Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:48

تامی گێڵاس " رۆسته‌می " به‌ جیهان ناساند

جگە لە باغی گێڵاس 40 فیلمی دیكەشی بۆ سینەما دەرهێناوە
کوردستان TV
100%

سینەماكارو سیناریۆ نووسی دیار و بەرچاوی ئێران " عەباس كیا رۆستەمی " خاوەنی خەڵاتی چڵەدارخورمای زێڕین " ی فیستیڤاڵی (كان) ی ساڵی 1997 بوو لە فیلمی " تامی گێڵاس" كه‌  بوو بە فاكتەرێكی هەرە بە تین بۆ بڵاوبوونەوەی ناوبانگی رۆستەمی لە ئێران و لە هەموو جیهاندا .
 
  فیلمی " تامی گێڵاس " باس لە سەربردەی پیاوێك دەكات بە دوای كەسێكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی دوای خۆكوشتنی خۆی، ئەو ئەركە بكێشێ و بینێژێ ، جگە لە باغی گێڵاس 40 فیلمی دیكەشی بۆ سینەما دەرهێناوە كە هەندێكییان فیلمی دیكۆمێنتین بە پێشڕەوی شەپۆلی نوێی سینەمای ئێرانی ناسراوە، خاوەنی پێگەیەكی بەرزو باڵا بووە لە سینەمای جیهانیدا .

 دەرهێنەری ناوداری فرەنسی جان لوك گودار دەڵێت: سینەما لە ( دی دەبلیو گریفیس)ەوە دەست پێ دەكات و لە عەباس كیا رۆستەمییەوە كۆتایی پێ دێت ، گۆڤاری (شانۆی سینەما) كە لە نیۆیۆرك دەردەچێت، لە وتارێكیدا دەڵێت:جیهان بە ماڵئاوایی كردنی عەباس كیا رۆستەمی یەكێك لە گەورەترین دەرهێنەرەكانی خۆی لە دەست دا ..

گەورە رەخنەگری بەریتانی (مارتن سكۆرسیزی) لە رۆژنامەی تەلگرافی لەندەنی دەڵێت: رۆستەمی دروستكەری موعجیزاتی سینەما بوو بە پۆشاكی سیحربازێكی سینەما. هەروا دەرهێنەری ئەمریكی (مارتن سكورسیزی)یش دەڵێت: رۆستەمی لووتكەی هەستی هونەرییە لە سینەمادا .
.
رۆستەمی چەندین خەڵاتی بەهاداری لە بەرامبەر داهێنانەكانی بە دەست هێناوە، لەوانەش خەڵاتی فیستیڤاڵی ڤینیسیای سینەمایی ساڵی 1999 لە فیلمی ( با هەڵمان دەگرێ) هەروەها خەڵاتی كۆمەڵەی رەخنەگرانی سینەما، بۆ باشترین فیلمی بیانی، پاڵێوراویش بوو بۆ خەڵاتەكانی (شێری زێڕین، خەڵاتی فیلمی ئاسیایی باشترین دەرهێنەر،خەڵاتی گیانی سەربەخۆ بۆ باشترین فیلم .

 عه‌باس كیا لە  22ی یۆلیۆی 1940 لە تاران لەدایك بووە، تا تەمەنی 18 ساڵی بە بەردەوامی سەرقاڵی نیگاركێشی و رەسمكردنی وێنەی كاریكاتێری و كاری هونەریی بووە، دواترساڵی 1969 ژیانی هاوسەرگیری لە گەڵ باروین ئەمیری پێك هێناوە، بەڵام دوای ئەوەی دوو منداڵییان بووە، لێكتر جودا بوونەتەوە، منداڵەكان كە گەورە بوونە ئەوانیش مەیلی كاری سینەماییان پەیدا كردووە .

 دەرچووی كولێژی هونەرە جوانەكانە، دوای تەمەنی 30 ساڵی خزاوەتە نێو دنیای سینەما و لە ساڵانی حەفتاكاندا یەكەم ئەزموونی فیلمی (ناو و شەقام) بوو،كە باس لە منداڵێك و سەگێك دەكات بە شێوەیەكی ریالیزمیناسك، ئەو خۆی باس لەو ئەزموونەی خۆی دەكات و دەڵێت: یەكەم ئەزموونم لە گەڵ سینەمادا زۆر سەخت و دژوار بوو، هەڵسوكەوتم لە گەڵ منداڵێك و سەگێك بوو، بەڵام چونكە بڕیاری سەركەوتنم دابوو، توانیم سەركەوتن بە دەست بێنم .
.
دوای ئەو فیلمە چەندین كورتە فیلمی یەك لە دوای یەكی بۆ سینەما دەرهێنا، لەوانە فیلمی: ئەزموون 1973، گەشتیار 1974 كە باس لە منداڵێك دەكات لە گوندێكی بچووكدا ئارەزووی یاریی تۆپی پێیە، چەندین فڕوفێڵ دەكات بۆ ئەوەی پارەی دەست كەوێ و بەشداری لە پاڵەوانیەتێكی هەڵبژاردەی تۆپی پێ بكات و چەند كورتە فیلمێكی تریش .

لە ساڵانی هه‌شتاكاندا زنجیرە كورتە فیلمێكی دیكەی بە بەرهەم هێنا لەوانە (بهداشت دیندان، بە رێكی یان بە ناڕێكی، همسرایان، كوا ماڵی هاوڕێكەم 1987 كە باس لە منداڵێك دەكات لە گوندێكا بە دوای هاوڕێیەكی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی كتێبەكانی قوتابخانەی بۆ بگێڕێتەوە.
 ئەم فیلمە كە لە ناوەرۆكدا زۆر سادەو ساكار بوو، بەڵام گوزارشت لە هێمای وەفاداری و پەروەردەی رەسەن دەكات بە تایبەت لە دێهاتەكاندا، ئەم فیلمەبوو بە مایەی ناوبانگ دەركردنێكی زۆر بۆ رۆستەمی لە دەرەوەی ئێراندا ، لە زۆربەی فیلمەكانیدا هەوڵی ئەوەی داوە كە كولتووری رەسەن و داب و نەریتە میللیەكان بەرجەستە بكات، بەمەش توانیویەتی وێنەیەكی واقیعی نیشان بدات، بە تایبەت لە ژیانی مندالاندا كە ئەو بایەخێكی زۆری پێ داوە ..

لە فیلمەكانی (تامی گێڵاس، ژیان بەردەوام دەبێت، لە ژێر درەختی زەیتوون دا كە ساڵی 1997 بەرهەم هاتووە) وەك یەك فیلم دەردەكەون، چونكە لە ناوەرۆكدا هەر سێ فیلم باس بەها پیرۆزو جوانەكانی ژیان دەكەن .

له‌ ساڵی 1990 فیلمی"  كلۆز ئاب " ی  بەرهەم هێناوە كه‌ سەركەوتووترین فیلمەكانی ساڵانی نەوەدەكانی بووە، ناوەرۆكی فیلمەكە لە بە سەرهاتێكی راستەقینە وەرگیراوەو باس لە پیاوێك دەكات كە خێزانێكی دەوڵەمەند چەواشە دەكات، كە گوایە ئەو پیاوە دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی موحسین مەخمەلبافە، فیلمەكە دەنگدانەوەیەكی گەورەی نایەوە و زۆر لە سینەماكاران و رەخنەگران ستایشی فیلمەكەیان كردووە، فیلمەكە جگە لە ئێران لە چەندین وڵاتی ئەورووپی دا نمایش كراوە .
.
لە ساڵانی دوو هەزاردا رۆستەمی ستایلێكی نوێ ی هێنا كایەوە، بە تایبەت لە فیلمی ( 10) پرژایە سەر حاڵەتە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی ئێران و تێیدا باس لە ئافرەتێك دەكات كە بۆ ماوەی چەند رۆژێك لە شەقامەكانی ئێراندا دەسووڕێتەوە و قسە لە گەڵ 10 لە گەشتیارەكان دەكات، لەوانەش بووكێكی راكردوو، كە كچێكی تەمەن 10 ساڵی خۆی لە گەڵدایە، نووسەرێكی نیۆرۆك تایمز بە ناو ئەنتۆنی ئۆلیڤەر باس لەو ستایلە دەكات كە رۆستەمی لەو فیلمەدا بەكاری هێناوە .
.
 ساڵی 2001 لە سەر داوای سەندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەسەندن لە نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی ئۆگەندا دەكات بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی دیكۆمێنتی (ئەی بی سی ئەفریقیا) و تێیدا باس لە منداڵە بێ دایك و باوكەكانی ئەو وڵاتەو نەخۆشیەكانی ئایدز دەكات .
.
ساڵی 2003 فیلمێك بە ناوی (پێنج) دەردەكات، كە فیلمێكە هیچ دیالۆگ و نواندنێكی تێدا نیە، هەر دیمەنێك لە پێنج گرتەی یەك لە دوای یەكەوە دێن دەربارەی سروشت و وێنەی فیلمەكە لە سەر دەریای قەزوینەوە گیراوە، هەروەها رۆستەمی فیلمی دیكۆمێنتی (دە لە سەر دە) ی بەرهەم هێنا، فیلمەكە 10 وانە دەگرێتە خۆی دەربارەی چۆنیەتیی دەرهێنانی فیلمی سینەمایی .
.
لە 2005ـ 2006 فیلمی (رێگاكانی رۆستەمی) بەرهەم هێنا، كە فیلمێكی دیكۆمێنتی 23 خولەكی بوو.
هەروەها لە گەڵ دەرهێنەری ئینگلیزی (كین لوتش) و دەرهێنەری ئیتاڵی ئەرمانو ئۆلمی ـ فیلمی (بۆ پەنجەرە) یان بەرهەم هێنا، كە وێنەی ژیانی ئاسایی رۆژانەی خەڵكی تێدا بەرجەستە كراوە .
 بەو بەرهەمانەی كە لە ماوەی 76 ساڵی تەمەنی پێشكەش بە سینەمای ئێرانی و سینەمای جیهانیی بكات، لە گەڵ رۆیشتنیدا بۆشاییەكی بەرفرەوانی لەو بوارەدا بە جێ هێشت.

ئەو جگە لەوەی كە شۆڕەسوارێكی دیاری بوارەكەی خۆی بوو، لە هەمان كاتدا مرۆڤێكی نیشتمانپەروەری دڵسۆز بێت بۆ گەل و نیشتمانەكەی، لە رێگەی كامێراكەی خۆیەوە توانیی زۆر لە رووە جوانەكانی ژیان لە وڵاتەكەی خۆیدا بەرجەستە بكات، بە تایبەت رووی جوانی لادێكان و ژیانی سادەی خەڵكی و منداڵە چاوگەشەكانی.
 
حەیدەر عەبدولڕەحمان

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.