سەرۆک بارزانی لە پێشوازی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی و شاندێكی یاوەری رایگەیاند، پێكهاتنی حكوومەتی داهاتووی عێراق پێویستە لەسەر بنەمای سێ پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بێت.
ڕۆژی چوارشەممە 4ـی 7ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڕائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق ڕوانگەی حزبەكەی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و هیوای ئەوەیشی خواست كە دوای دەرچوونی ئەنجامە فەرمییەكان هەموو لایەك بتوانن شەریك بن لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە كە حزبی شیوعیی عێراق خوازیاری بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو لایەكن لە حكوومەتی داهاتوو و ئەوەیشیان خستە ڕوو كە دەیانەوێ كە هاوپەیمانیی سائیرون هەڵوێستی ئیجابی لەمەڕ داواكاری و مافەكانی گەلی كوردستان هەبێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستی حزبی شیوعیی عێراق و جەختی لەوە كردەوە پێكهاتنی حكوومەتی داهاتووی عێراق پێویستە لەسەر بنەمای سێ پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بێت و هەروەها جێبەجێكردنی ئەو بنەمایانە پێویستی بە دیاریكردنی گەرەنتی و میكانیزمی ڕوون و هەروەها یەكلاییكردنەوەی هەموو وردەكارییەكانە، ئەوەیش پێویستە بەر لە دیاریكردنی ئەشخاس بۆ وەرگرتنی پۆستەكان ئەنجام بدرێت و هەروەها بەلای هەرێمی كوردستانەوە پڕەنسیپەكان و میكانیزمی جێبەجێكردن و هەبوونی گەرەنتی ئەولەوییەتی سەرەكییە نەك ئەشخاس و پۆستەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.