Erbil 12°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 13:53

به‌ تاڵی و به‌ شـــــیرینییـه‌وه‌ هـه‌ر کـوردم

تا مانگ و ئه‌ستێره‌كانیش بمانناســن
کوردستان TV
100%

 

        ( 1 )

ئه‌م كێـڵـگه‌یه‌ هی ئێمه‌یه‌

ئێمه‌، نه‌ پاسارین، نه‌ چۆله‌كه‌ و هه‌ر باڵنده‌یه‌ك

به‌ داهۆڵه‌كانتان بمانتـرسـێنن

ئه‌م كێـڵـگه‌یه‌ هی ئێمه‌یه‌

چی تیا بچێنین، چی تیا بڕوێنین

هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌ردیشی لێ ده‌ربێنین

ئه‌م كێـڵـگه‌یه‌ هی ئێمه‌یه‌

ــــ ئه‌و هه‌نجیره‌ گه‌یوه‌ و زه‌رد هه‌ڵـگه‌ڕاوه‌

هێشتا هه‌ر به‌ سه‌ر داره‌وه‌

هه‌ر ده‌بێ بكه‌وێته‌ نێو ده‌ستی خۆمانه‌وه‌

گوناهه‌ لێیناگه‌ڕێن به‌ قه‌یره‌یی

بكه‌وێته‌ خــواره‌وه‌

           ( 2 )

دوو باز بوون، له‌ تۆڕ و داوی ڕاوچیانم كردنه‌وه‌

گوتیان ئازادمان كـــه‌

گوتم به‌ مه‌رجێ

به‌رز به‌رز ببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وجی ئاسمان

ئاڵاكه‌مان ئاڵای كوردستان

به‌ تیشكی خۆره‌وه‌ هه‌ڵواســن

تا مانگ و ئه‌ستێره‌كانیش بمانناســن

 

           ( 3 )

ته‌مه‌نی به‌ سه‌ر چووم

به‌ تاریك و رووناكییه‌وه‌

به‌ ڕێگاكانی پڕ له‌ ساتمه‌ و

به‌ ته‌ختایی و ڕاستانییه‌وه‌

ته‌مه‌نی به‌ سه‌ر چووم

به‌ شیرینی و تاڵییه‌وه‌

كاتێ ئاوڕێكیان لێ ده‌ده‌مه‌وه‌

تا بمگه‌ڕێننه‌وه‌ ئه‌وســا

ده‌رگاكانیان به‌ ڕووم داده‌خه‌ن

له‌ پشت ده‌رگاوه‌ پێم ڕاده‌گه‌ێنن

بڕۆ بۆ خۆت له‌ ده‌رگای ئاینده‌ بـده‌

كاتی خۆت له‌ پشت ئه‌م ده‌رگایه‌دا به‌ فیڕۆ مه‌ده‌

           ( 4 )

له‌ ناوه‌وه‌ی خۆمدا

له‌ خۆم زیاتر، كه‌سێكی تر نــا

خۆشم كه‌جار جار په‌ی پێ ده‌به‌م

ســه‌مایه‌ك ده‌كه‌م

سه‌مایه‌كی ( زۆربا ) یانه‌

وه‌ك سه‌مای فرمێسكێكی قه‌تیسماو

له‌ چاوێكی نابینادا

سه‌مای سۆز و غه‌ریزه‌یه‌كی لغاو كراو

وه‌ك ئه‌سپێكی سندمكراو

 یان سه‌مایه‌كی بێده‌نگ

له‌ به‌ر ده‌م چه‌ند تابووتێكی ڕێز كراودا

سه‌مای بروسكه‌یه‌ك، له‌ نێو هه‌ورێكی داماودا

سـه‌ما .. سـه‌مایێ

له‌ چاوه‌ڕوانی ( گۆدۆ ) یه‌ و

كه‌ی بۆمان هه‌ڵده‌كــات شـنه‌ بایـێ ؟!!

           ( 5 )

له‌ نێو خه‌وتووه‌كاندا به‌خه‌بـه‌رم

نازانم ئه‌و ته‌ونه‌ جاڵجالۆكه‌یه‌ چییه‌ له‌ ناو سه‌رم

له‌ نێو جێ و بالینگانا، خۆبه‌خشانه‌

به‌ شه‌واژوویی و شه‌واره‌ییه‌وه‌ شه‌ودێرم

نقوومی نێو ده‌یان خه‌یاڵی ئالۆزكاو

به‌ پچڕ پچڕیش وه‌ڵامه‌كان وه‌رده‌گرم و ده‌نێرم

هاورێیان، بۆچی شه‌وێك به‌ ئارامی ناخه‌وم

 شه‌و ڕاده‌كشێ و تا ده‌بێته‌ سـێباری شه‌وێ

خه‌وم هه‌ر لێ ناكه‌وێ

له‌ نێو خه‌وتووه‌كاندا به‌ خه‌به‌رم

تۆ بڵێی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بــێ

كه‌ كوردێـكی سه‌ودا ســـه‌رم ؟!!

            (6 )

به‌ دوو كوچكه‌ به‌ردان

مه‌نجه‌ڵ له‌نگر ناگرێ

بوو به‌ سێ، ده‌سازێ

 بوو به‌ چوار، ئاگریش ته‌نگه‌ نه‌فه‌س ده‌بێ و

ئه‌و گۆشته‌ ناكوڵــــــێ

            ( 7 )

كاتێ ویژدانی مرۆڤــ بووه‌ دارستان

نه‌بووه‌ قـه‌فـه‌ز

به‌ ڕه‌وه‌ باڵنده‌كان مێوانی ئه‌ون

كاتێ ویژدان نه‌بووه‌ تۆڕ و قوڵاب

ماسی ڕه‌ناگاو ڕه‌نگ

له‌ ناو جۆگه‌له‌ و ده‌ماره‌كانی ئه‌و ده‌خه‌ون

            ( 8 )

هێشتا فه‌ریك و شتڵه‌ نه‌مامێك بووم

مامۆستا فێری پیت و وشه‌ی كردم

دارا دوو داری دی

كه‌ هه‌ڵچووم و گه‌وره‌ش بووم

به‌ گڕاوی خۆم ده‌گوت

به‌و عیشقه‌وه‌ تیره‌ بارانم مه‌كه‌

كه‌چی دوژمنه‌كه‌م، كیمیا بارانی كردم

هه‌ر دوو چاوانی كوێر كردم

ئێستا نه‌ك سێوه‌كان به‌ داره‌وه‌

نه‌ ( دارا )ش له‌ سه‌ر داره‌وه‌

نه‌ك ( زه‌ینه‌ب ) یش له‌ خواره‌وه‌

بڵێم چی زۆر دڵ به‌ برینم

نه‌ك هه‌ر سێو و دارا و زه‌ینه‌ب

داره‌كه‌ش نابینم

            ( 9 )

ئه‌و سه‌ره‌ی من زۆر ماندووه‌

له‌ نێویدا شاره‌ مێرووله‌ی لێ ده‌ر بووه‌

دانه‌وێڵه‌ به‌ سه‌ر ڕایه‌ڵه‌كانی خه‌یاڵمدا ده‌گوازنه‌وه‌

نیگه‌رانم بۆ ئه‌وانه‌ی به‌رده‌بنه‌وه‌

ئه‌گه‌ر چی ده‌بن به‌ شیعر و له‌ بیرم ناچنه‌وه‌

             ( 10 )

شارێكم له‌ ژێر لمایه‌

شارێكم به‌ كاسه‌ی سه‌ر هه‌ڵنرایه‌

شارێكه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌

ده‌ستی لێ ڕواوه‌

له‌ ناو له‌پیاندا چرۆ و چاوه‌

قاچی لێ ڕواوه‌

پێیه‌كانیان چیمه‌ن و، په‌نجه‌كانیان چڵه‌ نێرگز

مه‌ركانه‌كانیان كڵاو و پێـڵاوه‌

بۆ هه‌ڵكشان وسه‌ركه‌وتنی خۆزگه‌كانیان

بۆ سه‌ر كه‌ڵوی نه‌مریدا

بڕ بڕه‌ی پشته‌ په‌یژه‌كانیان

گه‌رووی پڕ له‌ هاوار و بانگ هه‌ڵدانیان

په‌نگ ده‌خواته‌وه‌

وه‌ك لمـی ژێر باران ده‌خوسێته‌وه‌

قه‌یتانه‌كانیش بوونه‌ته‌ كــرم

له‌ ژێر لمـدا سه‌ر ده‌ردێنن

تا هه‌ناسه‌یه‌كی سه‌ر زه‌مین هه‌ڵمـژن و بگه‌ڕێنه‌وه‌

هه‌واڵـی كوردستانه‌كه‌یان

هه‌واڵی كورده‌ نا ته‌با و نه‌گونجاوه‌كه‌یان

بۆ ژێـر لـم بـه‌رنـه‌وه‌

             ( 11 )

ده‌كرێ و ده‌كارێ

مێژووی به‌ سه‌ر چووی ئێكسپایه‌ریش

تۆمار كرێ

سه‌رنجی مێژوونووسانی بۆ ڕاخرێ

به‌ڵام ئه‌ڤینێكی ڕاسته‌قینه‌

هه‌میشه‌ فرێشـه‌ و سه‌رابییه‌

وه‌ك چیڕۆكه‌كانی شه‌هره‌زاد بۆ شه‌هریار

ئێستاش له‌ گه‌ڵدا بــێ، هه‌ر زیندووه‌

دۆسیه‌كه‌ی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌ی دانه‌خستووه‌

             ( 12 )

له‌ چاوه‌ڕوانی كه‌سێكم، دێ یان نایـێ

نێو سه‌رم، گاڤێ زریان و باهۆزه‌

گاڤێ شـنه‌ بأیـێ

له‌ چاوه‌ڕوانی كه‌سێكم

ئه‌و كورسییه‌ به‌تاڵه‌ی به‌رامبه‌رم پڕ كاته‌وه‌

ئه‌و په‌رداخه‌ی به‌ سه‌ر مێزه‌وه‌یه‌

بۆی پڕ كه‌م و بیخواته‌وه‌

ئه‌و گوڵه‌ سووره‌ی قرتاندوومه‌

به‌ر له‌وه‌ی سیس بێت، پێشكه‌شی كه‌م

سه‌ره‌ ( سندوقی ڕه‌ش )ی نهێنییه‌كانی ناخم

 بۆی ئاواڵا كـــه‌م

پاساره‌ سپییه‌كانی مه‌راممی بۆ به‌ڕه‌لڵا كـه‌م

لێ . ئه‌وه‌ی جێ ده‌هێڵم له‌ دوای خۆم

مێزێـكی نامۆ و دوو كورسی مات و كز

دوو په‌رداخی به‌تاڵ

كه‌ڵواژ بوونه‌وه‌ی واده‌ و خه‌یاڵ

گوڵێـكی سیس بوو، خه‌ونێكی له‌ بار چوو

ئه‌ی بــۆ نه‌هـاتـــــــی ؟!!

   ن/ موحسین ئاواره‌  

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.