Erbil 15°C یەکشەممە 12 ئایار 22:02

حکوومەت بە نیوەی نرخی بازاڕ چیمه‌نتۆ به‌ هاووڵاتیان ده‌دات

ھەر تۆنێك بە ٤٥ ھەزار دیناری عێراقییە
کوردستان TV
100%

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چیمەنتۆ بەسەر ئەو ھاووڵاتیانەدا دابەش دەكات كە دەیانەوێ خانوو دروست بكەن، بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت، چیمەنتۆی حكوومەت بە نیوەی نرخی بازاڕە.

سەردار قوربانی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند" وەزارەتی بازرگانی بڕیاری داوە چیمەنتۆ بە نرخی پاڵپشتیكراو بەسەر ئەو ھاووڵاتیانەدا دابەش بكات كە دەیانەوێ خانوو دروست بكەن، پێش قەیرانی داراییش چیمەنتۆ دابەش دەكرا، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە دابەشكردنی چیمەنتۆ راگیرابوو، چەند رۆژێكیشە دەستی پێكردووەتەوە، بۆیە ھەر ھاووڵاتییەك بیەوێ خانوو دروست بكات، سوود مەند دەبێت لە چیمەنتۆی حكوومەت".

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد" ھەندێ مەرج ھەن بۆ سوودمەندبووان، ئەوانیش مۆڵەتی دروستكردنی خانووەكە زۆر كۆن نەبێت و ھەر ھاووڵاتییەك لەنێو سەنتەری شارەكان بڕی ٥٠ تۆن چیمەنتۆی پێدەدرێت و بۆ دەرەوەی شارەكانیش ٢٥ تۆنی پێدەدرێت".

قوربانی گوتیشی" ئەو چیمەنتۆیەی دابەش دەكرێت، بەرھەمی ناوخۆیە و نرخەكەیشی زۆر ھەرزانترە لە بازاڕ، كە ھەر تۆنێك بە ٤٥ ھەزار دیناری عێراقییە و ئەوەش نرخێكی گونجاوە و بەراورد بە نرخی بازاڕ جیاوازییەكی زۆری ھەیە، مەبەست لە بڕیارەكەش ھاوكاریكردنی ئەو ھاووڵاتیانەیە كە دەیانەوێ خانوو دروست بكەن".

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.