وەزیری کشتوکاڵ سەرچاوەکانی ئاو دەڵێ: چاومان لەسەر خانووە پلاستیکیەکان و زیادکردن و هەمەچەشنکردنی بەرهەمەکانیانە و هەوڵی وەزارەتی کشتوکاڵیش ڕوەو رێکخستنەوە و تۆمارکردنی هەموویان و ئاراستەکردنیانە بۆ هەمەچەشنترکردنی بەرهەمەکانیانە بۆ ئەوەى وەک نموونەیەکى سەردەمیانەو کشتوکال کردنی پێشکەوتو بکرێنە بنچینەی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەی سەرەکی خۆبژێوی وپاراستنی ئاسایشی خۆراک.
ئەمرۆ (17/2/2020)، لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێكى (کۆمەڵەی خانووە پلاستیکیەکان، بێگەرد تاڵەبانی رایشیگەیاند وەزارەتی کشتوکاڵ پاش دەرکردنی رێنمایی نوێ دەست دەکات بە تۆمارکردن و پێدانی مۆڵەت بەو پرۆژەی خانووە پلاستیکیانەی دروست کراون ومۆڵەتیان پێنەدراوە.
ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەت بۆ رێکخستنەوەی کاروباری خانووە پلاستیکیەکان و زیادکردن و فرەچەشنی بەرهەمەکانیان.
لە میانی دیدارەکەدا کۆمەڵەی خانووە پلاستیکیەکان، چەند داواکاریی وسەرنجێکیان خستە بەردەست وەزیر و تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە سەرووی هەموویانەوە دابینکردنی بڕێک سوتەمەنی (گازوایل) بۆ کارپێکردنی چەند ئامێرێکی کشتوکاڵی لەو پرۆژانەدا بەنرخی کەمتر لە بازارەکان.
وەفدی کۆمەڵەکە رایانگەیاند بەرهەمی خانووە پلاستیکیەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاستێک زیادی کردووە کە لە زۆربەی وەرزەکاندا بەشی پێویستی ناوخۆ پردەکاتەوە، بەڵام کێشەی بەبازاڕکردنیان هەیە، هەربۆیە ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆگرامێکن کە دەبێتە مایەی بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمەکانیان و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان وعێراقیش.
وەزیری کشتوکاڵ پشتیوانی خۆی و وەزارەتەکەی بۆ پرۆژەکە و داواکارییەکانی کۆمەڵەکە دەربڕی، سەبارەت بەو داواکاریانەش کە پەیوەندییان بە هەندێک دامەزراوەی دەرەوەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەیە، دووپاتیکردەوە لە گەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان گفتو گۆ دەکەن بۆ جێبەجێکردنیان.
خاوەن پرۆژەکانی خانووی پلاستیکی شاندی کۆمەڵەکە هاوڕایی خۆیان بۆ دیدی وەزیری کشتوکاڵ لە مەڕ رێکخستنەوەی کاروباری خانووە پلاستیکیەکان دەربڕی و سوپاسگوزاربوون لە پای بەدەنگەوەهاتنەکانی بۆ داواکارییەکانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.