Erbil 4°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 00:10

سەرۆک کۆمار لەبارەی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانەوە روونکردنەوە دەدات

سەرۆكایەتی كۆمار روونكردنەوەیەك لەبارەی دەركردنی مەرسومێكی كۆماری ده‌دات
کوردستان TV
100%

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق روونكردنەوەیەك لەبارەی دەركردنی مەرسومێكی كۆماریی بۆ خانەنشینكردنی سەرۆك و هەردوو جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی خولی سێ یەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاودەكاتەوە.

لە رونكردنەوەیەكدا كە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقەوە بلاوكراوەتەوەو تێیدا ئاماژە بەوەكراوە،  رۆژی چوارشەممە ١٨ی تەمووز، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكانی راگەیاندن باس و خواسیان لەسەر ئەوە بوە كە سەرۆك كۆمار، دكتۆر فوئاد مەعسوم قانونی ژمارە (١٣)ی ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی و مەرسومی كۆماریی تایبەت بە خانەنشینیكردنی ئەندامانی خولی سێ یەمی ئەنجومەنەكەی پەسەند كردوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەگەڵ رەچاوكردنی مادەی (8)ی ئەم قانونەدا بە مەرسومێكی كۆماریی سەرۆك و هەردو جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنەكە خانەنشین دەكرێن.

دەقی روونكردنەوەكە...
بە ناوی پەروەردگاری بەخشندەو میهرەبانەوە
رۆژی چوارشەممە ٢٠١٨/٧/١٩ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكانی راگەیاندن باس و خواسیان لەسەر ئەوە بوە كە بەڕێز سەرۆك كۆمار دكتۆر فوئاد مەعسوم قانونی ژمارە (١٣)ی ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی و مەرسومی كۆماریی تایبەت بە خانەنشینیكردنی ئەندامانی خولی سێ یەمی ئەنجومەنەكەی پەسەند كردوە، نوسینگەی راگەیاندن لەم بارەیەوە ئەم بەیانە رادەگەیەنێت:

١- مەرسومە كۆمارییەكە پشت بە حوكمەكانی مادەی (13/یەكەم) لە قانونی ئەنجومەنەكە دەرچوە كە ئاماژەیكردوە بۆ:

  "یەكەم - لەگەڵ رەچاوكردنی مادەی (8)ی ئەم قانونەدا بە مەرسومێكی كۆماریی سەرۆك و هەردو جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنەكە خانەنشین دەكرێن" بۆیە پێویستە لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار مەرسوم دەربكات وەك جێبەجێكردنێكی حوكمەكانی قانونی ئاماژە بۆ كراو.

٢- دەربارەی پەسەندكردنی قانونەكەی ئەنجومەنیش دەمانەوێت بەم شێوەیە رونی بكەینەوە:
- رێكەوتی ٢٠١٨/٣/٥ خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی دا بۆ پرۆژەی قانونی ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی كە كاری ئەندامانی ئەنجومەن رێكدەخات - حاڵەتی كۆتایی هاتنی پارلەمانتاریی - پسپۆڕییەكانی ئەنجومەن - تەشكیلات و راژەكانی ئەنجومەن -بودجەی ئەنجومەن، قانونەكە رەوانەی سەرۆكایەتیی كۆمار كراوە بۆ پەسەندكردنی بە پێی نوسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران بە ژمارە 1/9/3087 لە رۆژی 14/3/2018.

 - قانونەكە خراوەتە بەردەم بەڕێز سەرۆك كۆمار ئەویش لای خۆیەوە ناردویەتی بۆ فەرمانگەی قانونیی بۆ وردبینیی پیاچونەوەی،

دوای تاوتوێكردنی چەندین سەرپێچیی دەستوریی و قانونیی لە دەقەكەدا دەركەوت، سەرباری نەگونجاندنی لەگەڵ پرەنسیبە گشتییەكان لەوانە پرەنسیبی جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان، پرەنسیبی یەكسانیی لە ماف و ئەركەكاندا، لە ئەنجامدا بەڕێز سەرۆك كۆمار فەرمانی دا قانونەكە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ لابرنی ئەو سەرپێچییانە كە لە سەرنج و خوێندنەوەكاندا بە چڕیی بۆ ئەنجومەن یاداشت كرابو بە نوسراوی سەرۆكایەتیی كۆمار بە ژمارە م.ج/1/5/719 لە 25/3/2018.

 - بۆ جاری دوەم قانونەكە نێرایەوە بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار بە مەبەستی پەسەندكردنی بە پێ نوسراوی ئەنجومەنی نوێنەران بە ژمارە 1/9/5495 لە 7/6/2018، لە نوسراوەكەدا هاتوە كە هیچ سەرپێچییەكی دەستوریی یا قانونیی نییە، هاوكات ئەنجومەنەك ئیدعای كردوە كە دەقێكی دەستوریی نییە بەڕێز سەرۆك كۆمار سەرپشك بكات بۆ ناردنەوەی قانونەكان، لەوەشدا پشتیان بەستوە بە مادەی (73/سێیەم)ی دەستور و بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵیی، بەڕێز سەرۆك كۆمار ئامادە نەبو ئیمزای بكات بەهۆی سەرپێچیی دەستوریی لەقانونەكەدا، بەڵام قانونەكە بە تێپەڕبونی ئەو ماوە قانونییەكەی كە دانراوە بۆ كارپێكردنی، رەوانە كرا بۆ بڵاوكردنەوەی.

هاوكات دوپاتی دەكەینەوە كە سەرۆكایەتیی كۆمار كاری كردوە بۆ رەتكردنەوەی هەر قانونێك كە سەرپێچیی دەستوریی یا لادان و كەموكورتییەكی قانونیی تیادا بێت، و لای دادگا پسپۆڕ و پەیوەندیدارەكانیش تانەی لەو قانونانە داوە بەڵام ئێستاش ئەو رێوشوێن و هەنگاوانە ناكامن. بە مەبەستی رێگرتن لە دەركردنی ئەو قانونانەی كە دەستور پێشێل دەكەن و زیان لە سامان و دارایی گشتیی دەدەن و دەستوەرئەدەن لە ماف و ئازادییە گشتییەكان سەرۆكایەتیی كۆمار بە مافی نەگۆڕی خۆی دەزانێت رێگریی بكات لەو قانونانە رێ بگرێت لە دەركردنیان لەو پێناوەشدا هەمو رێوشوێنێكی دەستوریی دەگرێتە بەر.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.