سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، هێرشی ئەمڕۆی پەکەکە لە ناحیەی چەمانکێ له سنووری پارێزگای دهۆک، به توندى سه‌ركۆنه‌ى ده‌كات.
هێرشی ئەمڕۆی پەکەکە لە قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستاندا و لە ناحیەی چەمانکێ له سنووری پارێزگای دهۆک كه تیایدا پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هید و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ش بریندار بوون، پێشهاتێكى مه‌ترسیداره و به توندى سه‌ركۆنه‌ى ده‌كه‌ین. ئه‌م هێرشه هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هێرشە بۆ سەر ژیان و ئارامیی خەڵک و خاکی کوردستان.
لە کاتێکدا گەلی کوردستان گیرۆدەی چه‌ندین قەیران و کێشەیه، ئەم شەڕپێفرۆشتن و بارگرژییە له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، دۆخی هه‌رێمی کوردستان و گەلەکەمان دووچاری نەهامەتیی زیاتر دەکاته‌وه و كه‌س تیایدا براوه نییه.
وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە كه پێویستە په‌كه‌كه ڕێز لە قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هەرێمى كوردستان و حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت و شەڕ و گێچەڵ لە کوردستان دوور بخاته‌وه.
سه‌ره‌خۆشى له خێزان و كهوسوكارى پێشمه‌رگه‌ى شه‌هید (هێرش جەوهەر محه‌مه‌د) ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین، هیوای زووچاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکانمان دەخوازین، داواکارین هەموو كێشه‌كان بە دانایى و دانبەخۆداگرتن چارەسەر بکرێن و دۆخه‌كه لەوە زیاتر پەرەنەستێنێت.
سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان
4/11/2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.