Erbil 4°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 06:16

نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و بێژه‌ر که‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ماڵئاوایی کرد

خاوه‌نی یه‌كه‌مین به‌رنامه‌ی هونه‌ری ته‌له‌فزیۆن بووه‌
کوردستان TV
100%

نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و بێژه‌رو پێشكه‌شكاری ڕادیۆ كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ) له‌غوربه‌ت ماڵئاوایی كرد.

به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ شه‌وی ٢٠١٨/٩/٣٠ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و بێژه‌رو پێشكه‌شكاری ڕادیۆ و خه‌مخۆری ئه‌رشیفی ڕاگه‌یاندن و هونه‌ری كوردی ( بابی لالۆ _ كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) دوای چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ ئازاری نه‌خۆشی و دووچاری نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ له‌غوربه‌ت ( هۆڵه‌ندا ) و به‌بێ ده‌نگی ماڵئاوایی كرد.

كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د له‌ ١٩٤٢/١/١ له‌گه‌ڕه‌كی كانی ئاسكانی شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌ ، له‌ساڵی ١٩٦٥ ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌ دووكوڕو كچێكی هه‌یه‌.

خوێندكاری به‌شی درامای فێرگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا بووه‌ ( ١٩٥٩ _ ١٩٦١ )

وه‌رگێڕو بێژه‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه‌ له‌ساڵی ١٩٦٦ تا ١٩٨٢ 

- سه‌رپه‌رشتی ڕۆژنامه‌ی هاوكاریی بووه‌ له‌ساڵی ١٩٧٠

 - ڕۆژنامه‌نووسی گۆڤاری كاروان بووه‌ ١٩٨٣ تا ١٩٨٦  

به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ١٩٨٦/٦/٦ خانه‌نشین كراوه‌

له‌ڕادیۆی كوردی ئه‌م به‌رنامانه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌ له‌نێوان ساڵی ١٩٦٦ تا ١٩٨٩ وه‌ك ( ده‌نگی هونه‌ر ، چیرۆكی هه‌فته‌ ، دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ، دنیای فۆلكلۆر ، دیاریی ئه‌مڕۆ ، بۆ خۆشیتان ، شه‌وچه‌ره‌یه‌كی كورده‌واری ، سه‌دای چیرۆكی كوردی ، هاوار خاڵه‌ ڕه‌جه‌ب ، ڕاپۆرتی مایكرۆفۆن ، فه‌رهه‌نگی ڕۆشنبیری و ڕۆژێ له‌ڕۆژان. )

خاوه‌نی یه‌كه‌مین به‌رنامه‌ی هونه‌ری ته‌له‌فزیۆن بووه‌ له‌ساڵی ١٩٧٠ تا ١٩٧٣ له‌به‌غدا تۆماركراوه‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك پێشكه‌شكراوه‌.

له‌ساڵی ١٩٩٨ وڵاتی به‌جێهێشتووه‌و له‌وڵاتی هۆڵه‌ندا نیشته‌جێ بووه‌ و سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌و نوسین بووه‌.

 ناوی چاپكراوه‌كانی  نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و بێژه‌رو كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د

١/ ببووره‌ ....شانۆ نامه‌ _ دراما ( سلێمانی ١٩٦١)

٢/ بژیی مرۆڤ ..چیرۆكی كورت ( به‌غدا د ١٩٧٠)

٣/ مسته‌فا سائیب ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌ی كورد _ لێكۆلینه‌وه‌ ( سلێمانی ١٩٩٧)

٤/ هونه‌ری درامای ڕادیۆی كوردیی _ لێكۆلینه‌وه‌ ( سلێمانی ٢٠٠٠)

٥/ ئه‌ده‌بی نامه‌نوسیی كوردیی _ لێكۆڵینه‌وه‌ _ ٣ به‌ش ( هه‌ولێر ٢٠٠٤)

٦/عه‌قیده‌ی ئیمان _ عه‌قیده‌ی كوردی _ كۆنترین ده‌یتنووسیی مه‌ولانا خالید نه‌قشبه‌ندی _١٨١٩ لێكۆلینه‌وه‌ ( سلێمانی ٢٠٠٤)

٧/ ده‌سته‌واره‌یێ نان بۆ مێژوو _ لێكۆلینه‌وه‌ ( سلێمانی ٢٠٠٤)

٨/ باقه‌ دراسات كردیه‌ _ لێكۆلینه‌وه‌ به‌عاره‌بی ( هه‌ولێر ٢٠٠٦)

٩/گه‌ڕان بۆ ڕاستیی _ لێكۆلینه‌وه‌ ( سلێمانی ٢٠١١)

١٠/گوتوبێژێكی ده‌گمه‌نی تۆفیق وه‌هبی و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ : وه‌رگرتن و تۆماركردنی ئه‌میر حه‌سه‌ن پوور _ نوسینه‌وه‌ی و په‌راوێز و خوێندنه‌وه‌ی بابی لالۆ /كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ( سلێمانی ٢٠١١)

١١/ڕۆژێ له‌ڕۆژان _ دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌نوسیی و كه‌له‌پووری ( سلێمانی ٢٠١١)

١٢/ مێژووی ئه‌ده‌بیاتی خۆرئاوا له‌ ئه‌ده‌بی كورددا .. لێكۆڵینه‌وه‌ ( سلێمانی ٢٠١٠)

١٣/ مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد ..به‌رگی یه‌كه‌م له‌ساڵی ١٩٣٩ _١٩٥٨ _ ٣ به‌ش ( سلێمانی ٢٠١٤)

سه‌رچاوه‌ / كتێبی مێژووی ڕادیۆی كورده‌ به‌غداد به‌رگی یه‌كه‌م _ به‌شی سێیه‌م لاپه‌ڕه‌ ٦٧٧

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.