Erbil -1°C دووشەممە 24 شوبات 23:35

حکوومەتی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە

لە هەرێم ڕێکاری توند لە دژی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەن
کوردستان TV
100%

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە و دەڵێت، چەند لیژنەی لاوەکی و هۆبەی لێکۆڵینەوە و دادوەری تایبەت دانراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ" بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کردەوە. ئەم ڕاپۆرتە جەختی خستووەتە سەر بابەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان، هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو شوێنانەی لەم ڕاپۆرتەدا باسی لەسەر کراوە. لەم ڕاپۆرتەدا چەندین تۆمەت دراوەتە پاڵ حکوومەتی هەرێم بەوەی کەمتەرخەمە بەرامبەر بە ژیانی مرۆڤەکان، یاسایەکی نییە و پەیڕەوی هیچ یاسایەک ناکات بۆ ڕێگری لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەدواداچوون و لێپێچینەوە بۆ هیچ تاوانێک، یان دەستدرێژییەک ناکات، ئەگەر قوربانییەکە پێداگر نەبێت و سکاڵا تۆمار نەکات، ژیانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم لە ژێڕ هەڕەشەی ئەوەدایە کە بازرگانییان پێوە بکرێت، لەشفرۆشییان پێ بکرێت و منداڵەکانیان ناچار بە سواڵکردن بکرێن، مافی کرێکارانی بیانی پارێزراو نییە، حکوومەتی هەرێم وەک پێویست خزمەتی ئەو کەسانەی نەکردووە بوونەتە قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بگرە هێزەکانی ئاسایش و بەرپرسانی هەندێک لە کەمپەکان خۆیان هاوکارن بۆ ئەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە بکرێت و .. هتد.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێم ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە دەردەچن سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بە هەند وەردەگرێت، بەتایبەتی ئەگەر ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکان بابەتی بن و ببنە هۆکاری بەدواداچوونی ورد بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا ڕوونکردنەوە و وەڵامی پێویستمان هەبووە و دەبێت بۆ ئەو تۆمەت، ڕەخنە، گلەیی و تێبینیانەی ئاراستەی هەرێم دەکرێن و بەدواداچوونی تەواو بۆ بابەتەکان دەکەین، بەڵام هەندێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی حکوومەت دەکرێن بێبنەمان و هیچ سەرچاوە و بەڵگەیەکی ئەوتۆ نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتەکان. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە حکوومەتی هەرێم یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ جێبەجێ ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ له‌ هه‌رێم یاسای ژماره‌ (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی سزاکانی عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ عێراقدا به‌ پێی یاسای بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ ژماره‌ ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ كاری پێ ده‌كرێت و ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە بکەن بە پێی یاسا لێکۆلینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێن". لە لایەکی ترەوە ئەو ئافرەت و منداڵانەی کە مەترسییان لەسەرە، بەتایبەتی لە ڕووی توندوتیژیی سێکسی و جێندرەی لە کەمپەکاندا بۆ هەڵسەنگاندنی کەیسەکانیان و چاودێریکردنیان و پێدانی خزمەتگوزاریی ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنەناو سەنتەری وەرگرتن لە کەمپەکان پاش حەواڵەکردنی کەیسەکان.

لە لایەکی ترەوە بە پێی فەرمانی وەزاری ژمارە (٩٣٨٦ لە ٣١/٥/٢٠١٦) لیژنەی لاوەکی پێک هێنراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی). هەروەها بڕیار دراوە لەسەر دانانی دادوەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە نووسراوی ئەنجومەنی دادوەری، ژمارە (١٧٤٨ لە ١٥/١٢/٢٠١٦)، بە پێی ئەو فەرمانە وەزارەتی ناوخۆ هۆبەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێک هێناوە.

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە کەمتەرخەمیی حکوومەت بۆ هاوکاری و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، دیندار زێباری گوتی: "دەشێت زۆریی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، خراپیی ڕەوشی ئابووری و بەردەوامی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها نەبوونی هاوکاریی دەرەکی هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی نەتوانین وەک پێویست خزمەتی قوربانیانی توندوتیژی و ئەو کەسانە بکەین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حکوومەتی هەرێم کاری جددی نەکردووە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. سەبارەت بە ڕەوشی ئافرەتان لە کەمپەکانی ئاوارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەکان چەند هەنگاوێکمان ناوە، لەوانە له‌ ڕێگاى پرۆتۆكۆلى بڕیارى (١٣٢٥) ڕووبەڕووى ئه‌و توندوتیژییانه‌ ده‌بینه‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌مپى ئاواره‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان ئەنجام دەدرێن. لێرەدا وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ ڕێگاى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان له‌ هه‌موو كه‌مپه‌كاندا بنكه‌یه‌كیان دامه‌زراندووه‌، بەڵام بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كان ده‌ژین مۆبایل تیمیان دامه‌زاندووه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ كاركردن و به‌دواداچووندان، هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌نته‌رێكى تایبه‌تمه‌ند به‌ پرسه‌كانى ئافره‌تان له‌ هه‌ندێك كه‌مپ به‌ هاوبه‌شیى ڕێكخراوه‌كان و حكوومه‌ت دامه‌زراون".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕێكارى هێنانی كرێكارى بیانی بۆ هه‌رێمى كوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان گوتی: "به ‌پێى ڕێنماییی ژماره‌ ٢ى ساڵى٢٠١٥ كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار ده‌رچووه‌، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك كرێكارى بیانى بهێنێت و كاری بۆ دابین بكات كۆمه‌ڵێك پابه‌ندبوونی له‌سه‌ره‌ و دەبێ بۆ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كرێكار پەیڕەویان بکات، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك پێشێلكاریی ڕێنماییه‌كان بكات ئه‌وا له ‌لایه‌ن لیژنه‌ى به‌دواداچوونى كێشه‌ى كرێكارى بیانی كه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكان هه‌یه‌ و دوو لیژنه‌ى باڵاش له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی هه‌یه‌ به‌دواداچوون ده‌كرێ و به‌ پێی یاسا لێپرسینه‌وه‌ ده‌كرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا ئێستا چه‌ندین كۆمپانیا كاریان ڕاگیراوه،‌ یاخود خراونەتە لیستی ڕه‌شه‌وه‌ له‌سه‌ر پێشێلكردنی مافى كرێكاران".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تێبینی و سەرنجیان هەبووە دەربارەی مامەڵەکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەران، بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و ڕێکخستنی کەمپەکانەوە، هەروەها هاوکاریی باندەکانی بازرگانی بە مرۆڤەوە بۆ دەستڕاگەشتن بە کەمپی ئاوارە و پەنابەران. زێباری ڕایگەیاند: "ناکرێت تۆمەتی لەم شێوەیە بدرێتە پاڵ هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی هەرێم ئەگەر هیچ بەڵگەیەکیان نەبێت، چونکە لە ڕابردوودا تۆمەتی هاوشێوە دراوەتە پاڵ هێزەکانی ئاسایش و پاش سەردانی کەمپەکان بۆمان دەرکەوتووە تۆمەتەکان گشتگیر بوون".

لە کۆتاییی قسەکانیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێگای نێتوۆرکی تایبەتی حکوومەتەوە دەستمان کردووە بە دواداچوون لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکرێن، پاشان لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا ڕوونکردنەوەی تەواو دەخەینە ڕوو."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.