Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 21:21

تورکیا خۆشحاڵی خۆی به‌ بۆردوومانی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر سوریا ده‌ربڕی

یڵدرم: حه‌وت ساڵه‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د خه‌ڵك له‌ سووریا ده‌كوژێت
کوردستان TV
#12
100%


لەبارەی هێرشی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌ر رژێمی ئه‌سه‌د، سەرکۆماری تورکیا، بەر لە به‌شداری كردنی له‌ شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی لقی فاتحی پارته‌كه‌ی، گوتارێكی پێشكه‌ش گوتی: ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ به‌ راست ده‌زانین.

سه‌ركۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان لەبارەی هێرشی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌ر رژێمی ئه‌سه‌د لە سووریا، رایگه‌یاند: "ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ به‌ راست ده‌زانین".

گوتیشی: "ناگونجێت سازش بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ی به‌هۆی چه‌كی كیمیاییه‌وه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی تێكه‌وتووه‌. بكه‌ری ئه‌وه‌ هه‌ركه‌سێك بێت پێویسته‌ باجه‌كه‌ی بدات. به‌و شێوه‌یه‌ش بینیمان هه‌ڵكشانی هێرشی نامرۆڤانه‌ و نایاساییانه‌ی چه‌ند رۆژی دوایی رژێم بۆ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن بێ وه‌ڵام نامێنیته‌وه‌".

سه‌ركۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌ هێزی وڵاته‌كه‌ی كرد له‌ سووریا و رایگه‌یاند: "ته‌نیا هێز له‌ سووریادا كه‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی سه‌رله‌نوێ كردبێته‌وه‌ شوێنی ژیان، توركیایه‌".

هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان گوتی: ئێستا لێره‌وه‌ بانگه‌وازێك ئاراسته‌ی هه‌موو جیهان ده‌كه‌م: وه‌رن هه‌موو جۆره‌ چه‌كه‌ كۆكوژه‌كان به‌ كیمیایی و چه‌كه‌ رێگەپێنەدراوەکان و داهاتووی ئه‌و چه‌كانه‌ی ئێستا هه‌ن بخه‌ینه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. وه‌رن با دوابین قه‌یران كه‌ له‌ سووریا ده‌گوزه‌رێت بكه‌ینه‌ هۆكارێك كه‌ ئه‌و هه‌موو توانایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی به‌كاربهێنین، نه‌ك بۆ چه‌كی ئه‌تۆمیی نوێ و پرۆژه‌كانی پڕچه‌ككردنی چه‌كی رێگەپێنەدراو".
 
بینالی یڵدرم له‌باره‌ی هێرشی هاوبه‌شی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ ئامانجه‌كانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د رایگه‌یاند: "ئه‌مه‌ وه‌ك هه‌نگاوێكی باش ده‌نرخێنین، به‌ڵام ئاشتییه‌كی یه‌كجاره‌كی پێویستی به‌ كاری زیاتره‌".

یڵدرم سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا كه‌ حه‌وت ساڵه‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د خه‌ڵك له‌ سووریا ده‌كوژێت و گوتی: "چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر رژێمی دزێو له‌ سووریا به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمایی منداڵ و خه‌ڵكی بێتاوانی كوشت. له‌ناكاو ئه‌و وڵاتانه‌ی خۆیان به‌ ویژدانی جیهان ده‌زانن هاتنه‌ ده‌نگ. خۆ حه‌وت ساڵه‌ خه‌ڵك له‌ سووریا ده‌كوژرێت و ئه‌و دڕنده‌ییه‌ به‌رده‌وامه‌ (بۆ ده‌نگتان نییه‌)، یاخود ته‌نها كه‌ چه‌كی كیمیایی به‌كارهات مرۆڤایه‌تیتان بیرده‌كه‌وێته‌وه‌. تاكو ئه‌مڕۆ له‌ كوێ بوون؟".

یڵدرم تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆڵی توركیا كه‌ له‌ پاڵ پرسه‌ ناوخۆییه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ و گوتی: "دوێنێ له‌ پێناو قودس له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بووینه‌ ده‌نگی سته‌مدیده‌كان. چونكه‌ لای ئێمه‌ هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ له‌ نێوان منداڵێكی ئیستانبوڵ له‌گه‌ڵ منداڵێكی قودس، غوته‌ی رۆژهه‌ڵات و دوما. وه‌ك توركیا به‌رده‌وام ده‌بین له‌ داكۆكیكردن له‌ مافی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی كه‌سانی بێتاوان كه‌ له‌ ئاكامی هێرش به‌چه‌كی كیمیایی و چه‌كی ئاسایی گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتگیریكردنی هه‌ڵسوكه‌وتی ژیرانه‌ بۆ هێنانه‌دی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌".
 
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا خۆشحاڵە بە بۆردوومانه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر دیمه‌شق و پێشوازی لێدەکات، به‌كاردانه‌وه‌یه‌كی گونجاویشی ده‌زانێت.

به‌پێی راگه‌یێندراوێکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا  ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ئاسمانییه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریكا، به‌ریتانیا و فەره‌نساوه‌ له‌دژی رژێمی سووریا ئه‌نجامدرا، به‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی گونجاو ده‌زانین.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: توركیا هه‌رچه‌نده‌ به‌مدواییانه‌ له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران هاوپه‌یمان بوو، كه‌چى ئه‌مڕۆ به‌ په‌له‌ و به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌م دوو وڵاته‌ پاڵپشتى خۆى بۆ ئه‌و هێرشه‌ ده‌ربڕى، ئیبراهیم كاڵن گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى لێدانى رژێمى ئه‌سه‌دى به‌كارێكى شیاو زانى.

شه‌وى رابردوو له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا و به‌ریتانیا به‌ مووشه‌ك هێرش كرایه‌ سه‌ر سووریا، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆش، زۆر له‌ وڵاتانى هه‌رێمه‌كه‌ و دنیا هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ ده‌ربڕى.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.