ڕۆژنامه‌نووسی دیاری ئه‌ڵمان و دۆستی نزیك و خه‌مخۆری كورد و دۆزه‌كه‌ی، كاك یورگن هۆپه، دامه‌زرێنه‌ری رادیۆی كوردی له‌ئه‌ڵمانیا له‌١٨ی نۆڤێمبه‌ر، له شاری دۆرتموند كۆچی دوایی كرد.
له باره‌ی كۆچی دوایی "یورگن هۆپه" به‌كر شوانی نووسه‌ر و وه‌رگێر به ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند:
"یورگن هۆپه" له‌ساڵی 2008 یه‌كێك بوو له دامه‌زرێنه‌رانی ئاژانسی ده‌نگوباس كوردستان (ئاكانیوز) بۆ ئه‌مه‌به‌سته له 2005 تا 2013 چه‌ندین جار سه‌ردانی كوردستانی كردوه ،دواین سه‌ردانی بۆ كوردستان له مانگی ئاداری 2013 بوو ،كه ئه‌وسا په‌رله‌مانی كوردستانی شه‌ش كه‌سایه‌تی ئه‌ڵمانی بانگێش كردبوو كه‌هاوكار و دۆستی كورد بوون به‌مه‌به‌ستی رێزلێنان "یورگن هۆپه" یه‌كێك بوو له‌و شه‌ش كه‌سایتیه ، یه‌ك هه‌فته له كوردستان ماییه‌وه سه‌ردانی شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆكی كرد.
یورگن هۆپه له‌وماوه‌ی ساڵانی دوایی وه‌كو كارێكی مرۆڤایه‌تی چه‌ندین سیميناری له شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر دۆزی كورد سازكرد باسی له چه‌وساوه‌یی گه‌لی كورد ده‌كرد، به له‌ده‌ست دانی كورد دۆستێكی گه‌وره‌ی له ده‌ست دا.
به‌كر شوانی ده‌ڵێت: (تیل)ی كوڕی كاك یورگن ئه‌مڕۆ له ئیمایلێكدا بۆمی نووسیوه كه باوكی ئاره‌زووی ده‌ربڕیوه منیش له به‌ڕیكردنی ته‌رمه‌كه‌یدا بۆ دوامه‌نزڵ ئاماده بم. بێگومان منیش یه‌كسه‌ر بڕیارم دا هه‌موو كارێكی تری بخه‌مه لاوه و ڕۆژی ٣٠ی ئه‌م مانگه له ڕێوڕه‌سمی ماڵئاواییكردن له هاوڕێی خۆشه‌ویستم و دۆستی گه‌لی كوردستان ئاماده بم هه‌روه‌ها به‌كر شوانی گوتی: یه‌كێك له كاره هه‌ره گرنگ و واتاداره‌كانی كاك یورگن بۆ گه‌لی كورد دامه‌زراندنی به‌رنامه‌ی كوردییه له ڕادیۆی ڤێ دێ ئێر له ساڵی ١٩٨٧ كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه و ڕۆژانی یه‌كشه‌مه سه‌عاتێك په‌خش ده‌كرێت.
چیرۆكی دامه‌زراندنی به‌رنامه‌ی كوردیی ڕادیۆی فونكهاوس ئه‌وروپا
و.: له ئه‌ڵمانییه‌وه: به‌كر شوانی
تێبینی:
هه‌موو ڕۆژانی یه‌كشه‌مه ڕادیۆی فونكهاوس ئه‌وروپا ماوه‌ی سه‌عاتێك به‌رنامه‌یه‌كی هه‌مه‌ڕه‌نگ به زمانی كوردی (كرمانجیی سه‌روو و كرمانجیی خواروو) بڵاو ده‌كاته‌وه. سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی دووه‌می ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردوو كاتێك ڕادیۆی دۆرتموندی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری دا به زمانی ڕه‌وه‌نده‌كانی بیانی له ئه‌ڵمانیا به‌رنامه بڵاو بكاته‌وه. ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو له ڕۆژئاوای ئه‌وروپا به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی به زمانی كوردی بێ‌و بكرێته‌وه. به‌رنامه‌ی كوردی یان (به‌رناما كوردی) له‌سه‌ر پێشنیاز و به بڕیاری ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاری ناوداری ئه‌ڵمان و دۆستی دێرینی گه‌لی كورد یورگن هۆپه هاتووه‌ته دامه‌زراندن. هۆپه له‌م كورته وتاره‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر چۆنیه‌تیی دامه‌زراندنی به‌رنامه‌ی كوردیی ڕادیۆی فونكهاوس ئه‌وروپا...
به‌پێی نه‌خشه‌ی دارێژراو ده‌بوو "ڕادیۆی نێوده‌وڵه‌تیی دۆرتموند" زمانه‌كانی توركی، ئیسپانی، سربی-كرواتی، ئیتاڵی، پۆڵۆنی، پۆرتوگالی و عه‌ره‌بی له خۆ بگرێت. پێویست بوو له دووشه‌مه‌وه تا یه‌كشه‌مه هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌رنامه به زمانی یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه بڵاو بكرێته‌وه. گه‌ڕان به‌دوای ژنان و پیاوانی گه‌نجدا كه بكرێت له ماوه‌ی ساڵێكدا ڕابهێندرێن و بتوانن به‌رنامه‌یه‌كی پازده خووله‌كی پێشكه‌ش بكه‌ن، به سه‌ركه‌وتوویی به ئه‌نجام گه‌یشت. به‌ڵام لای عه‌ره‌به‌كان هه‌وڵی پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی كاری ڕادیۆیی كه نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی و و ڕه‌وه‌ندی وڵاته‌كانیان بكات، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا.
من له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی توركیدا بۆم ده‌ركه‌وت به‌شێكی تا ڕاده‌یه‌ك به‌رچاو له "توركه‌كان" به‌ئاسته‌م توركی تێده‌گه‌ن، یان هه‌ر هیچ تێناگه‌ن، چونكه ئه‌وانه كورد بوون. وه‌ك بۆم ده‌ركه‌وت، ژماره‌ی ڕه‌وه‌ندی كوردی له دۆرتموند له ژماره‌ی ڕه‌وه‌ندی پۆرتوگالی یان ئیسپانی زیاتر بوو، له‌به‌ر ئه‌وه به هاوكاریی هیلدهگراد كوینه-شۆلاندی پسپۆڕ له ئه‌نستیتووی "مارله‌ر گریمه" لای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ده‌زگای ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی ڕۆژئاوای ئه‌ڵمانیا "ڤێ دێ ئێر" له دۆرتموند هه‌وڵم دا ڕادیۆی نێوده‌وڵه‌تیی دۆرتموند زمانی كوردیش بخاته لیستی ئه‌و زمانانه‌وه كه بڕیار درابوو به‌رنامه‌یان پێ بڵاو بكرێته‌وه. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ""ڤێ دێ ئێر"یش پشتیوانیی له‌و پێشنیازه كرد.
پاش ئه‌وه ده‌ستمان كرد به گه‌ڕان له دووی كچان و كوڕانی گه‌نجی كورد بۆ به‌شداریكردن له خوولی ڕۆژنامه‌وانیدا. زۆر كه‌س داواكارییان پێشكه‌ش كرد، هه‌ندێك له‌وانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای گرووپه‌كانی تریش ڕووی دا، به‌زوویی تێ‌یان ته‌قاند و هه‌ڵهاتن، چونكه ساته‌كانی وانه گوتنه‌وه له ئێواران و ڕۆژانی كۆتایی هه‌فته‌دا بوون، چڕ و پڕ بوون و له به‌رامبه‌ریشدا پاره به به‌شداران نه‌ده‌درا. گشت ئه‌مانه‌ش بارێكی قورس بوون بۆ به‌شداران كه به‌شی زۆریان كچان و كوڕانی گه‌نج بوون.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ڕان به‌دوای كارمه‌نددا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درا، حكوومه‌تی ئه‌و كاته‌ی توركیا له ئه‌نقه‌ره و گرووپه توركییه‌كانی دۆرتموند به مه‌سه‌له‌كه‌یان زانی و كه‌وتنه جموجووڵ. حكوومه‌تی توركیا به‌فه‌رمی لای حكوومه‌تی فیدراڵیی ئه‌ڵمانیا و حكوومه‌تی هه‌رێمی نۆردڕاین-فێستڤالن ناڕه‌زایی پێشان دا. ئه‌وانیش له وه‌ڵامدا گوتیان بڕیاری هه‌بوون، یان نه‌بوونی به‌رنامه‌ی كوردی ته‌نیا لای ""ڤێ دێ ئێر" و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕادیۆی دۆرتموندی نێوده‌وڵه‌تییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی دۆرتموندی نێوده‌وڵه‌تی بووم كه ئه‌و كاته هێشتا له قۆناغی بنیاتناندا بوو، بڕیار لای من بوو. ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ی كوردی به شێوازی جۆراوجۆر به‌ڕێوه برا: بۆ نموونه، مامۆستایانی تورك له دۆرتموند به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕاسپێردرابوون ناڕه‌زایی ده‌رببڕن. ئه‌و مامۆستایانه بۆ ئێمه‌یان ڕوون كرده‌وه كه كورد به‌هیچ جۆرێك بوونی نییه و گوتیان هه‌رگیز منداڵی كورد له قوتابخانه‌كانی ئه‌واندا نه‌بووه. ئه‌وان ده‌یانگوت ئه‌وانه‌ی خۆیان به كورد داده‌نێن، دوژمنی ده‌وڵه‌تی توركی نه‌بێت، هیچ شتێكی تر نین.
دژبه‌رانی به‌رنامه به زمانی كوردی دواتر كه‌وتنه په‌خشكردنی بڵاوكراوه و ته‌نانه‌ت پارچه كاغه‌زی "كوردی – نا، سوپاس!" له‌سه‌ر نوسراویان به ئۆتۆمبیله‌وه ده‌لكاند. له هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌وه بوو كاتێك له شوێنی نادیاره‌وه به نامه و ته‌له‌فۆن هه‌ڕه‌شه‌م لێ ده‌كرا. هه‌ڕه‌شه‌كان هه‌ر له دژی خۆم نه‌بوون، بگره هه‌ندێكیان ئاڕاسته‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م ده‌كرا. به‌ڵام ئێمه لێمان ڕوون بوو كه پێویسته خۆمان له به‌رامبه‌ر ئه‌و گوشارانه‌دا ڕابگرین. دوو هۆكاریش هه‌بوون بۆ ئه‌وه: یه‌كه‌م؛ ئێمه بڕیاری خۆمان سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی به‌رنامه‌ی كوردی به بڕیارێكی ڕاست ده‌زانی و دووه‌میش؛ مه‌له‌سه‌كه ئه‌وه بوو داخۆ ده‌هێڵین ئازادیی به یاسا مسۆگه‌ركراوی ڕاگه‌یاندن له ئه‌ڵمانیا له ژێر گوشاری هێزێكی ده‌ره‌كیدا سنووردار بكرێت، یاخۆ نا؟
به‌و جۆره سه‌ره‌تای ساڵی 1986 ده‌ستمان به ئاماده‌كاری كرد. بڕیاریش وا بوو ڕادیۆی دۆرتموندی نێوده‌وڵه‌تی له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1987دا ده‌ست به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی بكات. ئه‌وه‌ش به‌دی هات. به‌ڵام سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی كوردی بڕیارم دا ماوه‌یه‌كی تریش چاوه‌ڕێ بكه‌ین، چونكه ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كوردی هێشتا له كاتی پڕۆڤه‌ی به‌رنامه‌كاندا هه‌ڵه‌ی زۆریان ده‌كرد. ئێمه ده‌مانویست بێ هه‌ڵه ده‌ست به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كوردی بكه‌ین، چونكه نه‌مانده‌ویست بیانوو بده‌ینه ده‌ست دژبه‌رانمان.
ئه‌م بڕیاره‌م به‌هیچ جۆرێك به‌دڵی كارمه‌ندانی به‌شی كوردی نه‌بوو. به‌وه تاوانبار كرام كه له به‌رامبه‌ر گوشاره‌كان خۆم پێ ڕانه‌گیراوه و به‌هیچ جۆرێك به‌رنامه‌ی كوردیم ناوێت له ڕادیۆی ""ڤێ دێ ئێر"ی دۆرتموند. به‌ڵام لێره‌شدا پشتیوانیی خاتوون كوینه-شۆلاندم به‌ده‌ست هێنا. ئه‌و هه‌میشه پشتیوانی له كار و بڕیاره‌كانی من ده‌كرد.
دواجار، پاش سێ مانگ دواكه‌وتن، له ساڵی 1987دا په‌خشی به‌رنامه‌ی كوردیمان خسته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ""ڤێ دێ ئێر"دا وا ڕێك كه‌وتبووین كه ده‌قه نوسراوه‌كانی به‌رنامه‌ی كوردی لای وه‌رگێڕێكی سوێندخواردوو بۆ ئه‌ڵمانی وه‌ربگێڕدرێن. ئه‌مه‌ش هاوكاری منی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم تۆمه‌ته‌كانی گرووپگه‌لی توركی و حكوومه‌تی توركیا ڕه‌ت بكه‌مه‌وه. له مانگه‌كانی سه‌ره‌تای بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كوردیدا به‌رده‌وام تۆمهتنامهمان پێ ده‌گه‌یشته‌وه، به‌ڵام نامه‌كان ڕاسته‌وخۆ بۆ ئێمه نهدهنێردران، بگره ئاڕاسته‌ی وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵیی ئه‌ڵمانیا و حكوومه‌ته هه‌رێمییه‌كان، په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی "ڤێ دێ ئێر" ده‌كران. پێویست بوو وه‌ڵامی گشت ئه‌و نامانه بدرێته‌وه و تۆمه‌ته‌كان ڕه‌ت بكرێنه‌وه. ئه‌وه‌ش كارێكی زۆری ده‌ویست. به‌رده‌وامیش هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رچاوه نادیارمان پێ ده‌گه‌یشت، به‌ڵام له خوا به‌زیاد بێت هیچ یه‌كێك له‌و هه‌ڕه‌شانه به كرده‌وه جێبه‌جێ نه‌كرا.
ماوه‌ی به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی دۆرتموندی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ره‌تا پازده خووله‌ك بوو. هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك گه‌شتی ده‌نگوباس و وتارێك و ئاگاداریی كۆڕ، ئاهه‌نگ یان سیمینارێكی له خۆ ده‌گرت. دواتر به تێپه‌ڕبوونی كات ماوه‌ی به‌رنامه‌كان درێژ كرایه‌وه و به‌و جۆره توانرا گۆرانی و پارچه موزیكیش له نێوان بڕگه‌كانی به‌رنامه‌دا په‌خش بكرێن. گوێگرانیش دوای هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندییان پێمانه‌وه ده‌كرد و ڕه‌خنه و پێشنیازی خۆیان ده‌خسته ڕوو. زۆریش به‌باشی سوود له‌و ڕه‌خنه و پێشنیازانه وه‌رگیرا.
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم بڵێم "به‌رناما كوردی" تاكه به‌رنامه‌ی ڕادیۆی دۆرتموندی نێوده‌وڵه‌تییه كه دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕادیۆی "ڤێ دێ ئێر"ی دۆرتموندیش هه‌ر مایه‌وه. ئه‌و به‌رنامه‌یه ئێستاش به‌رده‌وامه.
ڕه‌خنه‌ی من ئه‌وه‌یه كه به‌شی كوردی له ڕادیۆی دۆرتموند هێشتا له‌لایه‌ن ژن یان پیاوێكی كورده‌وه به‌ڕێوه نابرێت. ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌شی توركییه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت كه من پێم وایه نه‌ده‌بوو وا بێت.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.