خانەوادەی کۆچکردوو دکتۆر نەجمەدین کەریم سوپاسنامەیهكیان بڵاوكردهوه رایانگهیاند: چۆن خوالێخۆشبوو، هەموو توانایەکی لە ئەمریکا بۆ خزمەتی دۆزی میلەتەکەمان لە چوار بەشی کوردستان بەکاردەهێنا، بەو چەشنە درێژەپێدەری رێبازەکەی کۆچکردوو دەبین.
جەماوەری بەشەرف و سەربەرزی کوردستان و کەرکوك
پارت و کەسایەتیە سیاسیەکان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
بە خەم و پەژارەوە ڕۆژی 30ی ئۆکتۆبەر هەواڵی کۆچی دوایی (دکتۆر نەجمەدین کەریم)ـمان پێی ڕاگەیاندن، ئەمەش کۆستێکی گەورەبوو، چ بۆ بنەماڵە و بۆ میلەتی کورد.
ئازیزان.. هاوسۆزی و هاوخەمی ئێوە بۆ کۆچیی دوایی خوالێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین کەریم، ئارامی و ئاسودەیی لەم کاتە تەنگ و خەمگینەدا پێی بەخشین، کە ئەو هاوسۆزی و هاوخەمییەی ئێوەش گەواهیدەری ئەو خزمەتەیە کە خوالێخۆشبوو لە ماوەی نیو سەدە کاری سیاسی بۆ گەلەکەی و بە تایبەت بۆ شاری کەرکوکی کردووە.
لێرەوە رێز و سوپاسگوزاری خۆمان بە هەموو لایەك رادەگەیەنین، بە تایبەت و خەڵکی بە شەرفی شاری کەرکووك و کوردستان بەگشتی کە هەرگیز هاوخەمیان بۆ کۆچیی دوایی دکتۆر لە بیر ناکەین.
هەروەها سوپاسگوزاری خۆمان لە بەڕێزان سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەریم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و کۆسرەت ڕەسوڵ، سەرۆکی ئهنجومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی (ی ن ک) و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە چ لە کاتی نەخۆشکەوتنی خوالێخۆشبوو و چ لە کاتی کۆچکردنی تا ساتی هێنانەوەی بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان و بە خاكسپاردنی، لە پەیوەندی هەماهەنگیدا بوونە لەگەڵمان، وە سوپاسی سەرجەم سەرکردایەتی پارتەسیاسیەکان و کەسایەتیە کۆمەلایەتیەکان دەکەین لە ھەر چوار بەشی کوردستان کە ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆیانیان پێ راگەیاندین .
جارێکی تر ڕێز و سوپاسی خۆمان بە هەموو لایەك رادەگەیەنین و بەڵێن دەدەین، وەك چۆن خوالێخۆشبوو، هەموو توانایەکی لە ئەمریکا بۆ خزمەتی دۆزی میلەتەکەمان لە چوار بەشی کوردستان بەکاردەهێنا، بەو چەشنە درێژەپێدەری رێبازەکەی کۆچکردوو دەبین و بۆ هەمیشە ماڵ و توانامان لە ئەمریکا لە بەردەم کوردان و سەرکردە سیاسیەکانی چواربەشی کوردستان کراوە و واڵابێت.
ئارامی و ئاسودەیی بۆ رووحی پاکی دکتۆر نەجمەدین
ئاسودەی بۆ رووحی تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری میلەتەکەمان.
خانەوادەی کۆچکردوو
دکتۆر نەجمەدین کەریم
2020/11/7
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.