ئەمڕۆ یادی 34 ساڵەی حەیران بێژی بەناوبانگ و پێشمەرگە (حەسەن حەیران) ی كۆچكردوە، ئەو مرۆڤەی لەلایەك لە خەمی پێشخستنی لاوك و حەیران بوو لەلایەكی دیكە چەكی شەرەف و بەرگریی هەڵگرتبوو ببو بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلولی مەزن .
ئەو جۆرە یاد و بیرەوەریانەش كارێكی پێویست و لەبار و شیاوە بە تایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە هەموو لایەكمان دڵخۆش دەكات و ماندووبوونی خاوەن بەهرە گەشەكان دەحەسێنێتەوە.
حەیران بێژی كۆچكردوو حەسەن حەیران ناوێكی دیارە لە نێو دنیای لاوك و حەیرانی كوردی ڕەسەندا كە هەموو كەسێك بەو دەنگە زووڵاڵە ئاشنایە و هەموو كات و ساتێك لەگەڵیدا دەژی و تێكەڵ بە ناخی دەبێت و لەگەڵیدا دەروونی دەحەسێتەوە، چونكە زۆربەمان یادگاری زیندوومان لەگەڵ دەنگە حەزین و بەسۆزەكەیدا هەیە .
حەسەن حەیران ناوی تەواوی (حەسەن قادر خەلیل برایم گەورەیە ) و ساڵی 1937 لە گوندی (تەلەرخێمی گەورە) ی سەر بە مەڵبەندارییەتی گوێڕ چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە و لە دایك بوە، لە ژیاندا دوو جار پرۆسەی ئەنجامداوە ، ، ساڵی 1950 هاتۆتە شاری هەولێر و لە پێناو پەیداكردنی بژێوی ژیانی ماڵ و خێزانی بۆ ماوەی چەند ساڵێك بۆتە پاسەوانی شەوانە لە قشلەی گەورە ، ئەو حەیران بێژە لە تەمووزی ساڵی 1984 بە ڕووداوی ئۆتۆمبیل لە گەشتێكی نێوان هەردوو شاری نەغەدە و ڕەزاییەی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئێران كۆچی دوایی كرد .
كۆچكردوو شارەزاییەكی باشیشی لە ژەنینی شمشاڵ و نەی و دووزەلە و ئامێرە مۆسیقیە فوودارەكان هەبوە و لە زۆربەی بەرهەمەكانی خۆیدا لە پاڵ لاوك و حەیراندا هەر بۆ خۆشی ئەو ئامێرانەشی ژەنیوە و لە بابەتی حەیرانیشدا زۆر سوودی لە دەروێش (خەلیل قادر تەلەرخێمی) ی گوندەكەی خۆیان بینیوە ، تا ئێستاش چەندین لاوك و حەیرانی لەسەر كاسێت تۆمار كردوە ئەمڕۆ بە میرات بۆ ئێمە ماوەتەوە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.