رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دەداتەوە لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان و، دەستگیرکردنی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە.
لەسەر خۆپیشاندانی رۆژی 25ی ئەم مانگەی مامۆستایان لە چەند شارێكی كوردستان كە تێیدا پێشێلكاری لەلایەن هێزەكانی تەناهی دژیان ئەنجام دراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان بكات.
لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوە كراوە ئەگەرچی خۆپێشاندانەكان مۆڵەتی یاسایییان نەبووە و هێزەكانی ئاسایش دركیان بەوە كردووە كە كەسانێك و چەند دەزگەیەكی راگەیاندن دەیانەوێ خۆپیشاندانەكان بە ئاقارێكی تردا ببەن دوور لە مەبەستی سەرەكی خۆپێشاندان، ئەگەرچی بە ئەركی خۆیان هەستان بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵی هاووڵاتییان و رێگەگرتن لە روودانی نەخوزراو و پشێوی و ئاژاوە لە كاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندانەكان، بەڵام حكوومەت لێكۆڵینەوە دژ بەو پێشێلكارییانە ئەنجام دەدات.
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە داوە كە لە هەرێمی كوردستان یاسای رێكخستنی خۆپێشاندان ژمارە "11"ی ساڵی 2010 هەیە، كە خۆپێشاندانەكان رێك دەخات و شێواز و كات و ئامانجی خۆپێشاندان بە وردی دیاری دەكات.
بەپێی ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێكی یاسایی و دەستوورییە لەلایەن هاووڵاتییانەوە پیادە بكرێت، بۆیە هەر خۆپێشاندانێك لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، پێویستە مۆڵەت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی. لە ماوەی ساڵانی رابردوو دەیان خۆپێشاندانی جیاجیا لە كوردستان ئەنجام دراوە لەلایەن قوتابییان و مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگە و تێیدا داوای مافی رەوای خۆیان كردووە. دەزگە پێوەندیدارەكانی حكوومەتیش ئەركی پاراستنی خۆپیشاندانەكانیان ئەنجام داوە، تەنانەت زۆر جار مافی داودەزگە و كارمەندانی هێزە تەناهییەكانیش پێشێل كراوە.
لەبارەی خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی مامۆستایانی هەولێر، دیندار زێباری دەڵێ، لەو خۆپێشاندانە چەند لایەنێكی سیاسی هەوڵیان داوە سوود لە داوا رەواكانی خەڵك بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپێشاندانی مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان، هەرچەندە كەسانێكی گێرەشێوێن خۆیان خزاندبووە ناو خۆپێشاندەران بۆ ئیستفزازكردنی لایەنە تەناهییەكان بە جنێودان و قسەی ناشیرین، تەنانەت ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنی سیاسی لە ناو خۆپیشاندەران ئامادە بوون و بە وشەی نەشیاو و هوتاف كێشان و بەرزكردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی خۆیان وەك نوێنەری مامۆستایان ناساند، بەڵام خۆپێشاندەران خۆیان رازی نەبوون بەم رەفتارانە و ئاگاداریان كردبوونەوە كە پێویستە لە پەرلەمان بەرگری لە خەڵك بكەن بەتایبەتی بە دەركردنی یاساكان، نەك لێرە هەوڵ بدەن ناڕەزایی خەڵك بۆ مەرامی سیاسی بقۆزنەوە. سەرەڕای ئەمەش دەزگە تەناهییەكان بە شێوەیەكی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ كردوون بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەكە لە مەبەستی سەرەكی خۆی دوور نەكەوێتەوە.
لەبارەی توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپێشاندەران و گرتنی ژمارەیەكیان لەلایەن دەزگەكانی ئاسایش، دیندار زێباری لە وەڵامی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەڵێ، ژمارەیەك لە خۆپێشاندەران لەلایەن دەزگە تەناهییەكانەوە گیراون و دراونەتە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی كە كاری تێكدەرانەیان ئەنجام داوە و خۆپێشاندانەكەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە، تەنانەت بەشێك لە خۆپێشاندەران هێرشیان كردووەتە سەر كارمەندێكی پۆلیس و بە چەقۆ برینداری كردووە، ئێستا ئەم كارمەندە سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەسە تۆمار كردووە، چونكە ئەو كەسەی كە هانی داوە بۆ لێدانی ئەو كارمەندەی پۆلیس سەر بە لایەنێكی سیاسی بووە و ئەوەی لێشی داوە سەر بە لایەنێكی سیاسیی تر بووە و ئەوانیش ناسراون، بەڵام تا ئێستە هیچ سكاڵایەك لەسەر هێزە تەناهییەكان تۆمار نەكراوە لەلایەن هیچ كەسێكەوە. لەلایەكی ترەوە هێزە تەناهییەكان و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم، ئامادەن بۆ لێكۆڵینەوە لە هەر پێشێلكارییەك كە بەرانبەر بە خۆپێشاندەران ئەنجام درابێت.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەیدا دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "بەپێى یاسای خۆپیشاندانی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بپارێزن لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان، رێگە بگرن لە هەر پشێوی و گێرەشێوێنییەک کە ببێتە هەڕەشە لەسەر گیان و سەر و ماڵی هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکومەت و موڵکی گشتی. لایەنە ئەمنییەکان هاریکار بوون سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانەی پێش ماوەیەک لە چەند ناوچەیەکی سلێمانی ئەنجامدرا، زەرەر و زیانێکى زۆریان بە موڵکی گشتى و دامودەزگاکانی حکومەت گەیاندووە، هەرچەندە هێزەکانی ئاسایش لەکاتی روودانی پشێویدا، مافی راگرتنی هاووڵاتیانی بەشداربووی خۆپیشاندانیان هەیە، تائەو کاتەی دۆسییەکەیان رەوانەی دادوەر دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.