Erbil 30°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 10:34

ئەمریکا بەکارهێنانی هێرشی ئاسمانی دژبە حکومەتی سووریا بەدوور نازانێت

بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دووما
کوردستان TV
100%

وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەکارهێنانی هێرشی ئاسمانی دژ بە حکومەتی سووریا بەدوورنازانێت، ئەوەش لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا لە شاری دووما. 

پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ میری قەتەر لە پێنتاگۆن، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دووما، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شوێنەکانی دیکەش لە راوێژدایە. 

وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی "یەکەمین شت ئیدارەی ترەمپ لەسەری دەوەستێت ئەوەیە کە "بۆچی دەبێت چەکی کیمیایی لە سووریادا بەکاربهێندرێت.

رۆژی 7ی ئەم مانگە چەکی کیمیایی لە شاری دووما لە غوتەی رۆژهەڵات بەکارهێندرا، لە ئەنجامیشدا 150 کەس، كه‌ لەنێویاندا ژن و منداڵ هه‌بوون، گیانیان لەدەستدا.

دوای هێرشە کیمیاییەکە، دۆناڵد ترەمپ  هێرشی تووندی کردە سەر بەشار ئەسەد و بە ئاژەڵ" ناویبردو گوتیشی "دەبێ ئەسەدی ئاژەڵ باجی ئەو هێرشە بدات.

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمى سووریا لە ناوچەی دووماى رۆژهه‌لاتى غوته‌، کاردانەوەی توندى نێودەوڵەتیی لێکەوتەوەو سه‌ره‌تا ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو کارەی حکوومەتی سووریا باجی قورسی دەبێت.

به‌هۆى به‌كارهێنانى چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمى سووریا لە ناوچەی دووما 150 هاولاتى گیانیان لەدەست داوە و بە سەدانی دیکەش بریندار بوون.

دوای ئەم ڕووداوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشار ئەسەدی بە ئاژەڵ ناو بردو ڕووسیا و ئێرانیشی بە پاڵپشتی ڕژێمەکەی ئه‌سه‌د تۆمەتبار کرد و گوتیی" هێرشەکەی ئەمجارەی رژێمى سووریا باجی قورسی دەبێت. 

لە بەرانبەردا ڕووسیا لە ئەگەری هەر هێرشێک هۆشداریی دایە ئەمریکا و تورکیا ئیدانەی هێرشەکانی کرد و داوای کرد وەک هێرشەکەی "خان شیخۆن" جیهان لێی بێدەنگ نەبێت.

لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتیی ئەورووپا داوای هەڵوێستیی توندی نێودەوڵەتیی بەرانبەر بە حکوومەتی سووریای کردو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند" ئەسەد ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێڵ کردووە، بۆیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.

بەریتانیاش بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕووسیا وەک ساڵی ڕابردوو هەوڵی ڕێگریکردن لە لێکۆڵینەوەکان نەدات و کۆشکی سپی لەمبارەوە ڕای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی سەر دووما، لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆ بووەتەوە کە پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامێکی توندی حکوومەتی سووریا بدرێتەوە.

لە یەکەم کاردانەوە بەو هێرشە کیمیاییەی سەر ناوچەی دووما، شەوی ڕابردوو فڕۆکەخانەی سەربازیی تەیفوور لە "حمس"ی سووریا بۆردومان کرا و هەتا ئێستا دیار نییە لەلایەن کام وڵاتەوە بۆردومان کراوە و ئەمریكاش ئاشکرای کرد کە ئەوان ئەو فڕۆکەخانە سەربازیەیان بۆردومان نەکردووە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ کۆشکی ئێلیزێ، بڵاوی کردەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەسەر ئەوە ڕێک کەتوون کە حکوومەتی بەشار ئەسەد بە توندی سزا بدرێت.

هەردوولا لەو پیەوەندییەدا هێرشە کیمیاییەکەی حکوومەتی سووریایان بۆ سەر شارۆچکەی دووما لەو وڵاتە ئیدانە کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو هێرشانە پێشێلکاریی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤن و دەبێ لێکۆڵینەوەی جیدییان لەبارەوە بکرێت.

لە بەرانبەردا کۆشکی سپیش بڵاوی کردووەتەوە کە ترەمپ و ماکرۆن لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە ئەگەر ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ڕاست بن، ئەوا ئەسەد ڕووبەڕووی سزایەکی توند دەکەنەوە و هەردوولاش جەخت دەکەنەوە کەلە ئەنجومەنی ئاسایش لەمبارەوە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا دەکەن.

ڕۆژی شەممە لە ئەنجامی بۆردومانی کیمیایی حکوومەتی سووریا بۆ سەر ناوچەی دۆما زیاتر لە 150 هاووڵاتیی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، گیانیان لەدەست دا و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوو کۆبوونەوەی بەپەلە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەوشی سووریاوە ئەنجام دەدات.

کۆبوونەوەی یەکەم کاتژمێر 10ـی ئه‌مرۆ دووشەممە 9/4/2018 لەسەر پێشنیازی رووسیا ئەنجام دەدرێت و کۆبوونەوەی دووەمیش دوای ئەو کۆبوونەوەیە، ئەنجام دەرێت.

نێردەی تایبەتیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا تاوتوێی پرسی ”هەڕەشەی سەر ئاسایشی جیهانی“ دەکرێت، کە تایبەتە بە کاردانەوەکانی دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سووریا.

پێشتر نێردەی هەمیشەیی بەریتانیا رایگەیاندبوو، کە نۆ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنەکە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنیان کردووە، بۆ تاوتوێکرنی پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە.

سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە، بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی تەیفور لە پارێزگای حمس لە سووریا و دوای هێرشە مووشەکییەکەش، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل هێرشە مووشەکییەکەیان ئەنجام داوە.

سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.

دەنگۆی کیمیابارانکردنی دوما دوای ئەوە دێت، کە چەکدارانی گرووپی توندڕەوی جەیشول ئیسلامی ئۆپۆزیسیۆن، بە چەند مووشەکێک لە دوماوە گەڕەکەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقیان تۆپباران کرد، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە، نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام  رژێمی سووریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کۆکوژ لە دژی هاووڵاتییان، تۆمەتبار دەکات.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.