خولی وڵاتانی ئه‌وروپا پاڵه‌وانێتییه‌كی نوێیه كه تایبه‌ت ده‌بێت به هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپا، پاڵه‌وانێتیه‌ك كه هاوشێوه‌ی یارییه‌كانی یانه‌كان ده‌بێت به جۆرێك یارییه‌كانی له چه‌ند كاتێكی جیاواز به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌بری ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ساڵێك بكرێت له ماوه‌ی وه‌رزێكدا ده‌كرێت.
ئه‌م پاڵه‌وانێتیه به یاری نێوان ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا ده‌ستی پێكرد و هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپاش كه ژماره‌یان 55 هه‌ڵبژارده‌یه له پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌پێی ریزبه‌ندی ساڵانه‌ی یوفا هه‌ر ههڵبژاردهیهو له خولێك به‌شداری ده‌كات.
پاڵه‌وانێتیه‌كه دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر 4 خول كه خولی یه‌كه‌میان له باشترین 12 هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌وروپا پێكهاتووه‌و خولی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌میش به‌پێی ریزبه‌ندیه‌كه هه‌ڵبژارده‌كانی تر له خۆده‌گرێت، پاڵه‌وانێتیه‌كانیش هاوشێوه‌ی خوله ناوخۆییه‌كانی یانه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چن كه سه‌ركه‌وتن و دابه‌زینی بۆ خوله‌كانی تر تێدا ده‌بێت.
به جۆرێك یانه‌كانی خولی یه‌كه‌م كه باشترین هه‌ڵبژارده‌كان له خۆده‌گرێت له‌سه‌ر نازناوی پاڵه‌وانێتیه‌كه ده‌جه‌نگن، به‌ڵام خراپترین 4 هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌م خوله داده‌به‌زێت بۆ خولی دووه‌م، له‌و خولهشداباشترین 4 هه‌ڵبژارده سه‌رده‌كه‌وێت بۆ خولی یه‌كه‌م و خراپترین 4 هه‌ڵبژارده‌ش داده‌به‌زێت بۆ خولی سێیه‌م.
بیرۆكه‌ی ئه‌م پاڵه‌وانێتیه یاخود بابڵێین هۆكاری رێكخستنی ئه‌م پاڵه‌وانێتیه وه‌كو یوفا ئاماژه‌ی پێ داوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یوفا ده‌یه‌وێت كۆتایی به یارییه دۆستانه بێ سووده‌كان بهێنێت و له بری ئه‌وه هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردانه یاری بكه‌ن كه له ئاستی خۆیاندان، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌كان هه‌میشه یاری پڕ ركابه‌ری ئه‌نجام بده‌ن، له هه‌مووشی زیاتر ئه‌و خوله داهاتێكی زیاتر به یوفا و هه‌ڵبژارده‌كانیش ده‌به‌خشێت.
سیستمی پاڵه‌وانێتییه‌كه
پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش ده‌ستى پێكردووه له‌ئێستادا تا ناوه‌ڕاستی ساڵی 2019 به‌رده‌وام ده‌بێت و بیرۆكه‌ی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ش ساڵی 2011 دانراوه‌و ساڵی 2014هش به ره‌سمی بڕیاری ئه‌نجامدرانی دراوه.
به پێی راگه‌یه‌ندراوی یوفاش خولی یه‌كه‌م كه به لیگ ئه‌ی ناسراوه دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر 4 كۆمه‌ڵه‌ی 3 تیپیدا، كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م پێكهاتووه له هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسیا و هۆڵندا، كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش به‌لژیكا و سویسرا و ئایسله‌ندا له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌ریه‌ك له هه‌ڵبژارده‌كانی پرتوگال و ئیتاڵیا و پۆڵندا له كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مدان، كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌میش كه ده‌كرێت به كۆمه‌ڵه‌ی ئاگرین ناوببرێت ئیسپانیا و ئینگلته‌را و كروتیا ركابه‌ری ده‌كه‌ن.
له هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌كیش هه‌ڵبژارده‌یه‌ك سه‌رده‌كه‌وێت بۆ قۆناغی پێش كۆتایی، ئه‌و قۆناغه‌ش له وڵاتێكی دیاری كرا‌و به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه مانگی 12ی ئه‌مساڵ یوفا خۆی دیاری ده‌كات و ده‌بێت یه‌كێك بێت له‌و 4 هه‌ڵبژارده‌یه‌ی گه‌یشتونه‌ته قۆناغی كۆتایی كه دواتر یاری كۆتایی و یاری دیاری كردنی پله‌ی سێیه‌م و چواره‌میش ده‌كرێت.
یارییه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌میش كه هه‌ر ههڵبژاردهیهو 4 یاری ده‌كات له‌نێوان مانگی و 9 و 10 و 11 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیروپشكی قۆناغی كۆتاییش سه‌ره‌تای مانگی 12 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و قۆناغی كۆتاییش له‌نێوان رۆژانی 5 بۆ 9/6/2019 ئه‌نجام ده‌درێت.
په‌یوه‌ندی نێوان یۆرۆ نه‌یشن و یۆرۆی 2020
ئه‌م پاڵه‌وانێتییه جیاوازه له‌گه‌ڵ پاڵاوتنی یۆرۆی 2020 به‌ڵام له هه‌مانكاتدا هه‌لی دووه‌م ده‌بێت بۆ به‌شێك له‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی ناتوانن بگه‌نه یۆرۆی 2020 به‌جۆرێك له یۆرۆ 24 هه‌ڵبژارده به‌شداری ده‌كه‌ن كه 20 هه‌ڵبژارده‌یان له رێگه‌ی پاڵاوتنه‌وه سه‌رده‌كه‌وێت بۆ یۆرۆ و 4 هه‌ڵبژارده‌كه‌ی تریش له رێگه‌ی نه‌یشن لیگه‌وه سه‌رده‌كه‌ون ، به‌جۆرێك قۆناغی كۆتایی نه‌یشن لیگ هاوشێوه‌ی پاڵاوتنی كۆتایی ده‌بێت بۆ یۆرۆی 2020،
وه‌كو ئاشكرایه قۆناغی كۆتایی له 4 كۆمه‌ڵه‌ی 4 تیپی پێكدێت كه هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌و تایبه‌ت ده‌بێت به خولێك و له‌نێوان خۆیان چونه ده‌ره‌وه به‌یه‌ك شكست ده‌كه‌ن و پاڵه‌وانیش له‌پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌بێته پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ی، خۆی ده‌گه‌یه‌نێته یۆرۆ و ئه‌گه‌ر بێت و پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ش خۆی به پاڵاوتن گه‌شتبێته یۆرۆ ئه‌وا بلیتی یۆرۆ ده‌درێت به دووه‌م، ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ر 4 تیپه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك خۆیان به پاڵاوتن سهركهوتبێتن بۆ یۆرۆ ئه‌وا بلیتی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه ده‌درێت به كۆمه‌ڵه‌ی داهاتوو.
لایه‌نه باش و لایه‌نه خراپه‌كای یۆرۆ نه‌یشن
خولی ئه‌وروپا یاخود یۆرۆ نه‌یشن ده‌كرێت به چانسی دووه‌م بۆ هه‌ڵبژارده گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌یان له مۆندیال بكه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی دا پاڵه‌وانێتیه‌كه بووه‌ته نێچیری چه‌وری ره‌خنه‌گران و رووبه‌ڕوی چه‌ندین ره‌خنه بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی یاساكانی.
پاڵه‌وانێتییه‌كه دوای كه‌متر له 2مانگ دێت له مۆندیال كه فه‌ره‌نسا نازناوه‌كه‌ی برده‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژارده گه‌وره‌كان ده‌خاته به‌رده‌م ركابه‌ریه‌كی به‌هێز و قورس و گوشاری گه‌وره‌ش ده‌خاته سه‌ریان.
پاڵه‌وانێتیه‌كه به جۆرێكه كه له هه‌ر خولێك ئاستی هه‌ڵبژارده‌كان له‌یه‌كه‌وه نزیكه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌كان به‌باشترین پێكهاته‌وه یاری بكه‌ن و راهێنه‌ره‌كانیش بواری ئهوهان نه‌بێت پلان و یاریزانی نوێ تاقیبكه‌نه‌وه.
یه‌كێك له دیارترین ئه‌و ره‌خنانه‌ش كه رۆژنامه‌نووسان له‌و پاڵه‌وانێتیه ده‌گرن ئه‌وه‌یه كه یوفا راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كان ده‌خاته به‌رده‌م دۆخێكی زۆر خراپ چونكه ئه‌گه‌ر بێت و یاری به پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بكه‌ن ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێت بۆچی یاریزانی نوێ تاقی ناكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و به یاریزانی نوێش یاری بكه‌ن و دووچاری شكست بن ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێت.
له خولی ئه‌ی كه هه‌ڵبژارده به‌هێزه‌كان له‌خۆده‌گرێت هیچ بوارێك بۆ تاقیكردنه‌وه نییه، چونكه هه‌مووان هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌كه‌م نازناوی یۆرۆ نه‌یشن ببه‌نه‌وه، بۆیه ده‌بینی هه‌ڵبژارده‌یه‌كی وه‌كو ئه‌ڵمانیا هه‌موو هه‌وڵ ده‌دات له فه‌ره‌نسا بباته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی له مۆندیال بكاته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت ده‌می ئه‌و ره‌خنه‌گرانه دابخات كه ره‌خنه‌یان له شێوازی بردنه‌وه‌ی نازناوی مۆندیال ده‌كرد له‌لایه‌ن ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌وه.
له كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌میشدا كه 3 هه‌ڵبژارده‌ی به‌هێزی هاوشێوه‌ی ئیسپانیا و كرواتیا و ئینگلته‌را له‌خۆده‌گرێت ناكرێت یه‌كێك له‌و 3 هه‌ڵبژارده‌یه بیر له‌وه بكاته‌وه یاریزانی نوێ تاقیبكاته‌وه، چونكه ئیسپانیاش ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی مۆندیال بكاته‌وه‌و 2 هه‌ڵبژارده‌كه‌ی تریش ده‌یانه‌وێت دوپاتی بكه‌نه‌وه گه‌یشتنیان به پێش كۆتایی مۆندیال به رێككه‌وت نه‌بووه.
یه‌كێكی تر له‌و هۆكارانه‌ی وا له هه‌ڵبژارده‌كانی خولی ئه‌ی ده‌كات به‌باشترین پێكهاته‌و باشترین ئاستیان یاری بكه‌ن ئه‌وه‌یه هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا داده‌به‌زێت بۆ خولی بی واته له پاڵه‌وانێتی داهاتوو له ریزی گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا نابێت.
یاریكردنیش به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژارده‌ی گه‌وره‌و به پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیش به زیانی یانه‌كان ده‌بێت چونكه یاریزانان له‌پاڵ گه‌شته‌كانیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌ڵبژارده‌كانیان به ئه‌نجامدانی ئه‌و یارییه به‌هێزانه زیاتر ماندو ده‌بن و ئه‌گه‌ری دوچاربوونیشیان به‌پێكان زیاتر ده‌بێت، له‌هه‌مووشی گرنگتر به ماندوبوونێكی زۆره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه یانه‌كانیان.
له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كێك له لایه‌نه باشه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانێتیه ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپا ناچار نابن گه‌شت بكه‌ن بۆ كیشوه‌ری تر بۆ ئه‌وه‌ی یاری دۆستانه ئه‌نجام بده‌ن ، به‌ڵكو له‌نێو كیشوه‌ره‌كه ده‌مێننه‌وه به‌تایبه‌تی كه ئه‌نجامدانی یاریش له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڵبژارده‌یه‌كی هه‌ردوو ئهمریكاكهو ئاسیا و ئه‌فریقا سودی بۆ ئه‌وروپیه‌كان نییه چونكه تا 4 ساڵی تر له پاڵه‌وانێتیه‌كی ره‌سمی روبه‌ڕوی یه‌ك نابنه‌وه.
به‌ڵام به‌شێك له ره‌خنه‌گران پێیان وایه یاری نه‌كردن به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژارده‌كانی كیشوه‌ره‌كانی تر به‌تایبه‌تی ئه‌مریكای باشوور زیانی بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وروپا ده‌بێت چونكه جیاوازی شێوازی یاریكردن له‌نێوان ئه‌و 2 كیشوه‌ره ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی سوودی هونه‌ری ببینن له پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نجامدانی یاری به‌رامبه‌ر به‌رازیل و ئه‌رژه‌نتین له‌پاڵ سوده هونه‌ریه‌كه سوودی دارایی زۆریشی ده‌بێت.
لایه‌نێكی باشی تر ئه‌وه‌یه چی تر هانده‌ران هه‌فته‌ی فیفا یاخود هه‌فته‌ی یارییه دۆستانه‌كان به بێزاركه‌ر ناو نابه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی یۆرۆ نه‌یشن چه‌ندین یاری به‌هێز و پڕركابهری له‌خۆ ده‌گرێت كه هانده‌ران به‌جۆش ده‌بینن بۆ سه‌یركردنی.
هه‌وراز كاوه
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.