د. ژیلوان تاهیر باپیر
سەرهەڵدانى شانۆى کوردى :-
توێژەراان لە دراماى کوردى ، سەرەتاکانى بزوتنەوەى شانۆى کوردى دەگەرێنەوە بۆ سەرەتاى سەدەى بیستەم ، بەڵام سەبارەت بە ساڵ و ناوى ئەو شوێنەىشانۆى تیا لە دایک بووە بیرو ڕای جیاواز هەیە .
ڕای یەکەم پێ ى وایە کە تەمسیلی ( قر الیجە ) ساڵى (1922) لەشارى سلێمانى لە گۆرەپانى ( ئەسحابە سپى ) پێشکەش کراوە یەکەم شانۆى کوردی یە ، هەرچى راى دووەمە پێ ى وایە کە یەکەم هەنگاوى شانۆگەرى لەساڵى ( 1926 ) دا بە نواندنى شانۆگەرى ( نیرون الگاغیە ) دەست پێ دەکات ، ئیتر ئەو چالاکى یە لە شارى سلێمانیدا بزوتنەوە و لەوێوە بۆ شارەکانى کوردستان بڵاوبۆتەوە . بەڵام ڕاى سێ یەم پێ ى وایە یەکەم نمایشى شانۆیى لە ساڵى ( 1921 ) لە قوتابخانەى یەکەمى هەولێر بووە .
بە شێوەیەکى گشتى لە سەرەتاى بزوتنەوەى شانۆى کوردى پێشکەش کردنى نمایشی شانۆیى لە قوتابخانەکان بووە و لە بۆنەکان پێشکەش کراوە و بۆ ئەم مەبەستەش دایکان و باوکانى قوتابیەکان داوەت کراون بەتایبەتى لە کۆبوونەوەى دایکان و باوکان کە ئەو کات زۆر گرنگى پێ دراوە وە لەوچالاکیە شانۆییانە دا جگە له هونەرمەندان ئەدیبان و شاعیران کاریگەریان هەبووەلە ڕێگەى نووسین و وەرگێڕان هەروەها کارى نواندنیشیان ئەنجام داوە .
لە سەرەتادا نمایشى شانۆیى بۆ پیاوان ، پاشان بۆ ژنان بە جیاواز پێشکەش کراوەبەڵام لە ماوەیەکى کورتدا تێکەڵ کراوە و ئەمجارەیان لە ناو هۆڵدا شوێنى خێزان جیاکراوەتەوە .
هەروەها لەو سەردەمە دا لە بۆنە نیشتمانیەکان بە تایبەتى لە نەورۆزدا لە سەیرانگاى یان شوێنى ئاهەنگ گێڕان نمایشى شانۆیى پێشکەش کراوە وەکو کاوەى ئاسنگەر و چەندین شانۆیى تر ، وە لەو سەردەمەدا پیاو دەورى ئافرهتى دەبینى .
ئەوەى شایەنى باسە لەو سهردەمەدا تێکستى شانۆگەریەکان تا کۆتایى چلەکان یەک دووێکیان نەبێت ئەوانى تر بە چاپ نەگەیەندراوە هەر بۆیە سەرنگوم کراون تەنانەت پارچەیەکیشیان لێ نەماوە تەنها وەکو ناوى شانۆگەریەکە کەوتۆتە سەر زاران و باسی لێوە دەکرێت هەر بۆیە ناتوانرێت لێکۆلینەوەى وردى لەسەر بکرێت بە تایبەتى لە رووى ناوەرۆک و بیرۆکەى فەلسەفى بەڵام ئەوەى کە جێ سەرنجە بە شێوەیەکى گشتى تێکستەکان سادەو ساکاربوون و باسیان لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانى ئەو سەردەمە دەکرد کە لە حەقیقەتدا ژیانى مرۆڤیش بە هەمان شێوەلەو سەردەمەدا زۆر سادەو ساکار بووە و بزوتنەوەکەش لە سەرەتاو جولەیەکى سەرەتایى دا بوو .
ئەم بزووتنەوەیە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا شۆڕشى گەلاوێژى ساڵى ( 1958 ) کە بارو دۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورىلە عێراقدا گۆڕنکارى بە سەردا هات و دان نرا بە یەکسانى ومافەکانى و عەرب و کورد لە چوارچێوەى کۆمارى عێراقدا وگرنگى درا بە بوارى پەروەردە و رۆشنبیرى و هونەرى و چەندین تیپی شانۆیى لە شارەکانى عێراق و کوردستان هاتە دامەزراندن و چەندین هۆڵى شانۆیى دامەزرا کە بونە هۆى بوژاندنەوەى شانۆ هەر لەو سەردەمەدا بە تایبەتى لە ساڵانى شەستەکان هەندێ لە قوتابیان کورد رویان لە پەیمانگەوکۆلێژى هونەرەجوانەکانى بەغدا کرد بۆ تەواو کردنى خوێندنى لە سەر بنەمایەکى ئەکادیمی و هونەرى و هەر ئەو پۆلە قوتابیە دواى تەواوکردنى خوێندن گەڕانەوە بۆ شارەکانى کوردستان و توانیان تەکانێک بە شانۆى کوردى بدەن.
قۆناغى حەفتاکان ( خۆدۆزینەوە ):-
دەرچونى بەیاننامەى ئازارى ساڵى ( 1970 ) دەروازەیەکى باڵاى خستە بەردەم ڕۆشنبیرى کوردى و لەپاڵ هەوڵ چالاکیەکانى تردا ، دراماش دەروازەیەکىباشى لە سەرکرایەوە و چەندین تیپى هونەرى شانۆیى لە شارەکانى کوردستان دامەزران .
هەر لەو قۆناغەدا دەرچوانى پەیمانگە و کۆلێژى هونەرەجوانەکانلە بوارى شانۆدا زیادى کرد و توانیان جوڵەیەک بەبزاڤى شانۆ بدەن لە کوردستان و چەندین بەرهەمى شانۆیى پێشکەش بکەن هەر لەو سەردەمەدا تاکە تاکە ئافرەتی کورد بەرەو پیرى شانۆوە هاتن و بەشدارییان لە شانۆ کرد کە پێش تر پیاو دەورى ئافرەتى دەبینى و لەو قۆناغەدا شانۆ لە هۆلى گەورەى شانۆیى پێشکەش دەکراوبینەرێکى باش دەهاتن بۆ بینینى شانۆیى لە رووى تەکنیکى هونەریەوەبەرهەمە شانۆییەکان لە قۆنغى حەفتاکان لە سەر بنەمایەکى هونەرى پێشکەش دەکران وەکو:- نواندن بە تەکنیکى هونەرى ودروست کردنى دیکۆرى مجەسەم و دانانى رووناکى و نەخشەکێشانى جل و بەرگ و بەکارهێنانى ئارایشت بۆئەکتەر و بەکارهێنانى مۆزیک و کارتێکەرە دەنگیەکان ، هەروەها هەوڵدان بۆ کارکردنى دەرهێنەرەکان لە سەر ستایلە ناسراوەکان یان قوتابخانە شانۆییەکان وەکو ( ستانسلافسکى ) و ( بریخت ) وچەندانى تر.
لەو سەردەمەدا هەوڵدرا تێکستە شانۆییە جیهانى یە بە ناوبانگەکان وەربگێردرێتە سەر زمانى کوردى بخرێتە سەر شانۆ وەکو شانۆییەکانى ( هاملت ) و ( شالیر ) و ( رۆمیۆ و جولێت ) و ( ئوتێل ) ى شکسبیر وەبەرهەماکانى نووسەرى شانۆیى بەناوبانگى فەرەنسى مۆلێر وەکو ( پیسکەى تەربیل ) یان تێکستە شانۆییە بەناوبانگەکانى ( برێخت ) هاوکات هەوڵدرا لێکۆڵینەوە و کتێبە گرنگەکانى شانۆیى وەربگێڕنە سەر زمانى کوردى .
هەر بۆیە ئەم قۆناغە ناوزەردەکرێت بە قۆناغى خۆدۆزینەوەو متمانە کردن لەسەر خۆ و لە دەرئەنجامدا کۆمەڵێک ئەزموونى شانۆیى سەرکەوتوو پێشکەش کران ، ساد لە دواى ساد تەکنیکى نوێى شانۆیى و ئەزموونى نوێ هێنرایە ناو شانۆى کوردى و هەر لەو ساڵانەدا ڤیستڤاڵى شانۆیى سازکراو شانۆى کوردى یان تیپ و گروپە شانۆییەکان کەوتنە پێش بڕکێ ى هونەرەى زۆربەى دەرهێنەرانى کورد ئەزموونە گرنگەکانى شانۆ لە مامۆستاکانیانەوە فێرببوون کە سەرچاوەکەى بەغدا بوو ، هەر بۆیە شانۆیى کوردى لە ژێر کاریگەرى شانۆى عێراقیدا گەشەى سەند ، ئەوانیش پێش تر ئەم ئەزموونەیان لە ئەوروپاوە وەرگرتبوو لە ڕێگەى قوتابیانى عێراقى لە ووڵاتى ئەوروپا و ئەمریکا و روسیا .
بە شێوەیەکى گشتى شانۆ لەو سەردەمە دا توانى چەند هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بێت و تەکانێک بدات بە شانۆ
قۆناغى هەشتاکان ( سەردەمى زێڕین ) :
قۆناغى هەشتاکان قۆناغێکى گرنگە لە شانۆی کوردى و لەو سەردەمەدا شانۆ لە قۆناغى لاسایى کردنەوە دەرچوو هاوکات رەخنەگرى شانۆیى پەیدابوو ئەکتەرو دەرهێنەرى ئەکادیمی زۆر بوو ، چەندین خوێندنى شانۆیان لە پەیمانگە و ئەکادیمیای شانۆیى تەواوکرد هەر لەو سەردەمە دا لە شارى سلێمانى پەیمانگەى هونەرەجوانەکان دامەزراو دەزگاى سینەما و شانۆ لە شارى هەولێر هاتە دامەزراندن و هاوکات چەندین تیپی شانۆیى دامەزران .
لەو سەردەمە دا بەرهەمى شانۆیى گرنگى زۆرى پێى درا ، بۆ ئەنجامدانى بەرهەمى شانۆیى بودجە دابین کرا و جەماوەرى شانۆش رۆژ بە رۆژ روو لە زیاد بوون دەکرد ، لە قۆناغى هەشتاکان نووسەرى شانۆیى کوردى توانیان چەندین تێکستى شانۆیى ئامادە بکەن یان بنووسن بە تایبەتى بەسوود وەرگرتن لە داستان و چیڕۆک و بەسەرهاتە فۆلکلۆریەکان .... وەک ( مەم و زین ) و ( زەمبیل فرۆش ) و
( خەج و سیامەند ) و چەندانى تر ... هەر لەو قۆناغە دا تیپە شانۆییەکان هەوڵیان دا بە ستایلى جیاواز بەرهەمى شانۆیى پێشکەش بکەن بۆ نموونە ( تیپى شانۆى سالار ) کە مامۆستا ئەحمەد سالار دایمەزراندن ، بەرهەمى شانۆیى ( ئاهەنگسازى ) پێشکەش دەکرد کە تا ئەمرۆش بەردەوامە لەسەر ئەم ستایلە وە تیپی شانۆی
( ئەزموون گەرى کوردى ) کە شانۆکاران شەماڵ عومەر و نیگار حەسیب و دانا رەئوف گروپێک لە شانۆکارانى گەنج بەرێوەیان دەبرد چەندین بەرهەمى شانۆیى ئەزموون گەرییان پێشکەش کرد ، وە بەهەمان شێوە لە هەولێر و دهۆک و کەرکوک چەندین ئەزموونى جۆراو جۆر پێشکەش کران هەر لە بەر ئەوەشە ئەو سەردەمە ناو زەر دەکرێت بە سەردەمى زێرینى شانۆى کوردى .
قۆناغى نهوهتهکان ( سەردەمى راپەڕین ) : -
قۆناغى راپەڕین قۆناغێکى زۆرگرنگە لە مێژووى گەلەکەمان کە لە بەهارى ساڵى ( 1991 ) بەرپا بوو ، کوردستان بە تەواوى ئازاد بوو، هەرێمى کوردستان بووە خاوەنى ئیدارەو ئیرادەى خۆى بەڵام تووشى قەیرانى ئابوورى بوو ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە جهماوهر لە ئەدەب و هونەر داببڕێ و بە دواى لوقمەى ژیاندا بگەڕێت ، هەر بۆیە لە دواى راپەڕین هونەرى شانۆ تووشی قەیران هات و لێرەو لەوێ چەند بەرهەمێکى شانۆیى پێشکەش دەکرا لە شارو شارۆچکەکانى کوردستان ، بەڵام رۆژ بە رۆژ رروى لە کزى دەکرد هاوکات ساڵى ( 1994 ) شەڕى ناو خۆ پەرپابوو لە کوردستان ئەوەش بووە هۆى وەستانى تەواوى هونەر و بارو دۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورى زۆر خراپ بوو ، شانۆکاران خانەى هونەریان لە شانۆوە گواستەوە کەناڵەکانى رادیۆ و تەلەفیزیۆن و لە لایەک کارى هونەریان دەکرد لە هەمان کاتدا بژێوى ژیانیان دابین دەکرد،هاوکات زۆر لە هونەر مەندە شانۆکارە ناسراوەکانى کوردستان کە ڕۆڵى گرنگیان هەبوو لە بزووتنەوەى شانۆى کوردى روویان لە هەندەران کرد و کوردستانیان بەجێ هێشت و بە نێو ووڵاتانى ئەوروپادا پەرت و بڵاو بوون ئەم توڕە بوونەى هونەرمەنادن بە تەواوى شانۆیى پەک خست و قەیرانى شانۆی کوردى رۆژ بە رۆژ زیاتر بوو .بەڵام ئەوەى جێگاى شانازیە لە قۆناغى راپەڕین چەندین پەیمانگەى هونەرى لە شارەکان کرانەوە دیاره ئهمهش کارێکی باش بوو بۆ دورستکردنی کادیری هونهری شانۆ ئهگهر چی له ههندێ لهو پهیماناگایانه کهموکورێکی زۆریان ههیه ههر له مامۆستای بهتوانا نهبوونی شوێنی شیاو بۆ پهیمانگان .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.