Erbil 5°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 23:51

ئه‌مڕۆ سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی ھه‌ولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما له‌ پایته‌خت ده‌ستپێده‌کات

له‌ ڕێگه‌ی لێژنه‌یه‌كی باڵا له‌ شانۆ ھه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ كراوه‌
کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌مه‌ 29/4/2018 كاتژمێر (5)ی ئێواره‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شانۆی ھه‌ولێر به‌ ھه‌ماھه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڕۆشنبیری و ھونه‌ری ھه‌ولێر له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی ھه‌ولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما له‌ ھه‌ولێری پایته‌خت ساز ده‌كات.

فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌ به‌شداریی ھه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی سلێمانی و ھه‌ولێر و كه‌ركووك و پیره‌مه‌گروون و ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین و ده‌ربه‌ندیخان و ھه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌ھید له‌ ڕۆژانی 29/4تا 2/5/2018 ساز ده‌كات، بڕیاریشه‌ شانۆگه‌رییه‌كان به‌ ئاماده‌بوونی ھونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب و له‌ نێو ھۆڵی شانۆ و په‌یمانگای ھونه‌ره‌ جوانه‌كان نمایش بكرێن.

(ھیوا سوعاد) به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی ھه‌ولێر و ھاوكات سه‌رپه‌رشتیاری فیسیڤاڵه‌كه‌ به‌ (ھه‌ولێر)ـی ڕاگه‌یاند: دیاره‌ ئه‌مساڵیش وه‌ك خوله‌كانی پێشووتری، ده‌توانێت كه‌شێكی ھونه‌ری له‌ پایته‌خت دروست بكات و شانۆكاران له‌و فیستیڤاڵه‌ دید و بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی شانۆ و كار و پڕۆژه‌ ھه‌نووكه‌ییه‌كان بخه‌نه‌ ڕوو، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی نمایشكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ ھونه‌رییانه‌وه‌ ده‌توانن سوود له‌ ئه‌زموونی ھونه‌رمه‌ندان وه‌ربگیرێت بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ و كاری نوێ.

هه‌روه‌ها گوتیشی: ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ له‌ ڕێگه‌ی لێژنه‌یه‌كی باڵا له‌ شانۆ ھه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ كراوه‌ و دواتر لێژنه‌كه‌ بڕیار له‌سه‌ر دیاریكردنی باشترین به‌رھه‌می شانۆیی ده‌دات و ڕێز له‌ كار و به‌رھه‌مه‌كانی ئه‌و ھونه‌رمه‌نده‌ به‌شداربووانه‌ ده‌گیرێت، كه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ به‌نمایشه‌ شانۆییه‌كانیان میوانی پایته‌خت ده‌بن.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیشدا (ھیوا سوعاد) گوتی: شانۆگه‌رییه‌كانی له‌ چه‌ند ڕۆژێك و كاتێكی جیاواز نمایش ده‌كرێن به‌پێی ئه‌و پڕۆگرامه‌ی كه‌ دیاری كراوه‌ و بینه‌ر ده‌توانێت چێژ له‌ به‌رھه‌مه‌ شانۆییه‌كان ببینێت و شانۆكارانیش ده‌توانن له‌وباره‌وه‌ گفتوگۆی چڕ له‌سه‌ر ئاستی نمایشه‌ شانۆییه‌كان بكه‌ن و به‌دیدی خۆیان ھه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راودێك بكه‌ن له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی ئاستی شانۆ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و به‌رھه‌مانه‌ی ئێستا نمایش ده‌كرێن به‌ خۆبه‌خشی ھاتوونه‌ته‌ به‌رھه‌م و ئه‌وه‌ش مانای سووربوونی ھونه‌رمه‌ندانی شانۆكار ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ھێشتا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ نابێت دڵی شانۆ له‌ لێدان بكه‌وێت.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

 

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.