فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدات و بە زووترین کات یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی دەربکرێت .
ئهمڕۆ دووشهممه لە پرێس کۆنفڕانسێکدا کە زۆرینەی ئەندامانی فڕاکسیۆنەکە ئامادەی بوون، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: بە مەترسی دەزانین یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی دەستیپێبکرێت، ئێستا هەست بە بوونی هەوڵێک بۆ موماتەڵەکردن بەو یاسایە دەکرێ .
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان لە دەرکردنی یاساکە جددین و ئاماژەی بەوە کرد: ”هەموو هەوڵمان دا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر پڕۆژەیاساکە.
ئومێد خۆشناو راشیگهیاند: تا ئێستا جددیەتێک لە تێپەڕاندنی یاساکە نابینین، بۆیە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەمان کە بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆک فڕاکسیۆنەکان و نوێنەرانی حکوومەت بکرێ، نەکرا، بۆیە دوو داوامان هەیە، یەکەم، بە فەرمی داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین کە سبەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە.
دووەمیش، یاداشتێکمان پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و داوامان کردووە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات، بۆ دەرکردنی یاساکە بە زووترین کات .ئومێد خۆشناو داوای کرد، یاساکە نەخرێتە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.