وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ئەو ھەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە باس لەوە دەکەن سەرۆکی وڵاتەکەی، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی سوڵتانشینی عومان نامەی بۆ ئێران ناردووە و داوای گفتوگۆی لەگەڵ تاران کردووە.
مایک پۆمپیۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا رایگەیاندووە "سەرۆک ترەمپ ھیچ نامەیەکی بۆ ئێران نەناردووە، ھەڵوێستمان روونە و لە کاتی گونجاودا جووڵە دەکەین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رەتیشیکردەوە کە ھێزەکانی وڵاتەکەی لە بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین کشابێتنەوە.
مایک پۆمپیۆ گوتی: "گرنگی بەئاشتی و سەقامگیری دەدەین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھیچ گومان لەوەدا نییە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە خراوەتەخوارەوە، ھەروەھا سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە دژبە ئێران دراون لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییانی ئەمریکادایە".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردووە، ژمارەیەک بەرپرسی ئێران راگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی سوڵتانشینی عومان نامەی بۆ تاران ناردووە.
ئەو بەرپرسانە ئاشکرایان کردبوو کە لەو نامەیەدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە کە ئەو لەگەڵ جەنگدا نییە و داوای گفتوگۆی لەگەڵ تاران کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.