Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 00:46

سیناتۆره‌کانى ئه‌مریکا داوا ده‌که‌ن ڤیزا به‌ مه‌زڵوم کۆبانى بدرێت تا سه‌ردانى واشنتۆن بکات

به‌پێى هه‌واڵێكى كه‌ناڵى سى بى ئێسى ئه‌مریكى
مه‌زڵوم كۆبانى
کوردستان TV
100%

به‌پێى هه‌واڵێكى كه‌ناڵى سى بى ئێسى ئه‌مریكى، رۆژى چوارشه‌ممه‌ 23ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019، چه‌ند سیناتۆریكى ئه‌مریكى به‌ مه‌به‌ستى سه‌ردانیكردنى واشنتۆن، داوا له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن ڤیزا به‌ مه‌زڵوم كۆبانى بدرێت.

هه‌ریه‌ك له‌ سینتۆر مارشا بلاكبه‌ن، لیندسى گراهام، كریس ڤان هۆلن، جه‌ین شاهیین و ریچارد بلوومنپال نامه‌یه‌كیان بۆ مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا نووسیوه‌ و تیایدا داوایان كردووه‌ ڤیزا به‌ مه‌زڵوم كۆبانى بدرێت به‌مه‌به‌ستى سه‌ردانیكردنى بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا. 

سیناتۆره‌كان له‌ ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ باكوورى رۆژهه‌ڵاتى سوریا له‌ سنووره‌كانى نێوان توركیا و سوریا سه‌رئه‌نجامى ترسناكى هه‌یه‌ بۆ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كان و هاوكارانى له‌ ناوچه‌كه‌، رژێمى ئه‌سه‌د له‌ ساڵى 2011ـه‌وه‌ به‌ یارمه‌تى روسیا و ئێران به‌ سه‌دان هه‌زار هاووڵاتى خۆى كوشتووه‌، ئێستاش توركیا دژى هه‌موو فشاره‌كانى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ ده‌ست به‌ داگیركردنى باكوورى سوریا ده‌كات و ده‌یان هه‌زار هاووڵاتى ئاواره‌بوونه‌ و به‌ سه‌دان خه‌ڵكى كوشتووه‌ له‌ هه‌وڵێك تا هاوكارانمان له‌و خاكانه‌ لابدات كه‌ یارمه‌تى جیهانیان دا بۆ له‌ناوبردنى داعش.

هه‌روه‌ها له‌ نامه‌كه‌دا باس له‌ رۆلى هه‌سه‌ده‌ كراوه‌ له‌ دژى داعش، سیناتۆره‌كان له‌ نامه‌كه‌یاندا نووسیویانه‌ هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ كه‌ پێك هاتبوون له‌ كورد و عه‌ره‌بى و كه‌مینه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ شان به‌ شانى هێزه‌كانى ئه‌مریكا جه‌نگان و خه‌ڵافه‌تى داعشیان تێكشكاند له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌و كاته‌وه‌ هه‌موو له‌ دووچارى ناخوشی بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕه‌ دژواره‌وه‌ و هێزى هه‌سه‌ده‌ 10 هه‌زار چه‌كدارى له‌ ده‌ستداوه‌ به‌وه‌ش له‌ هه‌مووان زیاتر قوربانى داوه‌ له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى داعش. 

هاوكات له‌ نامه‌كه‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ ره‌وشى ئێستاى سوریا نیگه‌رانن و باسى ئه‌وه‌شیان كردووه‌ كه‌ ده‌رفه‌تیان هه‌بوو له‌ چاوپێكه‌وتن و گفتوگۆكردن له‌گه‌ل ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سوریاى دیموكرات كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركێكى بارى ناكاو له‌ ئه‌مریكایه‌ بۆ راگرتنى كرداره‌ دژایه‌تییه‌ به‌رده‌وامه‌كان دژى كورده‌كانى سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى داعش.
 
سیناتۆره‌كان له‌ نامه‌كه‌یان داوایان له‌ مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كردووه‌ و ئاسانكارى و پێدانى ڤیزا به‌ مه‌زڵوم كۆبانى بدرێت و له‌ كۆتایى نامه‌كه‌یان نووسیویانه، ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ مه‌زڵوم كۆبانى زۆر به‌سووده‌ بۆ گونگرێس و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌مریكا تا ڕاسته‌وخۆ له‌ سه‌ركردایه‌تى سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌رباره‌ى بارودۆخى شه‌ڕ و ره‌وشى داعشیش له‌ ناوچه‌كه‌ بزانین، بۆیه‌ ده‌بێت مه‌زڵوم كۆبانى كه‌ فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌یه‌ و به‌رپرسى ئوپه‌ڕاسیۆنه‌كانى رۆژانه‌یه‌ دژى داعش، سه‌ردانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بكات، ئێمه‌ داوا له‌ تۆ ده‌كه‌ین ڤیزا و كار ئاسانى خێرا بكه‌یت بۆ هاتنى مه‌زڵوم كۆبانى بۆ واشنتۆن، داواكارین سه‌رنجى ده‌ست به‌جێت هه‌بێ بۆ ئه‌م داواكارییه‌مان. 


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.