ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ سەر سوریا "جەنایەتە".
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی وڵاتانی ئیسلامی ، هێرشی سەربازی بۆ سەر سووریا سەرکۆنە کرد و رایگەیاند ، لە سووریا تاوان ئەنجامدراوە.
ئاژەی بەوەشكرد، بە ڕاشكاوی دەڵێم كە سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی فەڕەنسا و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا جەنایەتكاران و جەنایەتیان كردووە، هیچ سوودێكیشیان دەست ناكەوێت هەر بەو جۆرە كە لە عێراق و ئەفغانستان هیچیان دەست نەكەوت.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی تا دوێنێ بە ئاشكرا و نەهێنی یارمەتی داعشیان دەدا ئێستا، پاگەندە دەكەن كە ئێمە بەرەنگاری داعش بووینەتەوە ئەمە درۆیە و ئەوان هیچ ڕۆڵێكیان نەبووە.
رێبەری ئێران جەختیکردەوە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی گرووپە بەرگریکارەکان دەمێنێتەوە و ئەمریکاش لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لە ناوچەکە 100% شکستدەهێنێت.
بەپـێی كۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ بۆردومانەكانی ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا چەند بنكەیەكی گاردی كۆماری و فیرقەی چوار و ناوەندێكی توێژینەوەی لەشكری لە ناوچەی بەرزە و چەند بنكەیەكی لەشكری لە ناو دیمەشقی پایتەخت و شوێنی لەشكری لە دەوروبەری هەردوو فڕۆكەخانەی دیمەشق و مەزە كراونەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەریەكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانیان بۆسەر بنكە كیمیاییەكانی رژێمی بەشار ئەسەد ئەنجامدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.