ئەمڕۆ سێشەممە 14/8/2018 بە ئامادەبوونی چەند سەرکردەیەکی سەربازی هێزە سنورییەکانی هەردوو وڵات، هەریەکە لە عێراق و ئێران یاداشتێکی هاوبەشیان بۆ هاریکاری سنوور واژوو كرد.
ئاژانسی "فارس نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، قاسم ڕەزائی فەرماندەی هێزەکانی سنوری ئێران و حامید عەبدوڵا ئیبراهیم فەرماندەی هێزەکانی سنوری عێراق کۆبوونەتەوە.
لە پەراوێزی شەشەمین کۆبوونەوەی سنوری هاوبەشی هەردوو وڵات، ڕێککەوتنێک بۆ هاریکاری سنوری هاوبەش ئیمزاکراوە.
ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەو پێیەی عێراق و ئێران سنورێکی وشکانی و ئاویی هاوبەشیان بە درێژایی هەزار و ٦٠٩ کیلۆمەتر هەیە، وا پێویست دەکات کە هاریکاری هاوبەش هەبێت لە بواری سنوریدا، جەختیشکراوەتەوە بۆ سازکردنی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایشی سنورەکانی هەردوو وڵات و ئەنجامدانی چالاکی پاسەوانی هاوبەش لە سنورەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و مانۆڕی هاوبەشی سەربازی.
ئەوە لەکاتێکدایە تا ئێستا چەند جارێک حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێگەنادەن لە سنوری عێراقەوە هیچ دەستدرێژییەک بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی پشێوی لە سنورەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی جیران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.