ن/ ئاریان ده‌رگه‌ڵه‌یی
خانمه گۆرانیبێژی كورد (مه‌ریه‌م خان) ناوی ته‌واوی (مه‌ریه‌م محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د)ه و ساڵی 1904، له گوندی (دێرگول)ی سه‌ر به ناوچه‌ی جزیره‌ی بۆتان له‌دایك بووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ژیانیدا دووچاری گرفت و ناخۆشی زۆر بووه‌ته‌وه، توانیویه‌تی كه‌سایه‌تیی خۆی به‌رز ڕابگرێت. یه‌كێك له و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه مه‌ریه‌م خانی پێ ناسراوه‌ته‌وه، ئه‌وه بووه كه هه‌میشه سه‌ری به له‌چك به‌ستووه. هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه بوو هه‌ر له كۆنه‌وه تا ئێستا، له ناو خێڵه كۆچه‌رییه‌كانی باكوور و خۆرئاوای كوردستان و هه‌ندێ ناوچه‌ی (شه‌نگال)دا، ئه‌م شێوازی سهربهستنه باوه. پاش ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، باری ئابووریی و كۆمه‌لایه‌تی خه‌ڵكی ناوچه‌كه ناله‌بار ده‌كات، ئه‌میش وه‌ك زۆربه‌ی خه‌ڵك، زێدی خۆی به‌جێ ده‌هێڵێت و به‌ره و ولاتی شام كۆچ ده‌كات. ماوه‌یه‌ك له شاری (دیمه‌شق) ده‌مێنێته‌وه و دواتریش ساڵی 1924دا، ده‌چێته باشووری كوردستان و له شاری (زاخۆ) جێگیر ده‌بێت.
كاتێك كۆمپانیای تۆماری ده‌نگ له‌سه‌ر قه‌وان له شاری (به‌غدا) داده‌مه‌زرێت، مه‌ریه‌م خانی هونه‌رمه‌ند، به هیوای ئه‌وه‌ی كه گۆرانییه‌كانی له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار بكات، ڕوو له پایته‌خت ده‌كات و له ساڵی 1930دا، چه‌ند لاوك و به‌سته‌یه‌كی له لایه‌ن كۆمپانیای (به‌یزافۆن، ئۆدیۆن و ئهبولكهلب)ه‌وه، له‌سه‌ر قه‌وان بۆ تۆمار ده‌كرێت. یه‌كه‌مین قه‌وانی له ساڵی 1930دا به ناو دۆمامێ تۆمار كردووه.
مریه‌م خان (مێره‌م خان) یه‌كه‌مین ژنه گۆرانیبێژی كورده كه گۆرانییه‌كانی له‌سه‌ر قه‌وان یان گرامافۆن تۆمار كراوه.
جگه له سترانه‌كانی سه‌ر قه‌وانی، به‌ده‌یان لاوك و به‌سته‌ی كوردی له ئاھه‌نگی گۆرانی ڕاسته‌وخۆی له ئێستگه‌ی ڕادیۆی كوردیی به‌غدا چڕیوه و چه‌پكێك گۆرانیش به دووقۆڵی له‌گه‌ڵ سترانبێژه ھونهرمهندهكانی كورد، موحه‌ممه‌د عارفی جزیری، حه‌سه‌ن جه‌زراوی، ئه‌ڵماس موحه‌ممه‌د گوتووه.
مریه‌م خان لای كۆمپانیای هیس ماستهرس ڤۆیس 12 لاوك و به‌سته‌ی به 5 قه‌وان و 4 قه‌وانی كۆمپانیای كۆلومبیا پڕ كردووه‌ته‌وه كه ده‌كاته 9 قه‌وان. له‌وانه (لۆركێ لۆركێ، گولێ وه‌ی نار، هه‌ی به‌رده به‌رده، لێلێ وه‌سۆ، گولا شێنی شێنی، یار حه‌لیمێ، محه‌ممه‌دۆ ڕۆنی، لێلێ ئێمێ، لێ دایێ، لۆلۆ سوارۆ، ئه‌ی ده‌لال و زه‌مبیل فرۆش). به‌م كاره‌شی، ده‌بێته یه‌كه‌م گۆرانیبێژی كورد كه به دیالێكتی كرمانجی ژووروو گۆرانی له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار بكات.مریه‌م خان سیازده به‌سته‌ی فۆلكلۆریی، شه‌ش لاوكی میللی و شۆڕه‌سواریی وپازده لاوكی ئه‌ڤینداری چڕیوه. جگه له و لاوك و به‌ستانه‌ی كه له‌سه‌ر قه‌وان تۆماری كردوون، له ڕادیۆی به‌غدا و ئاههنگهكانیشدا، ژماره‌یه‌كی زۆر به‌سته و لاوكی تریشی هه‌یه، كه هه‌ندێكیان تا ئێستاش له‌لایه‌ن گۆرانیبێژانه‌وه ده‌وترێنه‌وه. به پێی قسه‌ی “كامیلی كاكه مین” یه‌كه‌مین بێژه‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غدا، مریه‌م خان له‌ساڵی 1942دا تێكه‌ڵی په‌خشی كوردی ڕادیۆ به‌غدا بووه.
مریه‌م خان له ساڵی ١٩٤٩دا تووشی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده بووه، ھه‌رچه‌نده خرایه نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی و ھه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ی درا، به‌ڵام بێ سوود بوو و له ئه‌نجامی ئێش و ئازار له دوادوای مانگی ته‌ممووزی ساڵی ١٩٤٩ له شاری به‌غدا كۆچی دوایی كرد.
كوردستان تیڤی / كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.