سەرۆکی رەوتی حیکمە داوادهكات پهلهبكرێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق و پێشیوایە؛ عێراق پێویستی بە سیاسەتێکی بوێرانە هەیە، بۆ پاراستنی وڵات لە شەڕی ململانێ بە وەکالەت.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی وتاری نوێژی جەژندا لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری بەغدا رایگەیاند، لەم رۆژانەی دواییدا جموجۆڵ دەبینرێت لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەو پێکهێنانی زۆرینەی نیشتیمانی، ئەوەش دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵی و داوای مەرجەعیەتی باڵا بۆ خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێت عێراق پێشهات و ئاڵنگارییە هەرێمییەکان و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان وەلابنێت، ئەوەش پێویستی بە سیاسەتێکی نیشتیمانی بوێرانە هەیە، بۆ پاراستنی وڵات لە سیاسەت و شەڕی ململانێ بە وەکالەت.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا حەکیم گوتی: بەبێ سەقامگیری سیاسیی و هۆشیاری نیشتیمانی و تەماشاکردنی قەیرانەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی، وڵات ناپارێزرێت.
بەپێویستیشی دەزانێت پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتو، ئەوەش لە چوارچێوەی داواکەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ سازدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و بەخشینی هەل بە گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت، داوای لە هێزە براوەکان کرد ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت، هاوکات دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی بە پەکخستن ناودەبات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.