Erbil -1°C دووشەممە 24 شوبات 23:34

بریاره‌ سبەی ده‌ست به‌ ژماردنه‌وه‌ى دەنگەکانی ھەولێر بکرێت

پارتی: پێشوازی لە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان دەکەین
کوردستان TV
100%

دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش دەڵێ، پێشوازی لە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان دەکەین و ئەنجامەکەیشیمان قبووڵە.

ھەڵبژاردنی ١٢ی مانگی ئایاری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق زۆرترین تانەی لێدرا و دادگا بڕیاری دا ھەموو ئەو سندووقانەی تانەیان لێدراوە بە دەست بژمێردرێن، بەڵام  زۆربەی بریکارەکانی لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی چاودێریی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکانیان بەجێ ھێشت. 

لەوبارەیەوە خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" بریکارەکانی پارتی بە ھیچ شێوەیەک چاودێریکردنی پڕۆسەی  ژماردنەوەی دەنگەکانیان لە سلێمانی بەجێ نەھێشتووە و فەرمان بۆ ھیچ نوێنەرێکی پارتی نەچووە تا کۆتایی بە چاودێریکردن بێنێت، لەبەر ئەوە، بریکارەکانی ئێمە بەردەوامن لەسەر ئەرکی خۆیان و بەوردی چاودێریی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەن."

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژادنەکانی پارتی ڕوونی کردەوە" ئەگەر بێت و ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆتایی بە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بێت، ئەوە بەیانی، ڕۆژی چوارشەممە، لە شاری ھەولێر دەست بە ژماردنەوەی دەنگی ٢١٤ سندووقی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دەکرێت، لە شاری دھۆکیش زیاتر لە ٣٣٠ سندووقی دەنگدان بەدەست دەژمێردرێن، ئێمە لەگەڵ بڕیاری دادگاداین بۆ ئەوەی لە ھەرشوێنێک تانە لەسەر سندووقی دەنگدان ھەبێت دوبارە بژمێردرێن ھەر ئەنجامێکیشی ھەبێـت  پارتی پەسەندی دەکات.

لەبارەی زیادکردنی دەنگی لایەنە ناڕازییەکانەوە، خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد" بینیمان لە کەرکووک دەنگی ئەو لایەنانە زیادی نەکرد، بزانین لە سلێمانیش چۆن دەبێت بەروارد بە ئەنجامی ئەلیکترۆنی."

لەبارەی زیادکردنی دەنگی پارتی بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، خەسرۆ گۆران دەڵێت" لەو ٣٣٠ سندووقەی بڕیارە لە دھۆک بژمێردرێن زیاتر لە ٢٠٠ سندووقی ھی ئاوارەکانی نەینەوایە، کە شنگال و دەوروبەری مووسڵە و لە بنەڕەتدا نەژمێردراون و ھیچ ئەنجامێکیان بۆ حیساب نەکراوە، لەبەر ئەوەش ئێمە ئومێدمان ھەیە لەگەل ژماردنیان دەنگی ئەو ٢٠٠ سندووقە زیاتر بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی بێت و بەوەش دەنگی پارتی لە سنووری نەینەوا زیاد دەبێت و پارتی چانسی بردنەوەی کۆرسییەکی دیکەی ھەیە لە مووسڵ."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.