Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:46

شرۆڤه‌یه‌کی ڕادیکاڵیانه‌ بۆ چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌که‌ی دایک

گه‌مه‌كردن به‌ زه‌مه‌ن و هێنانه‌وه‌ی فه‌نتازیای هونه‌ری له‌نێو شیعر كارێكی هێنده‌ ئاسان نییه‌
کوردستان TV
100%

ن/ تاریق ساڵح

جارێ به‌ر له‌هه‌موو شت پێویسته‌ بزانین بۆ ڕه‌نگی ڕه‌ش بۆته‌ سیماو مۆته‌كه‌ی دایك و ژن و خوشكانی ئێمه‌؟ بۆده‌بێ له‌نێو ئه‌و هه‌موو زۆرو زه‌به‌ندی ڕه‌نگه‌كان ته‌نیا چه‌فیه‌و كه‌واو چارۆگه‌ی دایك و كچ و خوشكانی ئێمه‌ ڕه‌ش بێ؟!

 ئاری ئاغۆك وه‌ك شاعیرێكی لاو په‌نجه‌ی خستۆته‌ سه‌ر برینێك و به‌ ڕه‌مزێكی زمانه‌وانی ئاڵۆز پێمان ده‌ڵێ، ئافره‌تانی ئێمه‌ ڕه‌شپۆشن له‌به‌ره‌ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ مه‌غزاو مه‌دلولاتی خۆی هه‌یه‌، به‌وه‌ی كاره‌سات به‌دوای كاره‌سات به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان داهاتووه‌، ئافره‌تی ئێمه‌ نه‌پڕژاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌نگی ئاڵ و واڵا جگه‌ له‌ڕه‌نگی ڕه‌ش ببێته‌ سیماو پێناسه‌ بۆی. ئاری شاعیر جیا له‌ شاعیرانی تر چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی دایكی پێشكه‌ش به‌خۆی ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر خۆی ده‌زانێ له‌بازنه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیدا چ حه‌شامه‌تێك ڕوویداوه‌. له‌لایه‌ك خه‌ونی پایزی مه‌رگی ئازیزان له‌لایه‌كیتر شۆڕبوونه‌وه‌و نزیكبوونه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵی مردن له‌لایه‌كیش تێڕامان له‌ وه‌همی ژیان.

ئاغۆك له‌پێگه‌یه‌ك دواوه‌ ئه‌ویش پێگه‌ی دایكه‌ ئه‌و دایكه‌ی خودای گه‌وره‌ به‌هه‌شتی له‌ژێر پێیدا داناوه‌ بۆیه‌ نووسه‌ر ڕاستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ واقیع دواوه‌ و میهره‌بانی و گه‌وره‌یی دایكی له‌نوكی خامه‌كه‌ی پیشانداوه‌ ده‌ڵێ ئێستا گه‌وره‌بووم و ده‌توانم به‌ته‌نیا ڕێبكه‌م بپه‌ڕمه‌وه‌ جاران بۆئه‌وه‌ی متمانه‌م به‌ په‌ڕینه‌وه‌كانی نێو ژیان هه‌بێ ده‌بوو بۆ ئه‌و په‌ڕینه‌وه‌یه‌ ممتانه‌ به‌و لچكه‌ عه‌بایه‌ ڕه‌شه‌ی دایكم بكه‌م كه‌ له‌دواوه‌ ده‌مگرت ئینجا ده‌په‌ڕیمه‌وه‌ ئه‌مه‌ كۆتایی متمانه‌كانه‌ كاتێ مرۆڤ متمانه‌یه‌كی ته‌واو به‌ لچكی عه‌بایه‌ك ده‌كات زیاتر له‌ چاو و پێیه‌كانی خۆی.

گه‌مه‌كردن به‌ زه‌مه‌ن و هێنانه‌وه‌ی فه‌نتازیای هونه‌ری له‌نێو شیعر كارێكی هێنده‌ ئاسان نییه‌، به‌واتایه‌كیتر شیعر ته‌نیا ڕێكخستنی وشه‌ نییه‌ بۆئه‌وه‌ی مێشكی خوێنه‌ری پێ قاڵ بكه‌ی، به‌ڵكو شیعر میتۆده‌ هونه‌ره‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌ یاریكردنه‌ به‌ وشه‌و ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزو پیشاندانی هه‌موو شته‌ په‌نهان و شاراوه‌كانی ناخه‌. شیعر وه‌ك هه‌وێنی خه‌ونه‌كانه‌ شاعیر به‌و زمانه‌ شیعریه‌ی پێی ده‌ئاخڤێ قسه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر ده‌كات، ده‌یباته‌ نێو جیهانێكی ڕادیكاڵی و پڕ له‌ فه‌نتازیا ئه‌و فه‌نتازیایه‌ی هارمۆنیای وشه‌ ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌بن و ده‌ق و تێكستێكی جوان ده‌به‌خشن جا جۆری ئه‌و زمانه‌ شعریه‌ی ئاغۆك پێی ده‌وێ زمانێكی ساده‌و ساكاری هونه‌ریه‌ هونه‌ری به‌واتای شیرین ناسك و ته‌ژی له‌ جوانی ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ له‌و دیو ده‌رگاوه‌ به‌ بوخچه‌یه‌ك نوشته‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و ئاسمانێك دوعای پێش باران و ڕوبارێك خۆزگه‌ی به‌جێماو چاوه‌ڕوانی كلیلی ئه‌وێ ده‌كه‌م.

سه‌یركه‌ وێناكردنی وشه‌كان وه‌ك خۆی هونه‌ری ڕازاندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێ هه‌موان ده‌زانین بوخچه‌ خۆی وێنایه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگی هه‌یه‌ و مرۆڤیش هه‌میشه‌ كۆڵێك خۆزگه‌ی به‌جێماوی هه‌یه‌ شاعیر یاری له‌سه‌ر وێنه‌كان كردووه‌ ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ئاوێته‌ی نێو ناخی ده‌ق و تێكسته‌ شیعریه‌كانی كردووه‌ به‌مه‌ یاری به‌ هه‌ست و به‌ خودی وشه‌ش ده‌كات.

به‌وه‌ی وه‌ك پره‌نسیبێك نوشته‌ ده‌وروژێنێ له‌لایه‌كیتر به‌تاڵی نوشته‌كانیشمان بۆ به‌یان ده‌كات له‌مه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێ پشت به‌ شتی پڕوپۆچ مه‌به‌ستن چونكه‌ به‌تاڵی نوشته‌كان خه‌ونی چاوه‌ڕوانی هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌ك به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر سێگۆشه‌ی گومان.

لێره‌وه‌ شاعیر ده‌بێته‌ ده‌روێش و ڕۆده‌چێته‌ نێو زیكری پاكبوونه‌وه‌! به‌ڵام نه‌ده‌نگێك به‌ هانایه‌وه‌ ده‌چێت و نه‌ قوفڵی ده‌رگا داخراوه‌كانیش ده‌دۆزێته‌وه‌.

ئیدی ده‌روێشی مانایه‌كی نامێنێ له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا له‌دووڕیانی چوون و نه‌چووندا دۆش داماوه‌، هه‌رچه‌ند جورئه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌نته‌ری گوناح و دووڕوویی ئه‌سته‌مه‌ بۆیه‌ بڕیاری چوون یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ تا ئیتر له‌گه‌ڵ دره‌ختی حه‌رام سه‌مای ژیانه‌وه‌ نه‌كه‌ین. شاعیر به‌ لوغزێكی شیعری ته‌ژی له‌ فه‌نتازیای هونه‌ری خواستن و دركه‌ له‌نێو بۆته‌ی شیعره‌كانیدا ده‌یه‌وێ ئه‌ودویوی ده‌رگای جیهانه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ ببینێت تا ڕزگاری بێت له‌و زه‌ویه‌ی ده‌یه‌وێ هه‌موو مرۆڤه‌ جوان و ناشرینه‌كان له‌هه‌ناوی خۆی بنێ. ئه‌و پێیوایه‌ دراماو شانۆكان هه‌میشه‌ نمایشی درۆیینه‌ نیشانده‌ده‌ن، بۆیه‌ سه‌مفۆنیای ئۆركێستراكانیش كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر قاڵبی دووباره‌و چه‌ند باره‌بوونه‌وه‌. ناچارم بڵێم له‌ئه‌مڕۆی ئه‌و ژیانه‌دا هیچ شتێ به‌دی ناكه‌ین بۆ مانه‌وه‌ حه‌سانه‌وه‌و بێندان داكو (بێهناخۆ ڤه‌ده‌ین).

ئیتر ئاغۆك ناچاره‌ له‌ دواین په‌یژه‌ ده‌ست پێبكات بۆئه‌وه‌ی سه‌ره‌تاترین ئومێد به‌ده‌ست بێنێ، ئێستا هه‌ست ده‌كات هێشتا نووستووه‌و به‌ئاگا نه‌هاتووه‌و داواوی ده‌ست گوشین ده‌كات بۆئه‌وه‌ی له‌ وێرانستانی غه‌فڵه‌ت به‌ئاگابێ و ڕاچڵه‌كێ.

لێره‌وه‌ شاعیر به‌ سێكج و دیزاینێكی هێنده‌ جوان سیمای ژیان و زینده‌گی ده‌كێشێ، كه‌ ئیدی خامه‌ له‌ ئاستیدا دۆش داده‌مێنێ كاتێ ئه‌و وێنا زیبا قه‌شه‌نگ و جوانه‌ی زینده‌گی وێنا ده‌كات مرۆڤ سه‌رسام و مه‌ست ده‌بێت، كه‌ ده‌ڵێ ئیدی (خه‌ریكه‌ وه‌ك چرا كزه‌كه‌ی زینده‌گی ده‌كوژێمه‌وه‌) ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا وه‌سفكردنی واقیعی ژیانه‌ لێره‌وه‌ ڕادیكاڵیه‌تی ده‌ق و تێكست خۆیان ده‌نوێنن ئاخر كه‌م شاعیر هه‌یه‌ بتوانێ ئاوا یاری به‌ وشه‌بكات و له‌خزمه‌تی ده‌ق و تێكستی زیبا و قه‌شه‌نگ ڕیزیان بكات، ڕێزكردن به‌و مانایه‌ی ده‌ق و وێنه‌ی هونه‌ری شیعری جوان پێشكه‌ش بكات.

زینده‌گی ئێمه‌ پڕیه‌تی له‌ نه‌هامه‌تی و یاری زه‌مانه‌ بۆیه‌ (ئێمه‌ هه‌موومان كه‌ مناڵ بووین شه‌وان به‌ر له‌خه‌وتن بیرمان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ به‌یانی كه‌ هه‌ڵساین چ یاریه‌كی نوێ بكه‌ین؟! به‌ڵام ئێستا شه‌وانه‌ به‌ر له‌خه‌وتن بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاخۆ به‌یانی ڕۆژی دواتر ژیان چ یاریه‌كمان پێده‌كات)؟! ئێمه‌ بووینه‌ته‌ یاری و بوكه‌ڵه‌ی ده‌ستی زه‌مان هه‌ربۆیه‌شه‌ چرای زینده‌گیمان هه‌میشه‌ كزه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچمان به‌ ئومێده‌وه‌ له‌م ژیانه‌ سه‌خته‌ ناڕوانین، كه‌ ئێستا تیایدا ده‌ژین. له‌به‌رئه‌وه‌ی وا هه‌ست ده‌كه‌ین به‌ره‌كه‌ت و چێژو له‌ززه‌ت له‌هیچ له‌حزه‌یه‌كی ئه‌م زینده‌گییه‌ سه‌خته‌دا نه‌ماوه‌، كه‌ هۆكاره‌كه‌شی هه‌ر خودی مرۆڤه‌كان خۆیانن.

هه‌ر بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین ته‌نیاین و ده‌نگ و سه‌دای ته‌نیاییه‌كه‌شمان ناگاته‌ هیچ ته‌به‌قه‌یه‌كی ئه‌م ئاسمانه‌ ساماڵ و شین و سپیه‌. ئومێد و خۆزگوكانیشمان یه‌ك بست بڕ ناكه‌ن و ناگه‌نه‌ دامێنی ئاوات بۆیه‌ هه‌میشه‌ واین له‌نێو نیشتمانی خۆزگه‌و مه‌راق؟!

ktv

له‌نێو ته‌ڕاتێنی ته‌مه‌ندا وه‌رزه‌كانمان لێ تێكه‌ڵبووه‌، هه‌میشه‌ واین له‌ چاوه‌ڕوانیدا و جارجاره‌ش چاوشاركێنه‌ی زه‌مه‌ن ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین ئێ به‌ڵكو ئه‌مه‌ خودایه‌ زه‌مه‌نمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌كاتێكا ئه‌مه‌ له‌ سه‌خترین ئه‌گه‌ره‌كانه‌ مه‌گه‌ر وه‌ك زولیخا ئاوی ته‌مه‌ن بخۆینه‌وه‌و ژیان به‌رگێكی نوێمان پێ بپۆشێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كێ ئێمه‌ی هێنده‌ خۆشده‌وێ تا وه‌ك حه‌زره‌تی یوسف دوعایه‌كی وامان بۆ بخوێنێ و ئه‌و ژیانه‌مان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هه‌موومان به‌وپه‌ڕی به‌رائه‌ت و نه‌زانییه‌وه‌ تیایدا گوزه‌رمان كرد ئه‌مڕۆش كه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ هه‌ورازه‌ ڕیێ ته‌مه‌ن ته‌نیا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ژیانی ڕابردوو و هه‌ڵكێشانی ئاخ و حه‌سره‌ت هیچیترمان له‌ده‌ست نایێ و كه‌سییش پێمان ڕه‌وا نابینێ،بۆیه‌ له‌ بازنه‌ی وه‌همی ژیاندا ناچارین به‌ درۆ میلی كاتژمێره‌كان بوه‌ستێنین كه‌ ئه‌مه‌ مه‌حاڵترینی مه‌حاڵه‌كانه‌ به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی درۆ له‌گه‌ڵ خۆمان بكه‌ین و خۆمان هه‌ڵبه‌خه‌ڵه‌تێنین ناچارین په‌نا بۆ زه‌مه‌نی وه‌ستاو ببه‌ین ئای چه‌ند دنیایه‌كی سه‌یره‌؟!

له‌ تێكسته‌ شیعری وا ساڵێكیتریش له‌ ته‌مه‌نمان توایه‌وه‌، شاعیر وێنایه‌كی جوانی ئه‌و واقیعه‌ی كردووه‌، كه‌ ئێمه‌مانان له‌ژیانی ئاسایی خۆمان به‌ شه‌وانی سه‌ری ساڵیشه‌وه‌ به‌ڕێیده‌كه‌ین، كاتێ باس له‌ ئامێزی كچی ده‌كات چۆن به‌ ده‌م خه‌یاڵه‌وه‌ ئامێزی به‌ بوكه‌ڵه‌ی بابه‌ نۆئێلی خه‌یاڵدا كردووه‌ و دواڕۆژی كوڕیشی به‌ده‌م خواردنه‌وه‌ی شوشه‌ شیره‌وه‌ خه‌ونی به‌دواڕۆژی خۆیه‌وه‌ بینوه‌ و دراوسێكانیش خه‌ریكی به‌زم و ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ بوون؟! ئه‌م ڕێك ئه‌م دیمه‌نه‌ی هێنامه‌وه‌ به‌رچاو كاتێ خۆم شه‌وێكیان بۆ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ به‌ دیار ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ دانیشتبووم خه‌ڵكیش له‌ هۆتێل و ڕێستۆرانته‌كان خه‌ریكی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ بوون ڕێك له‌ 12 شه‌و له‌نێو به‌رنامه‌كه‌ ئه‌وه‌ی نیشاندا كه‌ میوانانی نێو ئاهه‌نگه‌كه‌ خه‌ریكی ئاهه‌نگ و به‌زم سه‌ما بوون و به‌یه‌كه‌وه‌ فویان له‌مۆمی ته‌مه‌نی ئه‌و ساڵه‌ كردو له‌گه‌ڵ ئه‌م فوكردنه‌ ئیتر كاره‌بای ماڵ و گه‌ڕه‌ك و شار كوژایه‌وه‌ ئیتر دنیا بووه‌ تاریكستان و به‌ناچاری و به‌ هه‌ناسه‌ ساردی خزاینه‌ نێو جێگه‌ی خه‌وتن به‌ هه‌زار سوڕان و ئه‌ملاو ئه‌ولا و دوعا خوێندن تا خه‌و بۆخۆی بردینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ زه‌مه‌نی ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ پڕ درۆیینه‌یه‌ دوور بكه‌وینه‌وه‌. ئێستا ئێمه‌ نازانین پێبكه‌نین یا بگرین؟! به‌ ئاو و بارانی پاكبوونه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین یا به‌ ئاگری گه‌رمی زه‌مه‌ن؟ له‌كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ین له‌ كۆتاترین وێستگه‌ی ته‌مه‌ن یا سه‌ره‌تایترین كۆڵانی منداڵی؟!

ئه‌م وێناكردنه‌ وێناكردنی كۆمه‌لێك خۆزگه‌ و ئاخ و كه‌سه‌ره‌ كه‌ شاعیر حه‌سره‌تیان بۆ هه‌ڵده‌كێشێ بۆیه‌ نازانێ و ئێمه‌ش نازانین ئێستا له‌كام ده‌رگاوه‌ بێین و ڕۆبچینه‌ نێو ده‌روازه‌یه‌كی نوێی ته‌مه‌ن. ئاری لاو ئاری شاعیر جیا له‌وه‌ی یاری به‌ زه‌مه‌ن ده‌كات كۆمه‌ڵێ وشه‌ی فه‌وتاوی زه‌مانه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ نێو ده‌ق ئه‌مه‌ له‌ زانستی زمانه‌وانیدا جێگه‌ی بایه‌خه‌ كاتێ ده‌قێك ده‌بێته‌ هۆی سه‌رله‌نوێ نوێبوونه‌وه‌و بوژانه‌وه‌ی وشه‌ فه‌وتاوه‌كان:

ئاخر ئه‌وان بێ (تاڵحن) واته‌ بێ به‌ختن بێ (تاڵح) وشه‌یه‌كه‌ له‌نێو فه‌رهه‌نگدا مێژووه‌كی كۆنی هه‌یه‌ به‌ڵام وه‌ك به‌كارهێنان به‌كارهێنانێكی یه‌كجار كه‌می هه‌یه‌ كاتێ ئاغۆك دێت ئه‌م وشانه‌ جارێكیتر زیندوو ده‌كاته‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا ڕوحكردنه‌وه‌یه‌ به‌به‌ر زمان و وشه‌ فه‌وتاوه‌كان.

وه‌ره‌ با بگه‌ڕێینه‌وه‌ زه‌مه‌نی ساپساپانێ و چاوشلكانێ (چاوشاركانێ) شه‌ڕه‌ شاپی منداڵی و كه‌تن و كۆری هه‌رزه‌كاری و خه‌ونه‌ به‌دینه‌هاتووه‌كانی گه‌نجیمان. بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو شه‌ڕه‌ وه‌همیه‌كانی ته‌مه‌نمان یه‌كسان ده‌بێته‌وه‌ به‌ هیچ، خه‌ونه‌كانی ئه‌مساڵ و هه‌موو ساڵه‌كانی ته‌مه‌نمان قوربانی تۆزی ڕێگه‌كه‌ی حه‌بیبه‌كه‌ی ناڵی و مه‌م و زینه‌كه‌ی خانی و شیرین و فه‌رهاده‌كه‌ی كه‌یخوسره‌و له‌یلاو مجنونه‌كه‌ی كه‌مالی و فزوڵی و چوارینه‌ پڕ تام و چێژه‌كانی حافزو سه‌عدی شیرازی و جزیری و فه‌قێ ته‌یران و مه‌حوی و حه‌مدی و سالم و كوردی و هێمن و بێكه‌س و كێ و كێ بێ ئیتر هه‌موو ئاواتی ئه‌وان و ئێمه‌ش ئێوه‌ خۆش.

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.