ئێواره‌ى رۆژی هه‌ینى 6/11/2020 به به‌شداریى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له ته‌رمى خوالێخۆشبوو د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، كه‌سایه‌تى و سیاسه‌تمه‌دارى كوردستان و پارێزگارى پێشووى كه‌ركووك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانه‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا وێڕاى خێزان و كه‌سوكار و دۆستانى خوالێخۆشبوو، به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، نوێنه‌رى سه‌رۆك بارزانى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى وه‌زیران و نوێنه‌رانى هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و به‌رپرسانى حكوومى و حیزبى ئاماده بوون. دواى دانانى تاچه‌گوڵینه له‌سه‌ر ته‌رمى خوالێخشبوو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وته‌یه‌كى له‌باره‌ى ژیان و خه‌بات و ڕۆڵ و پێگه‌ى د. نه‌جمه‌دین كه‌ریمه‌وه پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
كەسوكار و بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو د. نەجمەدین كەریم،
ئامادەبووانی بەڕێز،
كوردستانیانی خۆشەویست،
ئەمڕۆ هەموومان لێرە بە خەمباری، بەڵام بە سەربەرزی پێشوازی لە تەرمی كەسایەتیی لێهاتوو و تێكۆشەری كوردستان د. نەجمەدین كەریم دەكەین. د. نەجمەدین كەریم بە سەربەرزی ژیا، هه‌ر یه‌كێك لە ئێمەش دەتوانێت زۆر بە سەربەرزی یادی بكاتەوە، ئەمڕۆش ئێمه هه‌موومان پێكه‌وه بە سەربەرزی پێشوازی له ته‌رمى پیرۆزى ده‌كه‌ین.
د. نەجمەدین كەریم كەسێكی ئازا و بوێر بوو. ئازایەتییەكی كەركووكیانە و گەرمیانیانە لە خوێنی‌دا هەبوو، هەر ئەو بوێرییەش وایكرد چەندین هەڵوێست بخاتە مێژووی خەبات و كار و ژیانی خۆیەوە. د. نەجمەدین كەریم بەر لە تەواوكردنی خوێندنی پزیشكی لە عێراق، ببووە ئەندامی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، دوای تەواوكردنی خوێندنیش بەبێ دوودڵی وەك پزیشكێك پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كرد و بووە پێشمەرگە. لە ماوەیەكی كورتیشدا توانی ببێتە جێگەی متمانەی مەلا مستەفاى بارزانیی ڕابەری شۆڕش. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاگادار و بەشدار بوو له هەندێك لە ئامادەكارییەكان بۆ درێژەپێدان بە شۆڕش و هەڵگیرساندنهوهی شۆڕشی گوڵان. دوای نەخۆشكەوتنهوهی بارزانیی نەمر، د. نەجمەدین كەریم وه‌ك پزیشكێك لەگەڵى چوو بۆ ئەمه‌ریكا.
د. نەجمەدین كەریم، لە كاتی مانەوەی لە ئەمه‌ریكا خوێندنی باڵای لە بوارەكەیدا تەواو كرد و بووە یەكێك لە پزیشكە متمانەپێكراوەكان لە سەرتاسهرى ئەمه‌ریكا، لە بواری ئەكادیمیشدا پێگەیەكی بەرزی هەبوو. دكتۆر پێشكەوتنی خۆی لە بواری پزیشكیدا بۆ پەیداكردنی دۆست بۆ چارەسەری كێشەی كورد بەكارهێنا، هەوڵی دەدا زۆرترین پشتیوانی بۆ مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنێت. بە ڕاستی كاتی مانەوەى لە ئەمه‌ریكا، زۆر دۆستی بۆ كورد پەیدا كرد و بەردەوام كارئاسانی دەكرد بۆ شاندی پارتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسانی ئەمه‌ریكا ببینن و قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن. بەو شێوەیە بە درێژاییی ژیانی لە ئەمه‌ریكا، لە خەباتكردن بۆ كوردستان دانەبڕا و بەهۆی كاركردنییه‌وه بۆ كوردستان، دۆستایەتی لەگەڵ حزب و لایه‌نه‌كانى هەموو پارچەكانی تر‌ى كوردستان دروست كردبوو.
بەڕێزان..
د. نەجمەدین كەریم ساڵی 2009 گەڕایەوە كوردستان و بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ڕاستیش یەكێك بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو، د. نەجمەدین كەریمیش بۆ خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، ئه‌وه‌ى پێى كرا بە دڵسۆزی جێبه‌جێى ده‌كرد.
د. نەجمەدین عاشقی كەركووك بوو، وەك خۆی دەیگوت كەركووك بۆ ئەو وه‌كوو دڵ وایە، لەبەر ئەوەش كه نیسانی 2011 بووە پارێزگاری كەركووك، بە عەشقەوە و به‌وپه‌ڕى دڵسۆزییه‌وه كاری بۆ كەركووك دەكرد و بە هیچ شێوەیەكیش لە كاركردن بۆ كەركووك و كەركووكییەكان ماندوو نەدەبوو. ئەگەر تەماشای ئەو ماوەیە بكەین كە د. نەجمەدین كەریم پارێزگار بوو، دەبینین گەورەترین بووژانەوەی كەركووك لە سەردەمی ئەودا بووە. نزیكەی (600) قوتابخانە دروست كران، سێدەوامی لە قوتابخانەكانی كەركووك نەما، زیاتر لە (30) بنكەی تەندروستی دروست كران، 70%ی جاده‌ى ناو گەڕەكەكانی كەركووك قیڕتاو كران، نەخۆشخانەی ئازادی بە شێوەیەكی زۆر باش نۆژەن كرایەوە، نەخۆشخانەیەكی گەورەی هاوچەرخ بۆ حەویجە دروست كرا، ڕێگەی سلێمانی ـ كەركووك ـ بەغدا، هەروەها ڕێگەی كەركووك ـ هەولێر كرایە جووتسایدى، بەنداوی خاسەجای دروست كرد، ساڵانە نزیكەی (400) پڕۆژەى لە كەركووك جێبەجێ ده‌كرد.
د. نەجمەدین كەریم هەوڵی دەدا خزمەتی هەموو كەركووكییەكان بكات بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەشی دەزانی كە كەركووك كێشەی ناوەندیی كوردستانە لە عێراق، لەبەر ئەوەش لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆك مام جەلال به‌وپه‌ڕى دڵسۆزییه‌وه هه‌وڵى ده‌دا كه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێت.
زۆرێك له‌و پرۆژانه كه به هاوكاریى ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كه‌ركووك جێبه‌جێ ده‌كران، جه‌نابیان به‌وپه‌ڕى دڵسۆزییه‌وه كه ده‌هات و قسه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌كرد، هه‌میشه پێداگرى له‌وه ده‌كرد كه ده‌بێت هاوكارى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان له كه‌ركووك به شێوه‌یه‌كى باش جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌و به‌وپه‌ڕى دڵسۆزییه‌وه هه‌وڵى ده‌دا كه كێشه‌كانى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بكات، ده‌یزانى گرفتى بنه‌ڕه‌تیى نێوان حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مه‌سه‌له‌ى كه‌ركووكه كه جه‌وهه‌رى بنه‌ڕه‌تیى كێشه‌كانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر پابه‌ندنه‌بوونى لایه‌نه عێراقییه‌كان به مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق، تا ئێستاش ئه‌و كێشه‌یه به هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش زیانێكى زۆرى هه‌بووه و هه‌یه بۆ هه‌موو عێراق.
لێرەشه‌وه لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدین كەریمدا، جارێكی دیكە دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه ده‌بێت كێشه‌ى كه‌ركووك و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بە شێوه‌یه‌كى ئاشتیانە و بە دیالۆگ، لەسه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت. هەرچەند ئه‌و كێشه‌یه دوا بخرێت، ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیەش ئێمە جارێكی تر داوا دەكەین، پێكەوە دابنیشین و ئەو كێشانه لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكەین.
بەڕێزان ..
د. نەجمەدین كەریم، دوای ژیانێكی پڕ لە كار و تێكۆشان، بەجێی هێشتین. ئەمڕۆ جارێكی دیكە هاوخەمیی خۆم و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسوكار و خزمانی، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى خۆشه‌ویستى شارى كەركووك و هەموو گەلی كوردستان، دووپات دەكەمەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی، ئەمڕۆ بە شێوەیەكی كاتی لە هەولێر دەنێژرێت. هیوادارین زوو ئەو هیوایەی د. نەجمەدین بێته دى كە داواى كردبوو ته‌رمه‌كى بۆ هه‌میشه بگه‌ڕێته‌وه بۆ شارى كه‌ركووك. هیوادارین دۆخێكى وا به زوویى بێته كایه‌وه و ئێمه بتوانین ته‌رمى د. نه‌جمه‌دین بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ كه‌ركووك.
دیسانه‌وه سه‌ره‌خۆشى له كه‌سوكارى د. نه‌جمه‌دین ده‌كه‌م، سه‌ره‌خۆشى له سۆزان خان و منداڵه‌كانى ده‌كه‌م، هاوبه‌شى خه‌میانین و هیوادارم دوا خه‌میان بێت.
هه‌موو لایهكیتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.