عەلی باباجان ئەندامی باڵای ئاکەپە و جێگری پـێشووی سەرۆک وەزیری تورکیا وازی لە پارتەکەی هێنا و بە نیازە بەشداربێت لە ڕاگەیاندنی پارتێکی نوێ لە تورکیا.
ئهمرۆ دووشەممە عەلی باباجان بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی حزبە نوێیەكەی بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) راگەیاند، ئەمەش دوای 18 ساڵ ئەندامێتی لەو حزبە.
باباجان لەرابردوودا ژمارەیەك بەرپرسیارێتی گرنگی هەبووە لەوانە وەزیری ئابووری توركیا، سەرۆكی تیمی دانوستانكاری توركیا بۆ بوون بەئەندام لەیەكێتی ئەوروپا و جێگری سەرۆك وەزیران.
باباجان لە ڕاگەیاندنێکدا گوتویەتی لەم بارودۆخەی ئێستای تورکیا وڵاتەکە پـێویستی بە تێڕوانینێکی نوێ هەیە، هەروەها پـێویستە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی دوروست لە هەموو بوارێکدا بکرێت و ستراتیژ و پلانی نوێ بۆ وڵاتەکە دابنرێن.
گوتوشیەتی خۆی و زۆرێک لە هاوڕێـیانی هەست بە بەرپـرسیارێتیـیەکی گەورە و مێژوویی دەکەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە میدیای توركیدا بڵاوكراونەتەوە، باباجان دەیەوێت چەند كەسایەتییەكی كاریگەریی توركیا لە حزبەكەی كۆبكاتەوە لەوانە عەبدوڵا گیول، سەرۆك كۆماری پێشوتری توركیا، هەروەها پەیوەندی بە ئەحمەد داوئۆغڵۆی سەرۆك وەزیرانی پێشوی وڵاتەكەیەوە كردووەو داوای لێكردووە پشتگیری بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.