Erbil 28°C شەممە 21 ئەیلوول 20:26

رێگه‌ به‌ حزبه‌ کوردییه‌کان نادرێت له‌ناحیه‌کانی سه‌ر به‌ خانه‌قین بانگه‌شه‌ بکه‌ن

10 رۆژ بەسەر دەستپێکردنى بانگەشەدا تێپەڕیووە
کوردستان TV
#7
100%

هێزە عێراقییەکان تا ئێستا رێگەیان بە حیزبە کوردییەکان نەداوە لە ناحیەکانى سەر بە قەزاى خانەقینى پارێزگاى دیالە بنکە دابنێن بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، ئەوەش لە کاتێکدایە 10 رۆژ بەسەر دەستپێکردنى بانگەشەدا تێپەڕیوە.

شێخ یەعقوب لهێبى، بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاندووه‌ تا ئێستا حیزبە کوردییەکان لەنێو جەلەولادا بانگەشەیان دەست پێنەکردووە، چونکە هێزەکانى حەشدى شەعبى ئاگاداریان کردونەتەوە كه‌ قبوڵ ناکەن بارەگا دابنێن.

گوتیشى: کاندیدێکى کورد دوو وێنەى لەجەلەولا دانابوو، دواى چەند کاتژمێرێک وێنەکانیان لێکردەوە.

بەپێى وتەى بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا کە عەرەبى سونەیە و لەلایەن کوردەوە پۆستەکەى پێدراوە، هێزە عێراقییەکان، کوردەکان چاوترسێن دەکەن تا نەچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و دواجار بیسەلمێنن کورد کەمینەیە لە ناحیەکە.

ئەو ناحیانەى سەر بە ناوچە کێشە لە سەرەکانى پارێزگاى دیالە کە تائێستا رێگە بە هێزە کوردییەکان نەدراوە بارەگاو بنکەى بانگەشەى تێدا دابنێن، بریتین لە ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیەو قەرەتەپە، بۆیە هێزە کوردییەکان لەناو قەزاى خانەقیندا بانگەشەیان چڕکردۆتەوە.

لە هەڵبژاردنى پێشوترى عێراقدا کاتێک زۆربەى ناوچە کێشەلەسەرەکانى دیالە لە ژێر کۆنترۆڵى کورددا بوو، لیستى کوردى دوو کورسى پەرلەمانى عێراقى بەدەست هێنا، بەڵام پێشبینى دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا کورد گەر بیهێنێت، تەنها یەک کورسى بەدەست دێنێت.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن و هاوكارى لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکارى لایه‌نێكى كوردى، پەلاماری شارى کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیاندا و دەستیان بە سەر ئه‌و ناوچانه‌دا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کردو نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌ندین دوكان و خانووى هاووڵاتیانى كوردیان له‌و ناوچانه‌ سووتاند.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.