Erbil 31°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 12:22

ئه‌مریکا پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە

کوردستان TV
100%


  بۆ تاوتوێکردن و ئاڵوگۆڕی دیدگا لەسەر کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە سەردانی شاندی باڵای عێراقی فیدراڵ بە بەشداریی شاندێکی هەرێمی کوردستانە بۆ واشنگتۆن و پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدراڵ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، دیالۆگ و ڕێککەوتنی نێوان عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بەشەبودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، هەروا  پرسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، دیالۆگی نێوان سەرکردایەتیی (پ.د.ک) و (ی.ن.ک)، کاریگەرییەکانی کۆڤید -١٩ بۆ سەر ئابووری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، پرسەکانی ئاساییش و سەقامگیری و ڕۆڵ و کاریگەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەرخستنی دیالۆگی لێکگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریکا و عێراق تەوەری سەرەکیی گفتۆگۆی نێوان هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و بەڕێز داربی پەرلەمان، بەرپرسی نوێی بەشی سیاسی و ئابووریی کونسووڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان بوو کە لە ڕێگەی ویدیۆوە بەڕێوە چوو.

 

لە کۆبوونەوەکەدا دیدگای هەردوولا لەسەر تەوەرەکان گفتوگۆیان لەسەر کرا و ڕاوبۆچوونی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ڕاشکاوی لەگەڵ بەرپرسی سیاسیی کۆنسووڵگەری گستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خرایە ڕوو. یەکێک لە تەوەرەکان ڕێککەوتنامەی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم بوو بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێک کە هەردوو لا  پێی قایل بن لەسەر بنەمای مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و لە قۆناغی یەکەم ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و چەند بابەتێکی تر کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کاریگەریی هەبووە لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.  (پ.د.ک) پێی وایە کە ئەو ڕێککەوتنە هەنگاوێکی باشە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگی سیاسی  بە ئاراستەی دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوو لادا بۆ هاوکاری و  لێکگەیشتنی ئیتحادیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵام  زۆر کێشە و ئالیەتی تر ماون کە پێویستە چارەسەر بکرێن. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران کرا لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کە مەترسیی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و ژینگەی ناوچەکە هەبووە و بەردەوامی هەڕەشە و پەڵامارە سەربازییەکان بۆ سەر خەڵکی گوندنشین لەسەر سنوورەکان بووەتە هۆی چۆڵکردنی زیاتر لە (٥٠٠) گوند.

 

لە پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەدا (پ.د.ک) جەختی لەسەر هەڵوێستی خۆی کردەوە  کە پێویستە دەستبەجێ  ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران و شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پ ک ک و چاڵاکییە سەربازییەکانیان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بێنن کە زیانێکی زۆریان بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانیش هەڕەشەن بۆ سەر ئاساییش و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

 

لە لایەکی ترەوە هەردوو لا  کۆک بوون لەسەر گرنگیی دیالۆگی ستراتیجیی نێوان ئەمەریکا و عێراق و بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە گفتۆگۆکاندا. دیالۆگ و پەیوەندییەکانی نێوان (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) و کاریگەری و مەترسییەکانی پەتای کۆڤید-١٩ بۆ سەر کەرتی تەندروستی و ئابووری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان تەوەری تری گفتوگۆکان بوون.  

 

 

 بەڕێز داربی پەرلەمان،  پێخۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەرامبەر ڕێککەوتنی کاتیی نێوان هەولێر و بەغدا و خوازیاری چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵدا. خۆشحاڵ بوو کە یەکێتی و پارتی کۆبونەوەکانیان دەست پێ کردووەتەوە و یەکێتی و تەباییی نێوان هەردوو حیزبی بە گرنگ زانی.

لەهەمان کاتدا هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریی هەرێمی کوردستان و ئامادەییی خۆی و کونسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێر دەربڕی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان. ئاماژەی بەوەش دا کە بەڕێز ستیڤن فاگن، کونسووڵی گشتیی پێشووی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئێستا کەسی دووەمە لە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ئەویش ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.  

1

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.