‌كاندا گیان له‌ ده‌ست ده‌دات،دوا جاریش رۆمانه‌كه‌ له‌ كاریگه‌ری و چیڕۆكی به‌ردان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌و به‌ گه‌شبینی كۆتایی دێت..

 ئه‌گه‌ر رزگار له‌ (سه‌فین) گیانی له‌ ده‌ستدابێت، به‌ڵام (قه‌ندیل) ی هاوڕێی به‌ موراد ده‌گات!!

 دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه‌ به‌ جارێك خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ باش له‌ فه‌لسه‌فه‌ی له‌قینی به‌رده‌كانی سه‌لام عومه‌ر نه‌گه‌یشتم،به‌ڵام ئه‌وه‌شم لا روونه‌ كه‌ دڵدارانی راسته‌قینه‌،هه‌ر له‌ (مه‌م وزین) و (شیرین و فه‌رهاد) و كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو حه‌یرانه‌كانی كورده‌واری،تاكو (رزگارونازدار)ی ئه‌م رۆمانه‌،دڵداری پاك و راسته‌قینه‌ن،دڵیان وه‌ك به‌رد ره‌ق نییه‌،هه‌میشه‌ له‌ پێناوی په‌یامی خۆشه‌ویستیدا قوربانییان داوه‌،خاوه‌ن رابردوو مێژوێكی جوانن له‌ ئه‌وینداریدا..

 له‌ چاره‌گی یه‌كه‌می رۆمانه‌كه‌دا،مه‌رگه‌ساتی گیان له‌ده‌ستدانی رزگاری قوتابی به‌شی جیۆلۆجیا ،ده‌مانتاسێنی به‌ڵام دوایی رۆماننوس ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دواوه‌، بۆ چیڕۆكی خۆشه‌ویستی رزگارو نازدارو رۆڵی قه‌ندیلی هاوڕێی دڵسۆز.. ئیتر رۆماننوس روح وه‌به‌ر كه‌سایه‌تییه‌كان دێنێ و له‌گه‌ل فرمێسك رژان له‌ چاوانی رزگارو دوڵبه‌رو لالی و قه‌ندیل و وه‌لی ،خوێنه‌ری رۆمانیش دڵۆپه‌ ئه‌سرینی ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر كوڵمه‌كانی..دوڵبه‌ر كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕی نازدارو ده‌بینێ چۆن له‌ لایه‌ن رزگاره‌وه‌ ره‌نگكراوه‌،به‌ گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت،؛"خوشكه‌ نازداره‌كه‌م ئه‌م ره‌نگانه‌ تارای بوكێنیته‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ت به‌سه‌ری دادایت،خۆزگه‌ له‌ جیاتی تۆ منبام".. ئه‌م ده‌ربڕینه‌، ئه‌م ده‌سه‌ته‌واژه‌یه‌،ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت ئه‌گه‌ر رۆماننوس خاوه‌ن هه‌ست و تواناو ئه‌زموونێكی شایسته‌ نه‌بێت ، ئه‌م جۆره‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ی بۆ نایه‌ت.

 رۆماننوس دوو كه‌سایه‌تی جوان دێنێته‌ ناو رۆمانه‌كه‌ی،یه‌كه‌میان (لالی) هه‌میشه‌ مه‌ست و شه‌یدای ده‌نگی حه‌مه‌ جه‌زا،دووه‌میان (وه‌لی) هاوڕێی زانكۆ كه‌ بۆیان ده‌بێته‌ وه‌لی راسته‌قینه‌..تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ل ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ مه‌یخۆره‌،رۆماننوس ده‌یه‌وێت خوێنه‌ر به‌ مه‌ی و جیهانی مه‌یخۆران ئاشنا بكات و بیسه‌لمێنی كه‌ مه‌ی بۆ ئه‌ویندارانی خه‌مبار،بۆ ئاشقانی دڵسوتاو،ده‌بێته‌ هاوڕێیه‌كی خه‌مڕه‌وێن.

 له‌ ل ۱٥۷-۱٦۰ كه‌ نامه‌ی دوڵبه‌ر بۆ رزگار ده‌خرێته‌ روو،رۆماننوس شایانی ئافه‌رین لێكردنه‌،كه‌ چۆن توانیویه‌تی هه‌ستی دڵه‌ برینداره‌كان ده‌رببڕێت.. دواتر له‌ نامه‌ی قه‌ندیل بۆ دوڵبه‌ر كه‌ ده‌ڵێ" له‌ جیاتی كراسێكی خوێناوی دڵم بۆ هێناوی"..باڵاده‌ستی ئه‌ده‌بی نووسه‌ر ده‌سه‌لمێنێت.

 به‌ر له‌ كۆتایی رۆمانه‌كه‌له‌ زه‌ماوه‌ندی قه‌ندیل و دوڵبه‌ردا چۆن ئه‌م باگوردانه‌ به‌ردینه‌ له‌سه‌ربان له‌قی و كه‌وته‌خوارو گیانی ئه‌و مێرد منداڵه‌ی له‌ ناوبرد كه‌ كاتی خۆی به‌ هاویشتنی به‌رد نازداری جوانه‌مه‌رگ كرد، تۆ بڵێی ئه‌م رووداوه‌، بێ مه‌به‌ست، تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ بێت؟!! ئاهه‌نگ ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ژیان ناوه‌ستێت،قه‌ندیل و دوڵبه‌ر به‌یه‌ك شاد ده‌بن، روحی رزگارو نازداریش شاد ده‌بێت!!

  هه‌ندێ ورده‌ سه‌رنج:

   ــ (پێشنیاز) له‌ (پێشنیار) راستتره‌.

  ــ ل۱۱۱ سابوونی ره‌قی زۆر كه‌ف ناكات و كه‌فاوه‌كه‌شی وه‌ك به‌فر سپی نییه‌!!

  ــ ل۱٦۹-۱۷۱ هه‌روه‌ها ل۱۷۲-۱۹۷ له‌ لێدوان له‌سه‌ر هه‌ردو قه‌ڵای قه‌ڵادزێ و هه‌ولێر، هه‌روه‌ها باسكردنی مناره‌ی چۆلی هه‌ولێر كه‌ ته‌مه‌نی له‌ هه‌زار ساڵ كه‌متره‌ نه‌ك زیاتر،راسته‌ هه‌ندێ زانیاری و وورده‌كاری سوودبه‌خش به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ، به‌ڵام شێوه‌ی راپۆرت و روونكردنه‌وه‌و درێژ دادڕی بۆ ده‌قی ئه‌ده‌بی رۆمان به‌گونجاو نازانم..

  ــ ناوی (ئه‌حه‌ی بۆیاخچی)م بۆ  كه‌سایه‌تییه‌كی كاسب و جوامێرو باوكی رزگار به‌ جوان نابینم، ده‌با ناوێكی تری لێنرابا..

  ــ رۆماننوس كه‌ له‌سه‌ر زاری وه‌لی هه‌ولێری ده‌دوێت، هه‌ندێ ووشه‌و ناوی به‌كارهێناوه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ولێرییه‌كان به‌كارنایه‌ت ، به‌ڵك زیاتر له‌ شێوه‌زاری خۆشناوه‌تی و باڵه‌كایه‌تی به‌كاردێت، وه‌كو: خڕ، وارێن، هه‌وكه‌، هایی له‌ خۆی نییه‌..هتد

  له‌ كۆتاییدا ریزو خۆشه‌ویستیم بۆ هاوڕێی نووسه‌ر دووپاتده‌كه‌مه‌وه‌، هیوای ته‌ندروستی وته‌مه‌ن درێژی و به‌رهه‌می به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازم.

  رۆمانی(له‌قینه‌ی به‌رده‌كان) له‌  نووسینی سه‌لام عومه‌ر ،دیزاینی به‌رگ وناوه‌رۆك: هێرش مه‌غدید ئه‌حمه‌د  چاپی یه‌كه‌م، ۲۰۲۰

هه‌ولێر ۱۰-۱۱-۲۰۲۰

كوردستان TV

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.