فیلمی سینەمایی (16/3)، فیلمێكە پەیوەندیی بە كیمیابارانی (هەڵەبجە)ـوە هەیە، لە دەرهێنانی هاوبەشی (دانی دارین و پۆل جەی لەین)ـە، لە درێژەی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵە جیهانییەكان، لە ئێستادا ئەم فیلمە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نیشتمانیی بەریتانیا كە بە "the national film awards uk" ناسراوە، بۆ چوار خەڵات بەربژێر كراوە.
سینەماكاری گەنج (دانی دارێن)، كە خۆی سیناریۆی بۆ ئەو فیلمە نووسیوە و ڕۆڵی سەرەكی لە فیلمەكە گێراوە، لەمبارەیەوە بۆ ڕۆژنامەی (هەولێر) گوتی: فیلمەكە كێبڕكێی فیلمە بە هێزەكانی هۆڵیوود و ئەوروپا دەكات، كە بەربژێرە بۆ خەڵاتی نیشتمانیی بەریتانیا، ئەمیش بۆ خەڵاتی باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی پۆلیسی، باشترین فیلمی درێژ، باشترین فیلمی سەربەخۆ، بەربژێر كراوە.
سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتیش گوتی: تا ئێستا ئەم فیلمە 30 خەڵاتی وەرگرتووە و 32 جاریش بەربژێر كراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی، لەبەرنامەشدایە لە چەند فێستیڤاڵی دیكەی ئەمریكا و ئەورووپا بەشداری بكات كە من پێشبینی دەكەم ژمارەیەكی پێوانەیی لە وەرگرتنی خەڵات تۆمار بكات.
گوتیشی: هیوادارم بتوانم ناوی هەڵەبجەی شەهید ببەمە سەر ستەیجی ئەم فێستیڤاڵە مەزنە، دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەم خەڵاتە لە ڕێگەی خەڵك و لیژنەی دادوەرانەوە بە شێوەی دەنگدان دیاری دەكرێ، بۆیە داوا لە خەڵكی دەكەم دەنگ بە فیلمەكەم بدەن بۆ ئەوەی وەكو دەرهێنەرێكی كورد ئەم خەڵاتە وەربگرم، ئەمەش بۆ یەكەمجارە فیلمێكی كوردی بگاتە ئەو قۆناغە.
سەبارەت بە ئامانجی دروستكردنی ئەو فیلمەی لەسەر كارەساتی (هەڵەبجە) گوتی: فیلمەكە لەبارەی ئەو تاوانەیە كە دەرهەق بە هەڵەبجە كراوە، ئەم فیلمە كاریگەرییەكی زۆری كردووەتە سەر ئەو كەسانەی كە بینیویانە، هەر لەبەر ئەوەش بۆ چەندین فێستیڤاڵی جیهانی داوا كراوە.
گوتیشی: چەند ئامانجێكم لە دروستكردنی ئەم فیلمە هەبوو، یەكەم دەمەوێت چیرۆكی تراژیدیای هەڵەبجە بخەمە سەر شاشەی سینەماكانی جیهان و لە فێستیڤاڵە جیهانییەكان نیشانی بدەم، لەگەڵ ئەوەشدا سەرنجی هونەرمەندان و سینەماكاران و ئەستێرەكانی جیهان بۆ دۆزی رەوای گەلی كورد رابكێشم. دووەمیش هەوڵی نیشاندانی جوانیی كوردستان و شوێنە گەشتیارییەكانم لە چاوی كامێراوە داوە، ئەمەش بە پێچەوانەی فیلمە كوردییەكانی دیكە.
لە ناوەڕۆكی فیلمەكەدا هاتووە: (ئاریان) دوای گەڕان بە دوای ژیانێكی باشتر و نیشتەجێ بوونی لە ووڵاتی بەریتانیا، كە (28) ساڵ بەسەر ڕووداوی كیمیابارانی هەڵەبجە دا تێپەڕی، بەڵام هێشتا لەگەڵ خەونەكانە بۆ گەڕانەوەی بۆ لای خانەوادەكەی، كە لە ڕێگەی خۆشەویستە ئینگلیزەكەیەوە. كە ڕۆڵی سەربازێكی عێراقی ترسنۆكی پێ دەبەخشرێ. لە فیلمێكی دۆكۆمێنتاری.
كاتێك تیرۆریستەكان هێرشی دەكەنە سەر فیلمسازەكان بۆ وەستانی دۆكۆمێنتاریەكە، لێرەوە (ئاریان) تێوە دەگلێت، ڕووداوەكانی هەڵەبجە لە زیندان كێشەكانی قۆڵتر دەكات، هەروەها تەنیا شتێك یارمەتیی بدات جارێكی تر بە خانەوادەكەی شاد بێتەوە، بۆنكردنی سێوە.. ئایا نازناوی (كاك سێو) دەتوانێ ڕاستیەكان دەربخات؟ ئەمە ناوەڕۆكی ئەم فیلمە سینەماییە.
لە فیلمەكەدا (ئاریان) ڕۆڵی سەرەكیی هەیە وەك كوڕێكی هەڵەبجە، كە ئەم ڕۆڵە (دانی دارێن) دەیگێڕێت، هەروەها (هێلن) كە خۆشەویستی (ئاریان)ـە و عاشقی بووە، شەڕ دەكات لە پێناو خۆشەویستەكەیدا.. كە دڵنیایە بێ تاوانە و دوای سەردانەكەی بۆ كوردستان، خۆشەویستیەكی زۆری دەبێت بۆ خەڵكی كوردستان، ئەم ڕۆڵەش لە لایەن خانمە ئەكتەری ئەمەریكی (ڕەچڵ ماركیوز) گێڕدراوە.
جۆری فیلمەكە (ئەكشن و درامی و پۆلیسی) یە، ماوەكەی (2) كاتژمێرە، لە كوردستان و بەریتانیا كاری وێنەگرتن و تەكنیكی بۆ كراوە، ئەكتەرەكانی (80%)ـی بەریتانین، (20%)ـی كوردی باشووری كوردستانن، بودجەی ئەم فیلمە نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار بوو، 25%ی كۆمپانیایەكی بەریتانی دابینی كردووە و ئەوەی دیكە لە لایەن دەرهێنەر و چەند هاوڕێیەكی دڵسۆزی دابینیان كردووە.
سینەماكار (دانی دارین) ناوی ڕاستەقینەی (هەڵمەت سەڵاح)ـە، دەرهێنەر و ئەكتەری سەرەكیی فیلمی 16/3 یە و لەدایكبووی ساڵی 1980ی گوندی كەلەكانی سەر بە شارۆچكەی قەڵادزێیە، لەساڵی 2002 وە لە بەریتانیا نیشتەجێ بووە، كاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلمی سینەمایی كردووە، هاوكات وەك ئەكتەر بەشداری لە چەند فیلمێكی بیانیدا كردووە.
سهرچاوه: ههولێر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.