Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 09:35

هۆکارو چاره‌سه‌ری زه‌ردوویی منداڵی تازه‌ له‌ دایک بوو بزانه‌

پێویسته‌ به‌ زووترین كات سه‌ردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵانی پێ بكه‌یت
کوردستان TV
#7
100%

زه‌ردوویی بریتیه‌ له‌ زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕانی ڕه‌نگی پێست و سپێنه‌ی چاوو به‌شی ناوه‌وه‌ی ده‌م له‌ ئه‌نجامی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی مادده‌یه‌ك كه‌ پێی ئه‌وترێت بیلیڕۆبین.

بیلیڕۆبین له‌ ئه‌نجامی تێكشكانی خڕۆكه‌ سووره‌كانی خوێنه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت و له‌ جگه‌ردا ئه‌گۆڕدرێت بۆ مادده‌یه‌ك كه‌ به‌ ئاسانی له‌ ڕێگه‌ی میزو پیساییه‌وه‌ فڕێ ئه‌درێته‌ ده‌ره‌ه‌ی له‌ش.

جۆره‌كانی زه‌ردوویی:

۱- زه‌ردوویی فیسیۆلۆجی (واته‌ نه‌خۆشی نیه‌) ؛

له‌ دووه‌م یان سێیه‌م ڕۆژی ته‌مه‌نی منداڵه‌كه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت ٫ له‌ هه‌موو جۆره‌كانی تر زۆرتره‌ ٫ له‌ ئه‌نجامی باش پێنه‌گه‌یشتنی جگه‌ری منداڵی تازه‌ له‌ دایك بوو ده‌رئه‌كه‌وێت ٫ وه‌ هه‌روه‌ها هۆكارێكی تری په‌یوه‌ندی به‌ ته‌مه‌نی خڕۆكه‌ سووره‌كانی منداڵی تازه‌ له‌ دایك بووه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌مه‌ بۆیه‌ زووتر تێك ئه‌شكێن و مادده‌ی بیلیڕۆبین به‌رهه‌م ئه‌هێنن .

له‌ دوای هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ته‌مه‌نه‌وه‌ نامێنێت له‌ ئه‌نجامی پێگه‌یشتنی جگه‌ره‌وه‌٫ بۆیه‌ زۆربه‌ی زۆربه‌یان پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر نابێت.

۲- زه‌ردوویی به‌هۆی نه‌گونجانی گرووپی خوێنی دایك و منداڵه‌كه‌؛ئه‌گه‌ر گروپی خوێنی دایكه‌كه‌ - بوو منداڵه‌كه‌ + بوو یان دایكه‌كه‌ گرووپی خوێنه‌كه‌ی O بوو به‌ڵام منداڵه‌كه‌ گرووپی خوێنی A یان B بوو

زۆرجار له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی منداڵه‌كه‌وه‌ زه‌ردوویی ده‌رئه‌كه‌وێت و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر ئه‌بێت.

۳- زه‌ردوویی به‌ هۆی شیری مه‌مكی دایكه‌وه‌؛

شیری هه‌ندێك دایك مادده‌یه‌كی تێدایه‌ كه‌ ئه‌بێته‌ هۆی ته‌مبه‌ڵبونی جگه‌ر و به‌هۆیه‌وه‌ زه‌ردوویی٫ له‌ هه‌فته‌ی دووه‌می ته‌مه‌نیه‌وه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت و هه‌ندێكجار تا ته‌مه‌نی ۱۰ هه‌فته‌ به‌رده‌وام ئه‌بێت٫ زۆركه‌م پێویست به‌ چاره‌سه‌ر ئه‌كات ٫ تكایه‌ پێویست به‌ وه‌ستانی شیری دایك ناكات.

٤- زه‌ردوویی به‌هۆی كه‌م پێدانی شیر به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ته‌مه‌ندا ٫ ئه‌مه‌ش ئه‌بێته‌ هۆی ووشك بوونه‌وه‌ و كه‌م ده‌ردانی مادده‌ی بیلیڕۆبین بۆ ده‌ره‌وه‌ی له‌ش له‌ ڕێگه‌ی پیساییه‌وه‌ ٫ به‌هۆیه‌وه‌ زه‌ردوویی درووست ئه‌بێت.

۵- ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ ئه‌نزیمه‌كانی یان په‌رده‌ی ده‌وری خڕۆكه‌ سووره‌كانی خوێن هه‌بوو ٫ ئه‌وا ئه‌بێته‌ هۆی شیبوونه‌وه‌ی خڕۆكه‌ سووره‌كان و كۆبونه‌وه‌ی مادده‌ی بیلیڕۆبین و ده‌ركه‌وتنی زه‌ردوویی.

زۆر هۆكاری تر هه‌یه‌ بۆ زه‌ردوویی به‌ڵام نامانه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ زۆر ئاڵۆز بێت لاتان.

له‌ كاتی هه‌ست كردن به‌ زه‌ردوویی منداڵه‌كه‌ت پێویسته‌ به‌ زووترین كات سه‌ردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵانی پێ بكه‌یت چونكه‌ ئه‌گه‌ر مادده‌ی زه‌ردووییه‌كه‌ واته‌ بیلیڕۆبین له‌ ئاستێكی دیاری كراو به‌رزتر ببێته‌وه‌ ئه‌وا له‌ به‌شه‌كانی جه‌سته‌دا ئه‌نیشێت به‌ تایبه‌ت له‌ مێشكداو ژیانی منداڵه‌كه‌ت بۆ هه‌میشه‌ وێران ئه‌كه‌یت.

تكایه‌ له‌ دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیدا هه‌میشه‌ له‌ به‌ر ڕووناكی ئاسایی بۆ زه‌ردووی سه‌یری بكه‌ چونكه‌ له‌ تاریكی و ڕووناكی گڵۆپ هه‌ست به‌ زه‌ردوویی ناكه‌یت.

بێ بڕیاری پزیشكی پسپۆڕی منداڵان هیچ ده‌رمانێك مه‌ده‌ به‌ منداڵه‌كه‌ت چونكه‌ دواتر په‌شیمانی هیچ له‌و كاره‌ساته‌ ناگۆڕێت كه‌ به‌ بڕیاری هه‌ڵه‌ به‌سه‌ر منداڵه‌كه‌تدا هاتووه‌.

هه‌ندێك نیشانه‌ی مه‌ترسیدار له‌ كاتی زه‌ردوویی منداڵی تازه‌ له‌ دایك بوو:

۱- زه‌ردوویی له‌ ماوه‌ی ۲٤ كاتژمێری یه‌كه‌می ته‌مه‌نی.

۲- ئه‌گه‌ر زه‌ردووییه‌كه‌ به‌ خێرایی زیادی كردوو تۆختر بوو له‌گه‌ڵ كاتدا.

۳- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ تای هه‌بوو.

٤- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ نه‌خۆش دیار بوو.

۵- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ شیر خواردنی باش نه‌بوو.

٦- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ هۆشی باش نه‌بوو یان هه‌ستت كرد زۆرتر خه‌وتوو دیاره‌.

د.پشده‌ر عبدالله‌ اسماعیل

پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی منداڵان

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.